رووداو - بەیجینگ
بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، ژمارەیەک رۆبۆت لە کێبڕکێیەکی راستەقینەی ماراسۆندا بەشدارییان کرد و لەگەڵ مرۆڤدا کێبڕکێیان کرد. لە بەیجینگی چین، رۆبۆتەکان لە هێڵێکی تایبەتدا لەگەڵ 10 هەزار کەس بەشداریی ماراسۆنێکی 21 کیلۆمەترییان کرد، رووداوێک کە سەرنجی جیهانی راکێشا.
جگە لە راکردن، رۆبۆتەکان بە مێشک و هەستەوەرەکانی تایبەت بە جووڵە، فەرماندان و سەندنەوە جێگیرکراون کە توانای بەربەرەکانێکردنی مرۆڤیان پێ دەبەخشێت.
سبوانگ یی نوو، یەکێک لە بەشداربووانی مارسۆنەکە بە رووداوی گوت: "کاتێک هەمووان دەستمان بە راکردن کرد، هەموو سەرنجمان لەسەر رۆبۆتەکان بوو و خەریک بوو لەبیرمان بچێت کە خۆمان دەستپێبکەین، بەڵام بینینی رۆبۆتەکان لەڕێگەدا هەستێکی زۆر نایاب بوو. ئەمە یەکەم پێشبڕکێی جیهانە کە مرۆڤ و رۆبۆتێک پێکەوە رابکەن."
21 رۆبۆت لە 21 کۆمپانیا
21 کۆمپانیا بە 21 رۆبۆت بەشداریی راکردنەکەیان کرد و لە میانەی راکردنەکەدا، رۆبۆتێک بەربووەوە و دوای هاندان هەستایەوە. رۆبۆتەکان بارگاوی دەکران و جار جار جومگەکانیان سارد دەکرانەوە، بەشێکیان خۆکار و بەشێکیشیان لە دوورەوە ئەندازیاران رێنماییان دەکردن.
تانگ جیان، بەرپرسی سەنتەری تەکنەلۆژیا و داهێنانی رۆبۆتی مرۆڤی پەکین دەڵێت: "رۆبۆتەکانمان جووڵەی جۆراوجۆریان هەیە، وەک راکردن و رۆیشتن و سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا. لە داهاتوودا پلانمان هەیە هەندێک کرداری ئاڵۆز ئەنجام بدەین، وەک کەوتن، هەستان، دانیشتن و ئەنجامدانی هەندێک جووڵەی ئاڵۆزی دەست لە کاتی وەستاندا و تەنانەت هەندێک کردەی قورستر. بۆ نموونە، رۆبۆتەکانمان بتوانن دەستکاری هەندێک شت بکەن لە کاتی جووڵەدا".
چین؛ پێشەنگی پیشەسازیی رۆبۆت
بەپێی دوایین ئامارەکان، چینییەکان 55٪ـی رۆبۆتی جیهان دروست دەکەن و بازاڕەکەیان بە 80 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئەو وڵاتە بووەتە پێشەنگی پیشەسازیی رۆبۆتەکان و ئێستا هەوڵ دەدات سنووری تاقیکردنەوەی رۆبۆتەکان فراوانتر بکات.
ژانگ ژۆ، یەکێک لە تەماشاکاران بە سەرسامییەوە دەڵێت: "رۆبۆتەکان زۆر جوان و شێوەی جیاوازیان هەیە. هەندێکیان بچووکن، بەڵام زۆر نەرمونیانن، هەندێکیشیان قاچیان درێژە، بەڵام پێناچێت بەخێرایی وەک بچووکەکان رابکەن. بەڕاستی زۆر سەرنجڕاکێشن، چونکە پێشتر رۆبۆتم نەبینیوە رابکات، زۆر سەرنجڕاکێش رادەکەن، منیش زۆر دڵخۆشم".
تیانگگۆنگ؛ رۆبۆتی ریکۆردشکێن
لەنێو هەموو رۆبۆتەکاندا، "تیانگگۆنگ" خاوەنی ریکۆردی جیهانی بوو لە راکردن. ئەم رۆبۆتە توانی بۆ یەکەم جار ماراسۆنی نیوە یان 21 کیلۆمەتر بە دوو کاژێر و 40 خولەک ببڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە مرۆڤێکی ئاسایی دەتوانێت لە یەک کاژێر و دوو خولەکدا ئەو ماراسۆنە نیوەییە ببڕێت.
بە گوێرەی شارەزایانی بواری زانستی رۆبۆت، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە سەرەتای قۆناخێکی نوێی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا کە تێیدا سنووری تواناکانی رۆبۆت و مرۆڤ بەرەبەرە کەمتر دەبێتەوە. چاودێران پێشبینی دەکەن لە ساڵانی داهاتوودا رۆبۆتەکان بتوانن لە زۆربەی چالاکییە جەستەییەکاندا هاوشانی مرۆڤ بەشداری بکەن و تەنانەت لە هەندێک بواردا پێشیان بکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ