رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی کۆشکی سپی دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لە پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی کارە دیپلۆماسییەکانی لە چەند ناوچەیەکی جیهان دەکەن، لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی ساختەیە.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات، میدیای ئەمریکا "پلانێک"ی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی کاری دیپلۆماسی ئەمریکا لە ئەفریقا و چەندین ناوچەی دیکەی جیهان بڵاوکردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 20ی نیسانی 2024، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی پلانێکی داناوە کە تاوەکو 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ "رێکخستنەوە بۆ پێکهاتەی" وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە چەندین ناوچەیەکی جیهان دەکات.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس گوتی، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە "هەواڵێکی ساختەیە". گوتەبێژێکی کۆشکی سپیش بە هەمان شێواز هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەواڵە لەسەر بنەمای "بەڵگەنامەیەکی ساختە" داڕێژراوە.
میدیای ئەمریکا دەڵێت، ئامانجێکی سەرەکی ئەو "پلانە کەمکردنەوەی خەرجی و یەکانگیرکردنی کارەکانی وەزارەتەکەیە لەگەڵ ستراتیژیەتی ئەمریکا پێش هەموو شتێکە".
بە گوێرەی "پلان"ـەکە، گەورەترین رێکخستنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە یوراسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکای باشوور و ئاسیا دەبێت.
لەو "پلانە"دا هاتووە، نووسینگەی کاروباری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دادەخرێت و لەبری ئەوە "نووسینگەی نێردەی تایبەت بۆ کاروباری ئەفریقا" دادەندرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکادا دەبێت و پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە نامێنێت.
لەو "پلانە"دا هاتووە، "پێویستە هەموو کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانە ناپێویستەکان لە (وڵاتانی) باشووری بیابانی ئەفریقا دابخرێن" و هەموو ئەوانەی دیکەش رێکبخرێنەوە؛ هەروەها هەموو ئەو نووسینگانەی پەیوەندییان بە کاروباری گۆڕانی کەشوهەوا و مافی مرۆڤەوە هەیە دادەخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ