پاسێکی کۆچبەرانی قاچاخ دوو پۆلیسی بولگاریا دەکوژێت

25-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

روودوا - هەولێر

وەزارەتی نێوخۆی بولگاریا رایگەیاند، پاسێک کە ژمارەیەک کۆچبەری قاچاخی تێدابووە، بە خێراییەکی زۆر خۆی بە دوو پۆلیسی ئەو وڵاتەدا کێشاوە و هەردووکی کوشتوون.
 
رووداوەکە کاژێر پێنجی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی نێوخۆی ئەو وڵاتە، کە هەمان کاتی هەولێرە، لە شاری بورگاسی سەر دەریای رەش دروستبووە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی بولگاریا، دوو ئەفسەرەکەی پۆلیس هەوڵی وەستاندنی پاسەکەیان دابوو، بەڵام پاسەکە کە بە نایاسایی چووبووە نێو سنووری ئەو وڵاتە، لە دوو بازگە رەتیکردبووەوە کە بوەستێت و بە خێرایێکی زۆرەوە خۆی بەنێو پۆلیسدا کردبوو. 
 
پاسەکە کە ژمارە تابلۆی تورکیای پێوەیە، 47 کۆچبەری هەڵگرتبوو کە هێشتا ناسنامەیان ئاشکرانەکراوە. 
 
ئەفسەرانی پۆلیس بە ئۆتۆمبێل دوای پاسەکە کەوتبوون، تاوەکو گەیشتبوونە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون. پۆلیس لەوێ ئۆتۆمبێلەکەیان لە نێوەڕاستی رێگەکەدا راگرتبوو بۆ ئەوەی رێگری لە دەربازبوونی بکەن، بێ ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەیان بێنەدەر،
بەڵام پاسەکە خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا کێشاوە و دواتر کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کردووە بە شوێنێکی چاوەڕوانیکردنی پاسەکاندا. 
 
دوو پۆلیسەکە دەستبەجێ لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیانیان لەدەستدا. برینداربوونی هیچ کەسێکی دیکە رانەگەیێندراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێک ئاراستەی شوفێرەکە نەکراوە، بەڵام داواکاری گشتیی شارەکە کاری شۆفێرەکەی بە "ئاگادار و بە مەبەست" ناوبرد. 
 
بولگاریا وڵاتێکی بەڵکانی خاوەن حەوت ملیۆن دانیشتووە، دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی ئەو کۆچبەرانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفغانستانەوە دەچنە ئەوروپا. 
 
تەنیا ژمارەیەکی کەمی ئەو کۆچبەرانە لە بولگاریا دەمێننەوە و ئەو وڵاتە کە هەژارترین ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە، وەکو خاڵی دەربازبوون بۆ رۆژئاوای ئەوروپا بەکاردێنن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە