ترەمپ لە 100 رۆژدا، پێگەی رووسیای بەهێز و ئۆکراینای لاواز کرد

21-04-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا، ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی لە  24 کاژێردا کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا بهێنێت، بەڵام دوای سێ مانگ هێشتا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەرکردنیشی نییە.
 
لە بەرامبەردا ترەمپ لەو ماوەیەدا کەناڵی پەیوەندیکردنی لەگەڵ پوتین دامەزراندەوە، بەڵام بەرەی رەخنەکانی بەرامبەر ئۆکراینا کردەوە، بەو جۆرەش لە چارەکی یەکەمی دەسەڵاتی ترەمپ، پێگەی مۆسکۆ لەسەر حیسابی لاوازکردنی کیێڤ، بەهێزکرا.
 
سەرسامی پوتین و دژە زێلینیسکی
 
لە 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ترەمپ لە دەسەڵاتە و لەو کاتەوە گەشتی گەردوونی نێردە دیپلۆماسییە تایبەتەکانی لە رێگەی واشنتن-مۆسکۆ بوون.
 
ستیڤ ویتکۆف، کە نێردەی تایبەتی خودی ترەمپە بۆ ئەرک و کارە زۆر نهێنی و تایبەتەکانی، چەند جارێک لەگەڵ پوتین کۆبووەتەوە. لە میدیای وڵاتەکەیدا چەندین جار ئەرێنییانە باسی پوتینی کردووە نەشیشاردووەتەوە کە ترەمپ هێشتا بە "زیرەکی و تواناکانی" سەرسامە.
 
بەڵام هاوکات راشکاوانە بە دەنگ و زمان سڵی نەکردووە لەوەی لێدوانی تووند دژ بە زێلینیسکی بدات؛ ئەوە سەرباری کۆبوونەوە ئاگرینەکەی رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵی نێو کۆشکی سپی و دەمەقاڵەی ترەمپ و ڤانسی جێگری لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، کە دواجار بە چوونە دەرەوەی زێلینیسکی و هەڵوەشاندنەوەی کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانی چاوەڕێکراو و خوانی نیوەڕۆ، کۆتایی هات.
 
24 کاژێر یان 24 هەفتە؟
 
ئانا کلیشکینا، کچە وێنەگری تەمەن 29 ساڵی ئۆکراینا دەڵێت: "لەگەڵ هاتنەوەی ترەمپ، گوشارەکانی سەر ئۆکراینا زیاترکران و دەستی رووسیا واڵاترکرا، بە جۆرێک کە رووسیا توانی بەشی زۆری کۆرسک کۆنترۆڵ بکاتەوە و کارتی سازشی دەستی کیێڤ-یش بەسەرچوو."
 
ئەو کچە ئۆکراینییە دانیشتووی شاری سوومییە،  کە دەکاتە ئەمدیوی سنووری شاری کۆرسکی رووسیا، ئەو شارەی کە ئۆکراینا لە 6ی ئابی پار لە هێرشێكی پێچەوانەدا بەشی زۆری کۆنترۆڵ کرد؛ کیێڤ بە نیاز بوو کۆرسک وەک کارتی گوشار بەکاربهێنێت تاوەکو لە بەرامبەر کشانەوەی رووسیا لە ئۆکراینا بەکاریبهێنێت.
 
کلیشکینا دەڵێت: "لە سەردەمی بایدن دۆخی شاری سوومی نزیک لە رووسیا باشترە وەک لە ئێستا".
 
تیموفی میلوفانوڤ، راگری کۆلێژی ئابووری لە کیێڤ دەڵێت: "راستییەکەی ئەوەیە بەڵێنەکەی ترەمپ تەنیا مرەکەبی سەر کاخەز دەرچوو، ئەو بەڵێنی 24 کاژێری دا، بەڵام راستییەکەی گومان هەیە بە 24 هەفتەش بتوانێت ئەو  کارە بکات، کێشەکە  لە ترەمپدا نییە بەڵکو لە پوتینە."
 
ئاشتی ونبوو و تووڕەبوونی ترەمپ
 
هێشتا رێگەی ئاشتی دوورە؛ پوتین دەستپێشخەرییەکی کۆشکی سپی رەتکردەوە، کە بریتی بوو لە ئاگربەستی 30 رۆژەی سەرانسەری، بەڵام پوتین رەتیکردەوە و لە بریدا بە ئاگربەستی ناوچەی دەریای رەش رازی بوو بۆ دابینکردنی رێگەی دەریاوانی کەشتی گەنم و خۆراک هەڵگر بۆ جیهان؛ پاشان رەزامەندی دەربڕی بۆ ئاگربەستێکی سنووردار تایبەت بە ژێرخان و سەرخانی وزە.
 
ترەمپ تیری رەخنەکانی ئاراستەی پوتین کرد و گوتی، ئەگەر هەست بکەین کە  ئەوان یاری دەکەن، دەست لە نێوەندگیرییەکەمان دەکشێنینەوە.
ترەمپ بەوە نەوەستا، بەڵکو گوتی، هەر لایەنێک هەنگاو بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕەکە نەنێت، ئەوا گەمژەیە.
 
چوار هەرێمەکە یان تەنیا کریمیا؟
 
کێشە گەورەکە ئەوەیە، پوتین تەنیا بە وەرگرتنی خاکی ژێر کۆنترۆڵی سوپاکەی رازی نابێت، بەڵکو دەیەوێت ئامانجی سەرەکی شەڕەکە بە دەستبهێنێت، کە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی هەر چوار هەرێمی، لۆهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خیرسۆن، ئەوە جگە لە نیمچە دوورگەی کریمیا کە لە 2014وە کۆنترۆڵی  کردووە.
 
لە دوایین دەستپێشخەرییدا، کۆشکی سپی گوتی لەوانەیە رووسیا بتوانێت لە گفتوگۆکاندا بە نیمچە دوورگەی کریمیا دەربچێت، رووسیا داوای هەر چوار هەرێمەکە دەکات کە بە "باخچەی پشتەوەی" ماڵەکەی دەزانێت و جەختیش دەکاتەوە لە دوورکەوتنەوەی ئۆکراینا لە ئەندامبوونی لە ناتۆ یان هەر رێکخراو و ناوەندێکی سەربازی ناوچەیی یان رۆژئاوایی، بوونی سەربازی هەر وڵاتێكی بیانیش لەسەر خاکی ئۆکراینا رەتدەکاتەوە.
 
ئیلینیا سولودکایا، تەمەن 37 ساڵ، دانیشتووی کیێڤ دەڵێت: "نابێت هیوا لەسەر سیاسەتڤانان هەڵچنین، بە دڵنیاییەوە لەسەر ترەمپ".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە