ئەمریکا و ئیسرائیل چییان لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەوێت؟

21-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران دوو گەڕی کۆبوونەوە و دانوستاندنیان کردووە. یەکێکیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان و ئەوی دیکەش لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا. بڕیارە گەڕی سێیەمیش لە عومان بێت. هەوڵەکە ئەوەیە دوو لایەنەکە بگەنە رێککەوتنێک لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
 
ئەمریکا دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی دروست ناکات، لە کاتێکدا تاران جەخت دەکاتەوە کە تاکە ئامانجی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئێران بە رێککەوتن بەرنامەکەی سنووردار نەکات، ئەوا بە هێرشی سەربازی، پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەنێودەبات.
 
لە ساڵی 2018 ترەمپ لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە کشایەوە کە لە ساڵی 2015 ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان واژۆی کردبوو و لێشاوێک سزای ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
 
لەبەرچی رێگە نادرێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت؟

 

ئێران دەڵێت، چاوی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە (IAEA) متمانەیان بەو قسەیە نییە.
 
گومانەکانی سەر ئێران ئەو کاتە دروستبوون کە لە ساڵی 2002 ئاشکرا بوو دامەزراوەی ئەتۆمیی نهێنی هەیە، کە ئەوە پێشێلکاری بوو دژی رێککەوتنی بڵاونەکردنەوەی ئەتۆمی (NPT)کە ئێران و نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان واژۆیان کردووە. 
 
بەپێی رێککەوتنی NPT وڵاتان دەتوانن تەنیا بۆ مەبەستی دەرمان، کارەبا و کشتوکاڵ سوود لە وزەی ئەتۆمی وەربگرن، نەوەک سەربازی. 
 
دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەکوێن؟
 
بەگوێرەی رێکخراوی IAEA ئێران ئەم دامەزراوانەی خوارەوەی هەیە:
 
- سێ ناوەندی توێژینەوە لە بۆناب، تاران و فۆردۆ.
 
- یەک بنکەی وزەی ئەتۆمی لە بوشەهر.
 
- دوو کانی ئەتۆم لە ساغەند و بەندەر عەباس.
 
- دوو کێڵگەی گۆڕینی یۆرانیۆم لە ئاراک و ئەسفە‌هان.
 
- یەک بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نەتەنز.
 
ئەوە ئەو دامەزراوانەن کە رێکخراوەکە پێیان دەزانێت و ئاگاداریانە.
 
نەخشەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. گرافیک: رووداو
 
پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران تا چەند پێشکەوتووە؟
 
لەو کاتەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە کە پێی دەگوترێت (JCPOA)، ئێران لە چەندین پابەندی و سنوور لایداوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ کشانەوەی ئەمریکا و سەپاندنەوەی سزاکان.
 
ئێران هەزاران سێنتریفویجی پێشکەوتووی داناوە. سێنتریفیوج ئەو ئامێرەیە کە یۆرانیۆمی پێ دەپیتێنرێت. سێنتریفیوجی پێشکەوتوو لە رێککەوتننامەی 2015 قەدەخەکرابوو.
 
دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە سێنتریفیوجی پێشکەوتووە تاوەکو ئەو ئامێرانە یۆرانیۆم بە رێژەی 90٪ بپیتێنێن، واتە 90٪ـی یۆرانیۆمەکە، لە جۆری تیشکدەری بەهێز بێت. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی 2015 ئێران دەبوو تەنیا 300 کیلۆگرام بە رێژەی 3.67٪ بپیتێنێت، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تەنیا بتوانێت بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە و مرۆیی بەکاریبهێنێت.
 
لە ئاداری 2025 واتە مانگی پێشوو، رێکخراوی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران نزیکەی 275 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60٪ پیتاندووە. 
 
ئەگەر ئێران ژمارەیەکی زیاتری سێنتریفیوجی پێشكەوتوو دابنێت، ئەوا دەتوانێت ئاستی پیتاندنەکە بەرزبکاتەوە و بیگەیێنێتە 90٪. ئەو کات یۆرانیۆمەکە بەشی دروستکردنی شەش بۆمبی ئەتۆمی دەکات. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا ترسیان لەوەیە ئێران پیتاندنەکە بگاتە 90٪، ئەو کاتە لە هەفتەیەکدا دەتوانێت بایی بۆمبێکی ئەتۆمی کەرەستە کۆبکاتەوە و دروستی بکات. لەلایەکی دیکەوە، چەند بەرپرسێکی دیکە دەڵێن، ئێران پێویستی بە 12 بۆ 18 مانگە بۆ ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات.
 
ئێران خاوەنی شەش هەزار و 201 کیلۆگرام یۆرانیۆمە کە بە رێژەی جیاجیا پیتێندراوە. 
 
ئێران چۆن دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم؟
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی هاوبەشی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISIS) و ناوەندی ستیمسن (Stimson)، ئێران دەتوانێت لە شەش مانگدا ببێتە خاوەنی چەکێکی ئەتۆمیی سەرەتایی، نەوەک پێشکەوتوو. 
 
چەکی ئەتۆمیی سەرەتایی بریتییە لە چەکێکی ئەتۆمی 40 بۆ 60 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 90٪ـی تێدا بێت. هەر وڵاتێک خاوەنی ئەو چەکە بێت، بە وڵاتێکی ئەتۆمی دادەنرێت و توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی هەیە، وەک ئەو چەکەیەکە کە ئەمریکا لە هیرۆشیما و ناگاساکی بەکاری هێنا. 
 
ئەو چەکە نزیکەی 200 هەزار کەس دەکوژێت و 1.3 کیلۆمەتر وێران دەکات.
 
چەکی ئەتۆمیی پێشکەوتوو جیاوازە کە زۆر پێشکەوتووە و چەکێکی هایدرۆجینییە و تەنیا پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیانە. 
 
چەکێکی لەم جۆرە بتەقێتەوە، سەدان هەزار یان لەوانەیە ملیۆنان کەس بکوژێت و کاریگەرییەکەی دەتوانێت دەیان کیلۆمەتر وێران بکات. 
 
چەکی پێشکەوتوو 31 هەزار و 667 جار لە چەکی سەرەتایی بەهێزترە.
 
ئێران چەند رۆژێکی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشی یەک بۆمب یۆرانیۆم بپیتێنێت. ئەوەی زەحمەتە ئەوەیە، دەبێت ئەو مادانە بۆ جۆرێک بگۆڕێت کە لە چەکەکەدا بەکاربهێندرێت، ئەم پڕۆسەیە پێی دەگوترێت (بەچەککردن – weaponization)، واتە ئەگەر ئەمە نەکات چەکەکە ناتەقێتەوە.
 
مێژووی رێککەوتن و پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران
 
ئایاری 2018: ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە.
 
ئایاری 2019: ئێران رایگەیاند دەکشێتەوە و ژمارەیەکی زۆری سێنتریفیوجی پێشکەوتووی لە بنکە ئەتۆمییەکانی جێگیرکرد.
 
ئەیلوولی 2019: ئێران دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە.
 
ئاداری 2020: رێکخراوی IAEA رایگەیاند ئێران ناهێڵێت دوو بنکە بپشنکندرێن.
 
تشرینی دووەمی 2020: جۆ بایدن هەڵبژاردنی بردەوە و بەڵێنی دا ئەمریکا بگەڕێتەوە رێککەوتنەکە.
 
تشرینی دووەمی 2020: بڕی یۆرانیۆمی کۆگەکراوی ئێران گەیشتە 2400 کیلۆگرام.
 
کانوونی دووەمی 2021: لە بنکەی فۆردۆ ئێران یۆرانیۆمی بە رێژەی 20٪ پیتاند.
 
نیسانی 2021: ئێران بە ئامێری پێشکەوتووتر توانی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیێنێتە 60٪. 
 
ئاداری 2021: بڕی یۆرانیۆمی کۆگەکراوی ئێران گەیشتە 3200 کیلۆگرام.
 
تشرینی دووەمی 2021: ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران لەگەڵ شەش وڵاتەکە دەست بە گفتوگۆی رێککەوتن کردەوە.
 
ئاداری 2022: ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رێککەوت کە هاوئاهەنگییان بکات.
 
ئاداری 2022: ئێران داوای کرد ئەمریکا سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت؛ ئەمریکا رەتی کردەوە و دانوستاندنی رێککەوتنی ئەتۆمی وەستا.
 
حوزەیرانی 2022: ئێران بڕیاری دا کەمتر رێگە بە پشکنینەکانی IEAE بدات.
 
تشرینی دووەمی 2022: لە بنکەی فۆردۆ یۆرانیۆم بە رێژەی 60٪ پیتێندرا و 2600 سێنتریفیوجی پێشکەوتووی جۆری IR-6 دانا.
 
ئەیلوولی 2023: ئێران رەتی کردەوە پشکنەرە ئەڵمانی و فەرەنسییەکانی رێکخراوی وزەی ئەتۆم بچنە وڵاتەکە و کار بکەن.
 
تشرینی دووەمی 2023: راپۆرت بڵاوبووەوە کە باسی لەوە دەکرد ئێران بایی 12 بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆمی سەرەتایی هەیە.
 
شوباتی 2024: بڵاوبووەوە کە ئێران 7400 سێنتریفیوجی پێشکەوتووی هەیە؛ کۆی گشتی ژمارەکە گەیشتە 14 هەزار و 600 دانە.
 
ئایاری 2024: بڕی یۆرانیۆمی کۆگەکراوی ئێران گەیشتە 6200 کیلۆگرام.
 
بۆچی ترەمپ لەو رێککەوتنە کشایەوە؟
 
لە ساڵی 2010 نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا سزای زۆریان بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی گومانیان بۆ دروستبوو کە ئێران خەریکی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمییە.
 
سزاکان بوونە هۆی ئەوەی ئێران نەتوانێت نەوت هەناردەی دەرەوە بکات و بیفرۆشێت، هەروەها بڕی 100 ملیار دۆلاری ئێران لە پارە و سامان لە دەرەوە سڕکرا. ئابووریی وڵاتەکە دەستی بە پاشەکشە کرد و بەهای دراوەکەشی زۆر دابەزی، ئەوەش وایکرد هەڵاوسان زۆر بەزر بێتەوە.
 
لە ساڵی 2015 ئێران هاوشانی ئەمریکا، چین، فەرەنسا، رووسیا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە دەوری یەک مێز کۆبوونەوە و واژۆیان لەسەر رێککەوتنی JCPOA کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵانێک گفتوگۆ و گەنگەشە کرا.
 
رێککەوتنەکە رێگەی لە ئێران گرت بەدڵی خۆی مامەڵە بە پرۆگرامەکەیەوە بکات، هەروەها رێگەشی بۆ IEAE خۆشکرد دەستی بە بنکە ئەتۆمییەکانی رابگات و بیانپشکێنێت. لە بەرامبەردا، وڵاتانی زلهێز رازی بوون بەوەی سزای سەر ئێران هەڵگرن. بڕیاربوو رێککەوتنەکە بۆ 15 ساڵ بێت و لە 2030 کۆتایی بێت.
 
دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی دووەمی 2017 بووە سەرۆکی ئەمریکا و لە 2018 بڕیاریدا ئەمریکا لەو رێککەوتنە بکشێتەوە. ترەمپ گوتی: "ئەمە رێککەوتنێکی خراپە، چونکە هەمیشەیی نییە و باس لە پرۆگرامی مووشەکی بالیستیی ئێران ناکات، ئەمە جگە لە شتەکانی دیکە."
 
ترەمپ بڕیاریدا سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" لەسەر ئێران جێبەجێبکات و سزای بدات، ئەوەش بۆ ئەوە بوو ئێران پەلکێش بکات تاوەکو واژۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێ و فراوانتردا بکات.
 
ئێستا ئەمریکا و ئێران چییان دەوێت؟
 
دوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2024دا، ترەمپ رایگەیاند، راستەوخۆ قسە لەگەڵ ئێران دەکات.
 
ترەمپ دەڵێت، رێککەوتنێکی باشتر لەوەی 2015ی دەوێ، بەڵام ئێران تاوەکو ئێستا رەتی دەکاتەوە هەموو شتێک لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکات.
 
مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت "هەموو پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڵبوەشێتەوە."
 
ئێران چاوی لەوەیە رێککەوتنێک بکات پرۆگرامەکەی سنووردار بکات، نەوەک هەڵوەشێنێتەوە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "نیازی ئێمە ئەوەیە بگەینە رێککەوتنێکی دادپەروەر و رێزلێگیراو."
 
لەولاوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، تاکە رێککەوتن کە پەسندبێت ئەوەیە ئێران پرۆگرامەکە هەڵوەشێنێتەوە.
 
نەتەنیاهوو دەڵێت: "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو رێگەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە کارکردن رێگەی سەربازییەوە. هەر رێککەوتنێکی پەسند، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیان لەنێوبرد یان بردیانە دەرەوە."
 
نەتەنیاهوو گوتی: "دەچین، وێستگەکان دەتەقێنینەوە و سەرجەم کەلوپەلەکانیش لەنێودەبەین، ئەوەش بە چاودێریی ئەمریکا و بە جێبەجێکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، ئەمە سیناریۆ گونجاوەکەیە. بژاردەی دووەم کە خوازیاری نین ئەوەیە گفتوگۆکان درێژەبکێشن و هیچ بەرهەمیان نەبێت؛ ئەو کات بژاردەی سەربازی بە تاکە بژاردە دەمێنێتەوە."
 
گەورەترین ترسی ئیسرائیل ئەوەیە ئەمریکا بە رێککەوتنێک رازی بێت کە تێیدا ئێران بەتەواوی خۆی رادەست نەکات، سەرەڕای ئەوەش ترەمپ ئەوەی پێ سەرکەوتن و دەستکەوت بێت.
 
ئیسرائیل رێککەوتنی NPT واژۆ نەکردووە، دەگوترێت کە چەکی ئەتۆمی هەیە، بەڵام نە پشتڕاستی دەکاتەوە و نە رەتیشی دەکاتەوە. ئیسرائیل پێیوایە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، مافی ئیسرائیل پێشێل دەکات و دەبێتە هەڕەشە بۆسەری.
 
ئەگەری ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش بکەنە سەر ئێران؟
 
ئیسرائیل و ئەمریکا هێندە توانای سەربازییان هەیە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەنە ئامانج، بەڵام ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە مەترسیدار و ئاڵۆزە، نادڵنیاییش دروستدەبێت.
 
باس لەوە دەکرێت دامەزراوە زۆر گرنگ و گەورەکانی ئەتۆمی ئێران لەژێر زەوین، ئەمەش واتە تەنیا مووشەکی حەشارشکێن دەتوانن بگاتە ئەوێ، کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیانە. 
 
ئێران لە وەڵامدا دەکرێت هێرشبکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بە مووشەک؛ ساڵی رابردووش دووجار ئەوە روویدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، دووکەڵ لە نزیک دیمەشق بەرزدەبێتەوە. وێنە: AFP

وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو: ئامادەین هاوکاربین لە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی سووریا

وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، بارودۆخی سووریا ناسەقامگیرە و ئاڵنگارییەکی زۆر لەو وڵاتەدا هەیە. دەشڵێت، ئامادەن هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانیان و پێشکێشکردنی هاوکاریی زیاتری مرۆیی بە دیمەشق.