رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکەکانی بۆینس ئایرسەوە بۆ لووتکەی دەسەڵاتی رووحی لە ڤاتیکان؛ پاپا فرانسیس، پیاوێک بە شێوازی ژیان و بۆچوونەکانی، نەریتەکانی پاپایەتی شکاند. یەکەم پاپا بوو لە جیهان، بە سادەییەکەی، حەزە کەسییەکانی وەک سەمای تانگۆ و، هەڵوێستە بوێرانەکانی لەبارەی زانست، مافی مرۆڤ و ئایینەکانی دیکە، خۆی لە پاپاکانی پێشوو جیاکردەوە.
چیرۆکی ژیانی پاپا فرانسیس، تێکەڵەیەکە لە خزمەتی ئایینی، چالاکی کۆمەڵایەتی و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەردەم. بە سادەیی، نزیکی لە خەڵک، هەڵوێستە چاوەڕواننەکراوەکانی بەرامبەر پرسە هەستیارەکان و جەختکردنەوەی لەسەر دیالۆگی نێوان ئایینەکان، بووە کەسایەتییەکی کاریگەر و هەندێکجاریش مشتومڕاوی لەسەر ئاستی جیهان.
پاپا فرانسیس، 266ەمین پاپای ڤاتیکان، رۆژی 03-03-2013، پاش ئەوەی پاپا بێنێدیکتی شانزەهەم بەهۆی بەساڵاچوونی و لاوازیی جەستەیی، دەستی لە کار کێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی کاردیناڵەکانی کەنیسەی کاسۆلیک، لە کەنیسەی سیستیەنی ڤاتیکان بە رێبەری پایتەختی کاسۆلیکەکانی جیهان هەڵبژێردرا.
پاپا فرانسیسی یەکەم ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ- یە، لە شاری بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین لەدایکبووە.
خۆرخێ ماریۆ لە خێزانێکی بە رەچەڵەک ئیتاڵی لەدایکبووە، کە لە کۆنەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەرجەنتین، بەڵام بە یەکەم پاپای خەڵکی کیشوەری ئەمریکا و، لەدوای گریگۆریی سێیەم کە لەدایکبووی سووریا بوو، بە دووەم پاپای نائەورووپی و هەروەها یەکەم ئەندامی کۆمەڵەی یەسووعی هەژمار دەکرێ، کە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ئەو پلەیە لە کەنیسەی کاسۆلیکدا.
خۆرخێ ماریۆ یەکەم بڕوانامەی زانستیی خۆی لە بواری کیمیا لە زانکۆی بۆینس ئایرس وەرگرت و دواتر دەستی بە خوێندن لە بواری زانستە ئایینییەکان کرد.
لە مارسی 1958، بووە ئەندامی کۆمەڵەی یەسووعی، کە بە سەربازان و هێزی پیادەی مەسیح دەناسرێن. دواتر بەکالۆریۆسی لە بواری فەلسەفە وەرگرت و لە زانکۆکانی سانتافێ و سلڤادۆر دەستی بە گوتنەوەی وانەکانی ئەدەبیات و دەروونناسی کرد.
ساڵی 1967 خوێندنی ئیلاهییاتی تەواوکرد و لەلایەن مەتران رامۆن خۆزە کاستلانۆ- وە بە قەشە دەستنیشان کرا. پاشان بۆ توێژینەوە و پێشکێشکردنی تێزی دۆکتۆراکەی لە بواری ئیلاهیات و فەلسەفە چووە خوێندنگەی یۆرگن لە ئەڵمانیا و پاش گەڕانەوەی بۆ ئەرجەنتین نازناوی رێبەری رووحانیی پێدرا.
ساڵی 1992 وەک یاریدەدری مەترانی بۆینس ئایرس دەستنیشانکرا. 6 ساڵ دواتر لە 28ـی شوباتی 1998، بووە مەتران و بەرپرسی کەنیسەی کاسۆلیکی رۆژهەڵات لە ئەرجەنتین. لە 2002 وەک کاردیناڵ هەڵبژێردرا و دواتریش لە 03-03-2013، بووە پاپا و نازناوی فرەنسیسی بۆ خۆی هەڵبژارد، ئەویش بەهۆی خۆشەویستی و هۆگریی بۆ قەدیس فرەنسیس ئاسیزیی ئیتاڵی، کە لە سەدەی سێزدەیەمی زایینی دەژیا و بە پشتیوانیی گەورەی هەژاران بەنێوبانگ بوو.
حەزی لە سەمای تانگۆ بوو
پاپا فرانسیس تەنیا بە یەک سی هەناسەی دەدا، لە کاتی منداڵی بەهۆی نەخۆشییەکی هەوکردن، یەکێک لە سییەکانی لەدەستداوە.
زمانەکانی ئیتاڵی، ئیسپانی و ئەڵمانی بەباشی دەزانی و شارەزایی لە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی و پۆرتوگالیش هەبوو. حەزی لە سەمای تانگۆ بووە کە سەمایەکی نەریتی و رەسەنی ئەرجەنتینە و خۆی دەڵێت، لە گەنجیدا بەباشی سەمای تانگۆی کردووە. هەروەها ئەندامی ناوەندی هەوادارانی یانەی تۆپی پێی سەن لۆرێنزۆ بوو.
پاپا فرانسیس لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی ئەرجەنتین ژیاوە، سەردەمێک کە پێیدەگوترێت سەردەمی شەڕی قێزەون. لەو سەردەمەدا هەزاران کەس بێسەروشوێنکراون، ئەو کاتەی بە قسەی خۆی هەندێکجار یارمەتی کەسانێکی داوە لە دەستی سوپای ئەو وڵاتە هەڵبێن. کاتێک بە ئۆتۆمبێل خەڵکی لە بن بەتانییەکەوە شاردووەتەوە و بە بازگەکانی پشکنیندا دەربازی کردوون.
سەربازی خودا
لە ئەرجەنتین، پاپا فرانسیس سەرۆکی گرووپێک بووە بەناوی جێسویت، واتە سەربازانی خودا. ئەو گرووپەش بەشێکە لە دامەزراوەی ڤاتیکان و لە سەدەی شازدە دامەزراوە. هەرکەسێک کە دەبێتە ئەندامی ئەو گرووپە سوێند دەخوات ئامادەبێت بەرگەی هەژاری و ترس بگرێت و داوێنپاک بێت، گرنگیش نییە لە کوێ و کەی پێویستیان پێیەتی.
پاپا فرانسیس ماوەی 76 ساڵ لە ئەرجەنتین ژیاوە، پاش ئەوە روویکردووەتە ڤاتیکان و پێشتر گوتبووی، تاوەکو کۆتایی ژیانی هەر لە ڤاتیکان و وەک پاپا دەمێنێتەوە.
لەبارەی ئەرجەنتینیش گوتبووی، بیری ناکات، بەڵام خەمبارە کە دۆخی ئابووری لە وڵاتەکەی لێوانلیوە لە قەیران.
حەزی لە ژیانی شاهانە نەبوو
پاپا فرانسیس، کە پێش بوونی بە پاپا و دوای وەرگرتنی ئەو پۆستەش بە کەسایەتییەکی چالاک و پشتیوانێکی مافەکانی مرۆڤ، مافی ژنان و ژینگە بەنێوبانگ بووە، بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە، لەوانە کەمتر لەوانەی پێش خۆی گرنگی بە تەشریفات و باق و بریق لە کاروباری پەیوەندیدار بە پاپا دەدات. بۆ نموونە ئەو شەوەی کە وەک پاپا دەستنیشان کرا، ئامادە نەبوو بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی پاپا بگەڕێتەوە بۆ هوتێل و هەر بە پاس لەگەڵ کاردیناڵەکان گەڕایەوە.
ماوەی سەدەیەکە هەر کەس بووەتە پاپای ڤاتیکان خاوەنی کۆشک و شوێنی مانەوەی تایبەتە، بەڵام پاپا فرانسیس هەر زوو پشتی لە کۆشک کرد و لە کاروانسەرایەک دەمایەوە.
هەروەها بە پێچەوانەی زۆربەی رێبەران و رەوتە ئایینییەکان، بڕوای وابوو بیردۆزی بینگ بەنگ یان تەقینەوە گەورەکە کە باسی دروستبوونی گەردوون دەکات و بیردۆزی پەرەسەندنی چارلز داروین، پێچەوانەی پەروەردە ئایینییەکان نین و دەشڵێ نابێ خودا بە ساحیرێک بزانین، کە بە گۆچانێکی جادوویی دەتوانێت هەموو شتێک بکات.
پاپا فرانسیس لەبارەی مەرگ و ژیان پێشتر گوتبووی، بیر لە مردن دەکاتەوە، بەڵام لە مردن ناترسێت. بۆیە سەرەڕای ئەو مەترسییانەی لەسەر ژیانی دروست ببوون، سەردانی عێراقی کرد.
دژی هاوڕەگەزخوازان نییە
پاپا فرانسیس هەروەها بەڕوانگە جیاوازەکانی بەتایبەت بەرامبەر مافی هاوڕەگەزخوازەکان بووەتە مایەی سەرسووڕمانی هەموو جیهان بۆ نموونە پێشتر گوتوویەتی دەبێت کەنیسە داوای لێبووردن لە هاورەگەزخوازان بکات، وەک لەوەی بڕیاریان لەسەر بدات.
ئەو تەنانەت لە کاتی سەردانی بۆ بۆلیڤیا داوای گەڵای کۆکای کرد بۆ جووین، کۆکا هەمان ئەو رووەکەیە کە کۆکایینی لێ بەرهەم دێت و لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان، بە ماددەیەکی نایاسایی ناسێندراوە. هەر لەبەر ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە و هەڵوێستە دژەباوەکانی، هەندێ کەس بە هیپی-ترین رێبەری ئایینیی جیهان و لیبراڵترین پاپای مێژوو ناوی دەبەن.
یەکێکی دیکە لە بۆچوونەکانی کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە ئەوە بوو کە لە 2013 رایگەیاندبوو هەر کەس لاپەڕەی ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر فۆڵۆ بکات، ماوەی مانەوەی لە بەرزەخ واتە لە گۆڕەوە تاوەکو قیامەت، کەمتر دەبێت.
لە هەڵوێستێکی دیکەیدا لە ساڵی 2016 و لە سەردانێکی سێ رۆژەیدا بۆ یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی ئەرمەن لە سەردەمی تورکیای عوسمانیدا بەشداریی کرد و وەک یەکەم پاپا لە مێژوودا ئەو رووداوەی بە جینۆساید ناوبرد.
بۆ یەکەمجاریش لە کەنیسەی کاسۆلیکدا ئەو یاسایەی کەنیسەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی بە ژنان نەدەدا رێوڕەسمەکانی کەنیسە بەڕێوەببەن و لە میحرابدا خزمەت بکەن، بەڵام ئەویش لەسەر هەمان بۆچوون بوو کە دەڵێ پلەی قەشەیی پلەیەکی پیاوانەیە.
پاپا و سکانداڵی سێکسیی قەشەکان
لەو کاتەوەی بووە پاپا، کەنیسەی کاسۆلیک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتە ژێر گوشاری سکانداڵی تووندوتیژیی سێکسی. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە لایەن کەنیسە و دامەزراوەی سەربەخۆش کراون، کەنیسە بەردەوام تاوانی سێکسی قەشە و مەترانەکانی پەردەپەپۆش کردووە.
لە فەرەنسا بە نموونە، گومان دەکرێت لە ماوەی 70 ساڵدا، بەرپرسانی کەنیسە تاوانی سێکسییان لە دژی 10 هەزار منداڵ کردبێت.
بە بڕیاری پاپا فرانسیس و لە ژێر گوشاردا، ڤاتیکان یاسایەکی دەرکرد کە بەرپرسانی کەنیسە پابەند دەکات کە سەرووی خۆیان لە هەر کەیسێکی سێکسی ئاگادار بکەنەوە، بەڵام یاساکە کەنیسە ناچار ناکات حکومەت لەو تاوانانە ئاگادار بکەنەوە.
هەرچەندە، پاپا فرانسیس دەڵێت منداڵبازی لەنێو کەنیسەدا شوێنی نییە، هەندێک لە قوربانییەکان باوەڕیان وایە ڤاتیکان ئامادە نەبووە گەورە قەشەکان سزا بدات. هەربۆیە لەکاتی سەردانی پاپا بۆ پۆڵەندا، هەندێک لە قوربانییەکان خۆپێشاندانیان کرد.
پاپا فرانسیس بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلامیش باشترە و پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکات، هەمیشە خۆی بە هاوڕێ و برای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان نیشان داوە و رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی ئایینەکانی دیکە بە پێویستییەکی گرنگ دەزانێ لەپێناو برەوپێدانی ئاشتی و مەعنەوییەت لە جیهاندا.
پێشتر لە ساڵی 2014 پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە و چووەتە ئوردن و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دواتر لە بەیت لەحم چاوی بە رێبەرانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کەوت.
لە 2017 چووەتە میسر و لە 2019 سەردانی ئیماڕاتی عەرەبیی کردووە و لە ئەبووزەبی لە دیداری لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر بەڵگەنامەیەکی مێژووییان واژۆ کرد بە ناوی برایەتیی مرۆڤانە. هەر بەو بۆنەوە لە ساڵی دوای ئەو دیدارەوە رۆژی 4ی شوبات، وەک رۆژێکی جیهانی بە ناوی رۆژی برایەتیی مرۆڤانە لە رۆژمێری جیهاندا تۆمارکرا.
پاپا فرانسیس بووە یەکەم پاپا سەردانی عێراقی کردبێت. ئەو دەڵێت، پێشتر عێراقییەکان چاوەڕێی پاپا جۆن پۆلی دووەم بوون، بەڵام ئەو کاتە وەها سەردانێک رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێت پەیامی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی عێراق بهێنێت.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، ئەمڕۆ دووشەممە، 21-04-2025، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ