رووسیا و ئۆکراینا سەدان دیل ئاڵوگۆڕ دەکەن

19-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
 ساتی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان
ساتی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رووسیا و ئۆکراینا ئەمڕۆ شەممە، سەدان سەربازی یەکدییان ئازادکرد کە لە جەنگدا بە دیل گیرابوون. 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، 277 سەربازی وڵاتەکەی لە لایەن رووسیاوە ئازادکراون. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیاش گەڕانەوەی 246 سەربازی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینا راگەیاند. 
 
ئەم هەنگاوە لە لایەن ئیماراتەوە نێوەندگیری بۆ کراوە و هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو رۆژە لە لایەن ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە بە بۆنەی جەژنی هەستانەوەوە، کە بڕیارە تاوەکو نیوە شەوی سبەی یەکشەممە بەردەوام بێت. 
 
پووتین رۆژی شەممە لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو هێرشێک بۆ سەر ئۆکراینا دەوەستێنن. 
 
بەڵام سەرۆکی رووسیا داوای لە ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری وڵاتەکەیشی کرد، وەڵامی هەموو "پێشێلکارییەکی ئۆکراینا" دژی ئاگربەستەکە بدەنەوە. 
 
هاوکات هەر ئەم شەو ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایتنا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "ئەگەر رووسیا بەم شێوە کتوپڕە ئامادەیە پابەندی کپبوونێکی سەرتاسەری و بێ مەرج بێت، ئەوا ئۆکرایناش بە پێی ئەوە هەنگاو دەنێت و هاوشێوەی رووسیا دەکات."
 
بە بڕوای زۆرینەی کریستیانەکانی جیهان، سبەی یەکشەممە جەژنی هەستانەوەی پەیامبەر عیسای مەسیحە (د.خ). 
 
زیلینسکی هیواخوازە ئاگربەستەکە "لە دوای جەژنی هەستانەوە کە دەکەوێتە 20ی نیسان، بەردەوام بێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە