جیهان

پاپای ڤاتیکان لەکاتی نزا و نوێژکردن لە کەنیسەیەکی هەولێر لە ساڵی 2021. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیس، سەرکردەی ئایینی 1.4 ملیار کاسۆلیکی سەرانسەری جیهان، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. پاپا تووشی ژمارەیەک نەخۆشی ببوو کە پەیوەندییان بە گەورەیی تەمەنییەوە هەبوو و ناچار بوو زیاتر لە مانگێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
کۆچی دوایی پاپا وادەکات باڵاترین پۆستی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بە بەتاڵی بمێنێتەوە کە پێویستە بە پڕۆسەیەکی دوور و درێژ لە ڤاتیکان پڕبکرێتەوە.
کاتێک پاپایەک دەمرێت، ڤاتیکان دەچێتە نێو قۆناخی بۆشایی. ئەمە ماوەی نێوان مردنی پاپا و هەڵبژاردنی پاپایەکی دیکەیە.
سەرەتا، ئەمینداری گەنجینەی ڤاتیکان، واتە بەرپرسی سامان و داهات، مردنی پاپا پشتڕاستدەکاتەوە. دەچێت سێ جار بانگی پاپا دەکات، بەو ناوەی لە کاتی لەئاوهەڵکێشانیدا لێینراوە. ئەگەر پاپا وەڵامی نەبوو، ئەمیندارەکە رایدەگەیێنێت کە پاپا مردووە.
پێشتر نەریتێکی دیکەش هەبوو، بەڵام لە ساڵی 1963 کۆتایی پێهێنرا، کە ئەویش ئەوە بوو، دوای راگەیاندنی مردنی پاپا، چەکووشێکی بچووکی زیوین بە هێواشی لە نێوچەوانی دەدرا.
دوای ئەمە، ڤاتیکان لە رێگەی کەناڵە فەرمیەکانییەوە بە جیهانی رادەگەیێنێت کە پاپا کۆچی دوایی کردووە.
پاشان، دەرگای ئەو بەشەی کۆشکی ڤاتیکان کە پاپا لێی دەمایەوە، لە لایەن ئەمیندارەوە قوفڵێکی لێ دەدرێت.
پێشتر ئەم کارە بۆ رێگریکردن لە دزی و تاڵانی دەکرا.
دواتر ئەمیندارەکە رێوڕەسمی لەنێوبردنی ئەنگوستیلە و مۆری پاپا رێکدەخات. ئەمە کارە هێمایەکە بۆ کۆتاییهاتنی فەرمانڕەوایی پاپاکە.
چوار تا شەش رۆژ دوای مردنی، پرسەی پاپا دەستپێدەکات. دواتر پاپا لە کەنیسەی سان پیتەر لە ڤاتیکان بەخاک دەسپێردرێت، مەگەر خۆی وەسیەتی شوێنێکی دیکەی کردبێت.
دوای ئەوە، شیوەنگێڕانێکی 9 رۆژە دەستپێدەکات.
هەڵبژاردنی پاپای نوێ
15 بۆ 20 رۆژ دوای مردنی پاپا، پڕۆسەی دەستپێکردنی پاپای نوێ دەستپێدەکات.
ئەو کاردیناڵانەی تەمەنیان خوار 80 ساڵە، بۆ ئەم پڕۆسە نهێنییە کۆدەبنەوە. دەچنە کەنیسەی سیستن، دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن و لە جیهانی دەرەوە دادەبڕێن. بە هیچ شێوەیەک، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ میدیا و دەرەوەدا نامێنێت؛ ناتوانن تەلەفۆنیش بەکاربێنن.
دواتر لەنێو خۆیاندا، چەندین جار دەنگ دەدەن، تاوەکو یەکێک لە بەربژێرەکان دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستدێنێت.
دوای هەر گەڕێکی دەنگدان، کاخەزەکانی دەنگدانەکە دەسووتێنرێن. ئەگەر دووکەڵی رەشی لێ بەرزبووەوە، کە بە دەست وای لێدەکەن، واتەی ئەوە دەگەیێنێت کە پاپا هەڵنەبژێردراوە. ئەگەر دووکەڵەکە سپی بوو، واتە پاپایەکی نوێ هەڵبژێردراوە.
دوای هەڵبژاردنی پاپا، بە فەرمی داوای لێ دەکرێت ئەرکەکە قبووڵ بکات. ئەگەر رازیبوو، ئەوا دەبێت ناوێکی پاپایەتی بۆ خۆی هەڵبژێرێت کە زۆر جار لە ناوی پیاوە ئایینییەکانی پێشوو و دێرینەوە سەرچاوە دەگرێت.
دواتر گەورەی کاردیناڵەکان، لە بانیژەی (بالکۆن) کەنیسەی سان پیتەرەوە، بە زمانی لاتینی رادەگەیێنێت، "هابێموس پاپام"، واتە "ئێمە پاپامان هەیە."
چەند خولەکێک دوای ئەوە، پاپا دەچێتە حەوشەی کەنیسەکە و سڵاو لە خەڵکەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ