خۆپێشاندانی ئەرمەنەکان دژی باڵیۆزی تورکیا لە کالیفۆرنیا گرژیی تێکەوت

30-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
گرژی لە خۆپێشاندانی ئەرمەنەکان لەدژی باڵیۆزی تورکیا لە ئەمریکا
گرژی لە خۆپێشاندانی ئەرمەنەکان لەدژی باڵیۆزی تورکیا لە ئەمریکا
نیشانەکردن ئازەربایجان ئەرمینیا تورکیا
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، لە خۆپێشاندانی ئەرمەنەکان دژی باڵیۆزی تورکیای هاوپەیمانی ئازەربایجان، گرژی دروستبوو و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ناڕەزایی دەردەبڕێت. 
 
لەکاتی بەشداریکردنی حەسەن مورات مەرجان، باڵیۆزی تورکیا لە ئەمریکا لە کۆنفرانسێکدا لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا لە شاری لۆس ئەنجلس، کۆمەڵێک خۆپێشاندەری ئەرمەنی خۆپێشاندانیان لە دژی باڵیۆزەکە کرد و هەوڵیاندا بچنە نێو زانکۆکە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا. 
 
دواتر لەکاتی رۆیشتنی باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانەی تورکیا بۆ شوێنی کۆنفرانسەکە، چەند خۆپێشاندەرێک هێرشیان کردە سەریان. پاسەوانانی باڵیۆزەکە و پۆلیسی لۆس ئەنجلس ئەو خۆپێشاندەرانەیان دوورخستنەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا خۆپێشاندەرانی بە "ئەرمەنە تووندڕۆکان" وەسفکرد و گوتی "گێچەڵی زارەکی و جەستەییان" لەدژی باڵیۆزە تورکەکە کردووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (شەممە، 30-9-2023) گوتی "جێگەی نیگەرانییە کە زمانی رق و کینە لەلایەن گرووپە رەوەندە تووندڕۆکان گۆڕاوە بۆ کردەوەی تووندوتیژی، کە وڵاتەکەمان و ئازەربایجان و لەم دواییانەشدا حکومەتی ئەرمینیا و پڕۆسەی ئاشتیش لە ناوچەکە دەکەن ئامانج."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت "دەست بە رێکاری یاسایی پێویست دەکەین دژی ئەوانەی هێرشی جەستەییان کردە سەر شاندەکەمان."
 
زۆرترین رەوەندیی ئەرمەنی لە ئەمریکا، لە ویلایەتی کالیفۆرنیان. 
 
تورکیا هاوپەیمانێکی نزیکی ئازەربایجانە. لە هێرشەکانی ئازەربایجاندا بۆ سەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی زۆرینە ئەرمەننشین، ئەنقەرە پشتیوانیی لە باکۆ کرد.
 
قەرەباخ لە بنەڕەتدا و بە دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەشێکە لە خاکی ئازەربایجان، لە نەوەتەکانی سەتەی رابردوو، دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەرمەنە جوداخوازەکان دەستیان بەسەر هەرێمەکە و ژمارەیەک ناوچەی دەوروبەریدا گرت و کۆماری ئارتساخیان راگەیاند کە تەنیا ئەرمینیا دانی پێدانا. 
 
ساڵی 2020، ئازەربایجان لە شەڕێکی شەش هەفتەییدا، ژمارەیەک شاری گرنگی نێو و دەوروبەری هەرێمەکەی کۆنترۆڵکرد. 
 
19ـی ئەیلوول، جارێکی دیکە باکۆ "ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر"ـی بۆ سەر قەرەباخ راگەیاند، کە بە گوێرەی بەرپرسانی ئەرمینیا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 200 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 400ـی دیکە. 
 
بەرپرسانی قەرەباخ خۆیان بەدەستەوەدا و رێککەوتنی وەستاندنی شەڕیان لەگەڵ ئازەربایجان واژۆکرد و لە رۆژی ساڵی 2024ـەوە، کۆماری ئارتساخ هەڵدەوەشێتەوە و شارەکانی ئاوێتەی ئازەربایجان دەکرێن. 
 
کۆنترۆڵکردنەوەی هەرێمەکە لە لایەن ئازەربایجانەوە، نیگەرانیی ئەرمینیا و بەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە بارەی چارەنووسی ئەرەمەنەکان لێکەوتەوە کە پێش دوایین شەڕ، ژمارەیان 120 هەزار کەس بوو. 
 
ئەمڕۆ، 30ی ئەیلوو، یەریڤان رایگەیاند، 100 هەزار و 417 ئاوارەی قەرەباخ گەیشتوونەتە ئەرمینیا.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.