جیهان

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەی ئاسایشی سنوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی. وێنە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا بە بەشداری ژمارەیەک وڵات لووتکەیەک بۆ رێگری لە کۆچبەران بەڕێوەدەبات. لەو لووتکەیەدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە بەرە بەرە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە زیاد دەکات و تووڕەیی خەڵکی وڵاتەکەش لەو پرسە زیاد دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئاداری 2025، لە بەریتانیا بە بەشداریی شاندی 40 وڵات لووتکەیەک بەناوی لووتکەی ئاسایشی سنوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی دەستیپێکرد. لووتکەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و چەند وڵاتێک لەسەر ئاستی وەزیر و بەشێکیشیان نوێنەریان بۆ لووتکەکە ناردووە، لەوانە عێراق، ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەکە لەبارەی کۆچبەران رایگەیاند، "ئەم بازرگانییە چەوتە کەلێنەکانی نێوان دامەزراوەکانمان دەقۆزێتەوە و سوود لەوە دەبینن کە لەسەر ئاستی سیاسیی (بۆ رێگری لێیان) یەکگرتوو نین". دەشڵێت، بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە کۆچی نایاسایی بکەن پێویستە زانیاری هەواڵگری لەنێوان حکومەتەکاندا بەشبکرێت.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە، ئامادە نین چاو لەو کەسانە بپۆشن، کە کۆچبەران بە نایاسایی دەبەنە وڵاتەکەی.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا یەکێک بوو لەو سەرکردە دیارانەی لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە بەشداری لووتکەکەی کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە لە پارتێکی راستڕۆی دژەکۆچبەرە، رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەلبانیا بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ ئەلبانیا بەرز نرخاند، ئەمە وەکو هەوڵێک بۆ بێهیواکردنی کۆچبەران لە مانەوە لە وڵاتەکەی. میلۆنی لە پەیامەکەیدا گوتی، ئەوانەی سەرەتا رەخنەیان لەو هەنگاوەی وڵاتەکەی دەگرت ئێستا دەیانەوێت هەمان هەنگاو بگرنەبەر.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنلاین
لەو لووتکەیەدا بەریتانیا دەیەوێت ئەو رێککەوتنە فراوان بکات، کە کانوونی یەکەمی رابردوو لەگەڵ بەلجیکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و هۆڵەندا بۆ رێگری لە کۆچبەران و قاچاخچییان واژۆیکرد.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، لە لووتکەکەدا باس لەو ئامێر، ژێرخان و بەڵگەنامە ساختانە دەکرێت، کە "باندە تاوانکارییە رێکخراوەکان" بۆ بەقاچاخبردنی خەڵک بەکاریدەهێنن. یەکێکیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری هەریەک لە کۆمپانیای مێتا، ئێکس و تیکتۆک ئامادە بوون.
نوێنەری ڤێتنام، عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە کە کۆچبەران پێیاندا دەچنە بەریتانیا ئامادە بوون. ئەمە جگە لە ئامادەبوونی ئینتەرپوڵ، یۆرۆپوڵ، ئەفریپوڵ.
حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەو مەبەستە لە فلیپین سیستمێکی ئاگادارکردنەوەی داناوە، کە خەڵک لە مەترسییەکانی کۆچ ئاگادار دەکاتەوە. هەروەها ئەوان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاووڵاتییانی ئەلبانیا و هەرێمی کوردستانیان لەو مەترسییانە ئاگادار کردوونەتەوە. ئەمە جگە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی چین بۆ ئەوەی رێگری لە هەناردەکردنی ماتۆڕی بەلەمی کۆچبەران و بەشەکانی دیکەیان بکات، بۆ ئەوەی کۆچبەران و قاچاخچییەکان نەتوانن لە کەناڵی ئینگلیزەوە بگەنە وڵاتەکەی.
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە تەمووزی پارەوە ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە وڵاتەکەی و ئاژانسە هاوپیشەکانیان لە وڵاتانی دیکە، دەستیان بەسەر 600 بەلەمی کۆچبەراندا گرتووە.
گوشاری نێوخۆیی
لە لووتکەکەدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە تەمووزی رابردووەوە کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست 24 هەزار پەناخوازیان ناردوونەتەوە، کە "هیچ مافێکیان" بۆ مانەوە لەو وڵاتەدا نەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو شەش هەزار و 600 کەس داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کرد، کە ئەمەش زۆرترین بووە لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا.
ستامەر گوشارێکی زۆری بۆ رێگری لە کۆچبەران لەسەرە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە رۆژ بە رۆژ بەهۆی سیاسەتە لاوازەکانی بۆ رێگری لە کۆچبەران، ژمارەی لایەنگرانی پارتی ریفۆرمی بەریتانیا، کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، لە زیادبووندایە.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، پارتی کاری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە 33.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام بە گوێرەی راپرسی میدیای وڵاتەکە، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت 24٪ی دەنگەکان دەبات. ئەمە لەکاتێکدایە پارتی ریفۆرم لە هەڵبژاردندا 14٪ی دەنگەکانی بردەوە، بەڵام ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێتەوە ئەوا 24٪ی دەنگەکان دەبات.
'زۆرترین تاوان لەلایەن پەنابەر و پەناخوازان دەکرێت'
یەکێک لەو هۆکارانەی هاووڵاتییانی بەریتانی لە پەنابەر، پەناخواز و کۆچبەران بێزار کردووە و دەیانەوێت دیپۆرتبکرێنەوە، "زۆربوونی رێژەی تاوانە".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 1.2٪ی بەریتانییەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکران. ئەمەش بەراورد بە نەتەوە و خەڵکی وڵاتانی دیکە کە پەنایان بۆ بەریتانیا بردووە زۆر کەمە.
بە گوێرەی ئاماری ئەو وەزارەتە، پار 21٪ی ئەلبانییەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکران کە زۆرترینە. هەروەها، 10.7٪ی ئەفغانییەکان و 9.3٪ی عێراقییەکانی بەریتانیا بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکراون. جەزائیری، مەغریبی و سۆماڵیش پلەکانی چوارەم تاوەکو شەشەمیان گرتووە.
خەرجیی کۆچبەران
کۆچبەران بوونەتە بڕبڕەی پشتی هێزی کاری بەریتانیا، بە گوێرەی ئاماری فەرمی، وڵاتەکە پێویستی بە 2.5 ملیۆن دەستی کارە. بە گوێرەی میدیای وڵاتەکەش، لە هەر پێنج کارمەند و کرێکارێکی بەریتانیا یەکێکیان پەنابەر یان پەناخوازە.
هەرچەندە کەسانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی دەستی کار لەو وڵاتە پێویستن کە دەکرێت کۆچبەران هاوکاربن، بەڵام ئەوان خەرجیەکی زۆر لەسەر حکومەتی بەریتانیا دەکەون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 5.82 ملیار دۆلاریان لە کۆچبەران خەرج کرد، ئەمە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری لە پێرار زیاترە.
وەزیرى نێوخۆى عێراق: پابەندین بە هاریکاریى نێودەوڵەتى بۆ بنەبڕکردنى تاوانى رێکخراو
عەبدولئەمیر شەممەرى، وەزیرى نێوخۆى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەى پابەندە بە هاریکاریى نێودەوڵەتى بۆ بنەبڕکردنى تاوانى رێکخراو و پابەندە بە پەرەپێدانى یاسا ئەمنییەکان.
وەزیرى نێوخۆى عێراق ئەم قسانەی لە لووتکەى ئاسایشى سنوورى و بنەبڕکردنى تاوانى رێکخراو کرد، کە ئەمڕۆ دووشەممە 31ى ئادارى 2025، لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا بەڕێوەچوو و سبەیش بەردەوامە.
وەزیرى نێوخۆى عێراق ئاماژەى بەو رێکارانە کرد، کە حکومەتەکەى گرتوونیەتەبەر بۆ بەهێزکردنى سنوور و بنەبڕکردنى بازرگانى بە مرۆڤ و کۆچبەری و تاوانى رێکخراو.
عەبدولئەمیر شەممەرى ئاماژەى بەوەدا کە عێراق پابەندە بە پەرەپێدانى یاسا ئەمنییەکان و هاریکاریى نێودەوڵەتى بۆ بنەبڕکردنى ئەو تاوانانە و پێویستە هاوئاهەنگى هەبێت لە نێوان وڵاتان بۆ پاراستنى سنوور و بنەبڕکردنى تاوانە سنووربڕەکان.
ئامارەکانی عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران
بە گوێرەی ماڵپەڕی حکومەتی بەریتانیا، ئەم ساڵ تاوەکو 29ی ئادار شەش هەزار و 642 کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا، پار هەمان ماوە چوار هەزار و 644 کۆچبەر چووبوون. بە گوێرەی ئامارەکە، ئاداری ئەم ساڵ چوار هەزار و 556 کۆچبەر، شوبات 958 کۆچبەر و کانوونی دووەمیش هەزار و 89 کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا.
هەروەها، کانوونی دووەمی پار، هەزار و 335 کۆچبەر، شوبات 920 کۆچبەر و ئاداریش دوو هەزار و 389 کۆچبەر چووبوون.
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، پار 36 هەزار و 816 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا پێرار 29 هەزار و 437 کۆچبەر چووبوون، واتا پار حەوت هەزار و 379 کۆچبەر زیاتر لە پێرار چوون.
بە گوێرەی ئامارەکە، ساڵی 2024 سێ هەزار و 380 کۆچبەری عێراقی چوونە ئەو وڵاتە، پێرار دوو هەزار و 536 کۆچبەر چووبوون. پار چوار هەزار و 158 کۆچبەری ئێرانی چوون بەڵام پێرار سێ هەزار و 582 کۆچبەر چووبوون. ساڵی 2024، چوار هەزار و 630 کۆچبەری سووری چوونە بەریتانیا لەکاتێکدا پێرار ژمارەکە دوو هەزار و 275 کۆچبەر بوو. هەروەها پار، هەزار و 911 هاووڵاتیی تورکیا چوونە بەریتانیا، بەڵام پێرار سێ هەزار و 58 کۆچبەر چووبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ