رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پابەندی ئەو ئاگربەستە دەبێت کە ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە بۆنەی جەژنی هەستانەوەوە رایگەیاندووە.
بڕیار بوو ئاگربەستەکە کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی مۆسکۆ، هەمان کاتی هەولێر، دەستپێبکات و تاوەکو نیوەشەوی یەکشەممە بەردەوام بێت.
زیلینسکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "ئەگەر رووسیا بەم شێوە کتوپڕە ئامادەیە پابەندی کپبوونێکی سەرتاسەری و بێ مەرج بێت، ئەوا ئۆکرایناش بەپێی ئەوە هەنگاو دەنێت و هاوشێوەی رووسیا دەکات."
بە بڕوای زۆرینەی کریستیانەکانی جیهان، سبەی یەکشەممە جەژنی هەستانەوەی پەیامبەر عیسای مەسیحە (د.خ).
زیلینسکی هیواخوازە ئاگربەستەکە "لە دوای جەژنی هەستانەوە کە دەکەوێتە 20ـی نیسان، بەردەوام بێت."
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی بەڵێنی خۆی نەبردووەتە سەر و لە هێرشەکانی بەردەوام بووە.
زیلینسکی دەڵێت: "هێرشەکانی رووسیا لە چەندین بەرەوە بەردەوامن و تۆپخانەکانی رووسیا نەوەستاون."
هەر ئەم شەو، چەند خولەکێک پێش کاژێر 10:00، لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا زەنگی هۆشداری لێدرا و لە رێگەی ئاگانامەی مۆبایلەوە، هۆشداری بە خەڵک درا لەبەر مەترسیی "هەڕەشەی مووشەکی" بچنە پەناگەکانەوە.
هاوکات پارێزگاری هەرێمی خێرسۆنی ئۆکراینا رایگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ڤلادیمیر پووتینەوە، رووسیا بە ژمارەیەک درۆن هێرشی کردووەتە سەر هەرێمەکەی.
هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا هۆشداریی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ چەند هەرێمێکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەرکرد.
هێزەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لەوە کرد، "هەڕەشەی هێرشی مووشەکی بالیستی" لە خارکیڤ، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و دنیپرۆپێترۆڤسک هەیە."
زیلینسکی دەڵێت: "هیچ متمانە بەو قسانە ناکەین کە لە مۆسکۆوە دێن. ئێمە باش دەزانین مۆسکۆ چۆن یاری دەکات و بۆ هەموو شتێک ئامادەین. هێزەکانی بەرگریی ئۆکراینا ژیرانە هەنگاو دەنێن و بە پێی پێویست وەڵام دەدەنەوە. بۆ هەر هێرشێکی رووسیا وەڵامێکی گونجاومان دەبێت."
پووتین پێشتر پێشنیازی ئاگربەستێکی 30 رۆژەی رەتکردەوە کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشكێشکرابوو و ئۆکراینا پێی رازی بوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات کۆتایی بە جەنگەکە بێنێت کە سێ ساڵە بەردەوامە، بەڵام رۆژی هەینی هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هەردوو لا پەلە نەکەن، لە دانوستاندنەکان دەکشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ