دانپێدانانی مێتا: بەکارهێنانی فەیسبووک و ئینستاگرام لە کەمبوونەوەدایە

21-04-2025
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرامە، دان بەوەدا دەنێت کە تاوەکو دێت خەڵک کەمتر ئەپەکانی بەکاردەهێنن و کاتیان تێدا بەسەردەبەن.
 
لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەی لەلایەن لیژنەی بازرگانیی فیدراڵیی ئەمریکا (FTC) لە دژی مێتا کراوەتەوە؛ مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی دادوەردا دانی بەوەدا ناوە، فەیسبووک لەڕووی کات بەسەربردنی بەکارهێنەر تێیدا، بەراورد بە ئەپەکانی دیکە لە دابەزیندایە، "بڕی ئەو کاتەی خەڵک لەسەر فەیسبووک و ئینستاگرام بەسەریدەبن لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە."
 
دامەزرێنەری فەیسبووک ئاماژەی بەوەش کردووە، "زۆربەی پەیوەندیکردنی" خەڵک بە یەکدییەوە، ئێستا لە رێگەی ئەپەکانی نامەناردنەوە دەکرێت.
 
پێشتر مێتا خۆی لەوە بەدوور گرتبوو کە دان بەوەدا بنێت، کات بەسەربردنی بەکارهێنەران لەسەر ئەپەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام کەم بووەتەوە.
 
هەروەها کۆمپانیاکە بەردەوام ئاماری کاتبەسەربردنی بەکارهێنەرانی فەیسبووک و ئینستاگرامی بڵاودەکردەوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2016 رۆژانە هەر بەکارهێنەرێک تێکڕای 50 خوولەکی لەسەر هەرسێ ئەپی فەیسبووک، ئینستاگرام و مەسنجەر بەسەردەبرد، کە ئەوە دوایین جار بوو باسی ئەو بابەتە بکات و لەو کاتەوە ئاماری بڵاونەکردووەتەوە.
 
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، تیکتۆک بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەپەکانی مێتا و لە گەشەی بەردەوامدایە.
 
بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە فەیسبووک و ئینستاگرام چۆڵ دەبن، چونکە هێشتا ملیاران بەکارهێنەریان هەیە، بەڵام بەکارهێنەران تاوەکو دێت کاتی کەمتریان بۆ تەرخان دەکەن.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، بەکارهێنەرانی ئەمریکی ئێستا رۆژانە 108 خوولەک لە تیکتۆک بەسەردەبەن، لە بەرامبەردا 63 خوولەک لە فەیسبووک و 48 خوولەک لە ئینستاگرام.
 
مێتا لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە تۆمەتبار کراوە بەوەی هێز و باڵادەستیی خۆی بەکارهێناوە، بۆئەوەی دەست بەسەر وەتسئەپ و ئینستاگرامدا بگرێت تاوەکو دوو ئەپەکە نەتوانن ببنە رکابەری فەیسبووک.
 
 
سکاڵاکە لەلایەن لیژنەی فیدڕالیی بازرگانی (FTC)یەوە لە دژی مێتا کراوەتەوە. ئەگەر دادگە پەسندی بکات، دەکرێت لە کۆتاییدا کۆمپانیای خاوەنی فەیسبووک ناچاربێت دەستبەرداری ئینستاگرام و وەتسئەپ بێت، کە ئێستا بوونەتە دوو سەکۆی گەورە و بەهێزی جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە