رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی پشکی تیکتۆک لە ئەمریکا. گوتیشی، ئەو حەز دەکات کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیای ئەمریکا شەڕ بکەن لەسەر کڕینی ئەپە چینییەکە.
رۆژی دووشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2025، لەوەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە کڕینەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا لە لایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "بەڵێ ئەوە وایە."
هەرچەندە تائێستا تیکتۆک و کۆمپانیای بایتدانس کە خاوەندارێتی ئەپەکە دەکات، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی لێدوانەکەی ترەمپ رانەگەیاندووە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە مایکرۆسۆفت و چەند کۆمپانیایەکی دیکەش لە هەوڵدان بۆ کڕینی ئەو بەرنامەیە.
تیکتۆک کە نزیکەی 170 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمریکا هەیە. لە دوا رۆژەکانی ئیدارەی بایدندا و بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا و لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی، ئەو بەرنامە چینییە راگیرا، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ بڕیاری دا ماوەی 75 رۆژ مۆڵەت بداتە تیکتۆک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی کە چارەسەرەکەش بریتییە لە کڕینی ئەو ئەپە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە.
لەکاتی بڕیاردانەکەشی، ترەمپ رایگەیاند ئەو لەگەڵ چەندین خەڵک لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی تیکتۆک و حەز دەکات ئەو پرسە تاوەکو 30 رۆژی دیکە یەکلاببێتەوە.
ترەمپ پێشتریش رایگەیاندووە ئەو حەز دەکات، ئیلۆن مەسکی خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەپی تیکتۆک-یش بکڕێت، ئەگەر مەسک حەز بکات.
رۆژی 26ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، کۆمپانیای ژیریی دەستکردی ئەمریکی بەناوی "پێرپلێکسەتی ئەی ئای"، پێشنیازی کرد لەگەڵ تیکتۆک تێکەڵ بکرێن و لە داهاتووشدا، نیوە پشکی خاوەندارێتیی تیکتۆک بدرێتە حکومەتی ئەمریکا.
ئەمە دووەم جارە کۆمپانیای مایکرۆسۆف لە هەوڵدایە بۆ کڕینی تیکتۆک. لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، ترەمپ داوای لەو پێگە چینییە کرد، لە ئەمریکا خاوەندارێتییەکەی بداتە کۆمپانیایەکی ئەمریکا، لە ساڵی 2020یش مایکرۆسۆف دەستی بە گفتوگۆکرد بۆ کڕینی تیکتۆک، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، گفتوگۆکانی ئەو دوو لایەنەش بێ ئەنجام کۆتاییان هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ