رووداو دیجیتاڵ
لە نێوجەرگەی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، خواردنگەیەکی جیاواز هەیە. لەوێ تەنیا تامی خواردنی کولتووریی ئیسپانی ناکەیت، بەڵکو هەست بە چەرخێک لە مێژوو دەکەیت.
خواردنگەکە ناوی سۆبرینۆ دی بۆتینە و بەم دواییانە فووی لە مۆمی 300 ساڵەی تەمەنی خۆی کرد.
لە پەرتووکی تۆمارەکانی گینسدا، بە کۆنترین خواردنگەی جیهان تۆمارکراوە. دەکەوێتە دێرینترین گەڕەکی مەدرید.
هەر رۆژێک پیاسەیەک بە بەردەمیدا بکەیت، دەیان گەشتیار دەبینی لە بەردەرگای وەستاون. هەندێکیان بۆ خواردن هاتوون، هەندێکی دیکەشیان بۆ تۆمارکردنی بیرەوەری و وێنەگرتن.
خواردنگەکە کە لە ساڵی 1725 کراوەتەوە، بووەتە یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین گەشتیار لە مەدرید سەردانی دەکەن.
تۆماس دۆنیگن، گەشتیاری بەریتانی دەڵێت: "گوێمان لێ بووە، کە ئێرە خواردنگەیەکی زۆرباشە، هەروەها کۆنترین خواردنگەیە لەسەر ئاستی جیهان، کە لەلایەن پەرتووکی گینسەوە پشتڕاستکراوەتەوە. بۆیە هاتووم."
بۆتین سەرەتا لەلایەن شێفی فەرەنسی، ژۆن بۆتین کرایەوە، دواتر رادەستی برازاکەی کرد.
لەو سەردەمەدا، خەڵک برنج، گۆشت و خۆراکەکانی دیکەیان لەگەڵ خۆیان دەبردە خواردنگەکە، ئەویش بۆی لێدەنان.
ئەو کات، یاسا رێگەی بە خەڵک نەدەدا راستەوخۆ خواردن بفرۆشن.
لەگەڵ گەیشتنی سەدەی نۆزدەیەم، خواردنگەکە بووە خواردنگەیەکی تەواو. واتە بە خۆی کەرەستەکانی دەکڕی و لێیدەنان.
چێشتخانەکە هەرگیز شوێنەکەی نەگۆڕدرا و لە شەقامی کوچیێرۆس، چەند مەترێک لەولای گۆڕەپانی مایۆر پلازا مایەوە.
خۆزێ گۆنزالێس، خاوەنی ئێستای خواردنگەکە دەڵێت: "ئەمە کۆنترین خواردنگەی جیهانە، چونکە پەرتووکی تۆمارەکانی گینس بە پشتبەستن بە چوار پێوەر وا دەڵێت. یەکەم: بەردەوام کاریکردووە. دووەم: لە هەمان شوێن ماوەتەوە. سێیەم: بە هەمان ناوی خۆیەوە ماوەتەوە. چوارەم: هەمان گڕوتینی هەبووە."
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی خواردنگەکەی پێ دەناسرێتەوە، تەندوورەکەیەتی کە بە ئاگری دار خواردنی تێدا دەکوڵێنرێت، دەبرژێنرێت یان سووردەکرێتەوە.
تەندوورەکە لە گرافیت و خشت دروستکراوە و هەرگیز سارد نەبووەتەوە. تەنانەت کاتێک بەهۆی کۆرۆناوە داخستنی گشتی راگەیێندرا، ئاگری تەندوورەکە بە گەشی هێڵدرایەوە.
سەرپەرشتیارەکانی لەوە دەترسن، ئاگرەکەی بکوژێننەوە، تەندروورەکە درز ببات.
لە ساڵانی رابردوودا، بۆتین میوانداریی ژمارەیەک ئەستێرە و سەرکردەی دیاری جیهان کردووە. وودی ئاڵن، ئارنۆڵد شوارزێنیگەر و تەنانەت ئێرنێست هێمینگوەی کە لە دوو رۆماندا باسیکردووە، نانیان لێ خواردووە.
هەندێ کەس گومان لە مێژووی چێشتخانەکە دەکەن.
پێدرۆ مۆنۆلیو، مێژووناس دەڵێت: "هەندێ مشتومڕ هەیە. ئەو بەڵگەنامانەی کە هەن، دەگەڕێنەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم. هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلـمێنێت خواردنگەکەی نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم پەیوەندیی بەوەیانەوە هەبێت کە لە ساڵی 1725 کراوەتەوە."
کتێبی گینس کە وەکو کۆنترین رێستۆرانت تۆماریکردووە، دەڵێت، مێژووەکەی تەواوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ