رووداو دیجیتاڵ
خۆرخێ ماریۆ بێرگۆگلییۆ یان پاپا فڕانسیس، پاپای ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کە سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی و رێبەری زیاتر لە ملیارێک کریستیانی کاسۆلیک لە جیهان؛ هەروەها هەڵگری نازناوی" سەروەری" دەوڵەت-شاری ڤاتیکان بوو.
پاپا فڕانسیس کە لە 17ی کانوونی یەکەمی 1936 لە بۆینس ئایرس، پایتەختی ئەرجەنتین لە دایکبووە، لە 13ی ئاداری ساڵی 2013 و لە تەمەنی 77 ساڵیدا بە 266مین سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی جیهان هەڵبژێردرا.
بە درێژایی هەزار و 300 ساڵی تەمەنی کورسی " پاپا"ی کەنیسەی کاسۆلیکی، پاپا فڕانسیس یەکەم پاپا بوو کە خەڵکی وڵاتێكی ئەمریکای باشوور یان ئەمریکای لاتین بێت.
پاپا فڕانسیس لەو 12 ساڵ و 8 رۆژەی لە سەرۆکایەتی کەنیسەی کاسۆلیکی بردیە سەر، بە 6 وێستگەی سەرەکی و گرنگدا تێپەڕی..
جلە سپییەکەی پاپا
لە 13-3-2013 خۆرخێ ماریۆ بێرگۆگلییۆ بووە پاپا فڕانسیس.
لەو رۆژەدا عەبایەکی سپی بێ نەخشی لەبەرکرد؛ ئەوەش پێچەوانەی پاپاکانی بەر لە خۆی بوو، کە جلوبەرگی نەخێشندراویان لەبەر دەکرد.
لەبەردەم دەیان هەزار لە شوێنکەوتووانی کە چووبوونە گۆڕەپانی قەشە پوتروس، پاپا فڕانسیس داوای لێکردن نزای بۆ بکەن پاشان چەمایەوە بۆیان، پاپاکانی پێش خۆی ئەو کارەیان نەدەکرد.
شوشتنی قاچی زیندانیان
لە دوای دوو هەفتە لە هەڵبژاردنی، لە 28-3-2013 پاپا فڕانسیس کارێکی کرد کە پێش خۆی هیچ پاپایەک نەیکردبوو، بە دەستەکانی خۆی پێی 12 زیندانی شوشت لە نێویاندا دوو کچی لاو هەبوون، یەکێکیان کریستیان و ئەوی دیکەیان موسڵمان بوو.
یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی ڤاتیکان (ئیتالیا).
یەکەم گەشتی پاپا فڕانسیس بۆ دەرەوەی ڤاتیکان لە 8-7-2013 بۆ لامپیدووسا بوو، کە دەکەوێتە دەریای نێوەڕاست نزیک لە کەناراوەکانی تونس؛ دوورگەکە بۆ ناوچەیەکی پڕ لە کۆچبەران گۆڕدرابوو لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیا.
بە کەشتییەک چووە نێو دەریای نێوەڕاست و چەپکە گوڵێکی فڕێدایە نێو دەریا و نزای بۆ کۆچبەران کرد.
پاپای ڤاتیکان یەکێک بوو لە کەسایەتییە کەمانەی جیهان کە بەرگریکارێكی سەرسەختی کۆچبەرانی شەڕ و هەژاری و برسێتی بوو.
15 نەخۆشییەکەی ڤاتیکان
رۆژی 22-12-2014 لە 84مین ساڵیادی دامەزراندنی حکومەتی ڤاتیکان، پاپا فڕانسیس 15 کەلێن و کێشەی نێو بەڕێوەبردنی دەوڵەت شاری ڤاتیکان راگەیاند، کە بە نەخۆشی ناویبردن.
پاپا فڕانسیس بەردەوام رەخنەی لە کێشە و گرفتە نهێنی و داپۆشراوەکانی نێوان قەشە و ئوسقوفەکانی نێو ڤاتیکان دەگرت.
پاپا دەیگوت لە نێو کەنیسەدا و لە نێوان قەشەکاندا دەیان نەخۆشی هەن وەک " ئالزایمەری دەروون؛ دژایەتیکردن، تیرۆری فرە بڵێی"؛ چاکسازی و ریفۆرم یەکێک بوو لە کارە لە پێشەکانی پاپا.
تەوقە لەگەڵ پاتریاکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکس
لە دوای دابەشبوون و جیابوونەوە لە ساڵی هەزار و 54ی زاینی لە نێوان هەردوو کەنیسەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات، پاپا فڕانسیس لە 12-2-2016تەوقەی لەگەڵ پاتریاک کەیرل کرد، سەرۆکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی، کە لە رووسیایە.
سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
رۆژی 6-3-2021 لە گەشتێكی مێژوویدا، پاپا فڕانسیس سەردانی عێراقی کرد و بۆ ماوەیەکی کەمیش لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان مایەوە بەر لەوەی بەرەو شاری موسڵ بەڕێکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ