ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتەکەیان بە "زۆر گرنگ" ناودەبەن

25-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نێچیرڤان بارزانی دەچێتە ئەڵمانیا
نێچیرڤان بارزانی دەچێتە ئەڵمانیا
نیشانەکردن ئەڵمانیا نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرلین لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە. پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا سەردانەکە بە "گرنگ" بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر و بەرلین ناودەبەن. 
 
ماکس لوکس، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) لەسەر پارتی سەوزەکان، لە هەڤپەیڤینێکدا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند "ئەو دیدارە لەڕادەبەدەر گرنگە و دەریدەخات هەرێمی کوردستانی عێراق لە رووی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەها هاوبەشەکانیشمانەوە بۆ ئەڵمانیا یەکێکە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ناوچەکە".
 
هەینیی رابردوو، کرستیان هۆفمان، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی دووشەممە، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەو وڵاتە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "پرسە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان" تاوتوێ دەکەن. 
 
هاوکات دەریا تورک، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات بە رووداوی گوت، ئەم سەردانە "نیشانەیەکی گرنگ و باشە چونکە گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق یەکجار گرنگن بۆ هەموو ناوچەکە".
 
پیتەر هێدیت، پەرلەمانتاری پارتی لیبراڵەکانیش پێیوایە، کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی  و ئۆلاف شۆڵتز "زۆر گرنگە و حکومەتی فیدراڵی (ـی ئەڵمانیا) بەم شێوەیە دەیسەلمێنێت؛ کوردستان هاوپەیمانێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە و پێشکەوتن لەم هەرێمەدا جێگەی بایەخی سەرەکی حکومەتی فیدراڵییە".
 
پەیوەندیێکی پتەو ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە جۆرێک وڵاتە ئەوروپییەکە لە ماوەی شەڕی دژی داعشدا لە رووی بەرگرییەوە بەشێوەیەکی کاریگەر یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی دا و، لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. 
 
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـی هێزە عێراقییەکان بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی، پاڵپشتیکاری گەورەی هەرێمی کوردستان بوو. 
 
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەیەتی، لە رێگەی بۆڕیی نێوان عێراق و تورکیاوە راگیراوە، دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، هەناردەکردنی نەوتەکەی بێ مۆڵەتی بەغدا لەلایەن هەولێرەوە بە نایاسایی دانا. 
 
ماکس لوکس دەڵێت، ئەوان وەکو پارتی سەوزی ئەڵمانیا داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەن "دەستبەرداری ئەم گەمارۆیە ببێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق"، چونکە بە گوتەی خۆی "ئەمە کارێکە زیان بە حکومەتی عێراق دەگەینێت. ئەمەی عێراق دەیکات بناخەیەکە بۆ سیاسەتی یەک عێراقی، کە مەترسییە ئەگەر پەیڕەو بکرێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە، کە ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی بۆندستاگە، هەروەها پارێزگاری لە سیستمی فیدراڵی عێراق و پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە "باش بۆ دیموکراسی" ناودەبات و دەڵێت "هەرێمی کوردستانی عێراق تەنیا هەرێمێک نییە لە هەرێمەکان، بەڵکو وەک بڕبڕەی پشتی ئابووری و سیاسی و کولتووریی هەموو عێراقە. هەروەها سەردەمیانەترین ناوچەیە لە وڵاتەکە. بە بەراورد بە ناوەندی عێراق باشترین ناوچەیە، کە مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراوە. هەر بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەم فیدراڵییە وەک شتێکی بەرز بنرخێنن، چونکە سەرانسەری وڵات سوودمەند دەبێت".
 
سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرلین دوای زیاتر لە سێ مانگ لە سەردانەکەی ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان دێت، کاتێک لە ماوەی سێ رۆژدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی کوردانی ئاوارەی ئێزدی، هەروەها سەردانی پڕۆژە مرۆییەکانی وڵاتەکەی لە دهۆک و شنگال کرد. 
 
ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، هەروەها یەکەمین وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان، کە ئەندامێکی پێشووی داعشی بە تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ دژی کوردانی ئێزدی، سزا بدات. 
 
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و لەو چوارچێوەیەدا لە پاڵ یارمەتیی بەرگری، بەگوێرەی هاوپەیمانییەکە، بڕی 2.4 ملیار یۆرۆ یارمەتیی مرۆیی بۆ پەنابەران و ئاوارەکانی نێو هەرێمی کوردستان و عێراق دابینکردووە، بەشێکی دیاری پڕۆژە مرۆییەکانیشی، کوردانی ئێزدی دەگرنەوە. 
 
ماکس لوکس لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە وەک سەوزەکان هەرچەندە زۆر شت بۆ ئێزدییەکان دەکەین، پێویستە زیاتر کاریان بۆ بکەین،" ئاماژە بەوەش دەکات کە "بۆیە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە ئێمە دەمانەوێت بزانین هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ رێکەوتنی شەنگال بدۆزێتەوە،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو رێککەوتنەی لە تشرینی یەکەمی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکراوە بۆ ئاوەدانکردنەوە، گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و سەقامگیرکردنی شنگال تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی هەبوونی هێزی جۆراوجۆری فەرمی و نافەرمی لەنێو قەزاکە، تەنیا بەشێکی جێبەجێکراوە. 
 
پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە دەڵێت "ئێمە داوادەکەین هەرێمی کوردستان هاوکاری زیاتر بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە بکات". 
 
هەروەها دەریا تورک بە پەیامنێری رووداوی گوتی "هیوادارم لەم کۆبوونەوەیەدا بابەتی ئێزیدییەکان و شنگال باسبکرێت، باس لەوەش بکرێت چۆن دواجار دەتوانین ئەو رێککەوتنە جێبەجێبکەین؛ پێویستە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، چارەسەرێکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی خراپی دۆخ و ناسەقامگیری ناوچەکە".
 
هەر لەو بارەیەوە پیتەر هێردیت گوتی "ئێمە لە بەرنامەی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان چەندین خاڵمان نووسیوە کە دەبێت جێبەجێبکرێن. بەڕوونی نووسیومانە دەبێت چی بکرێت. شنگال دەبێت بە ژیان پڕبکرێتەوە و رێککەوتنەکەی جێبەجێبکرێت، دەمانەوێت ئێزدییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەش پێویستیان بە ئاسۆی ئابووری و ئاسایش هەیە، دەبێ قوربانییانی داعش قەرەبوو بکرێنەوە، بێگومان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقیشدا قسە بکەین سەبارەت بە بەرپرسیاریێتیی خۆیان بۆ ئەوەی دڵنیابین، کە داواکارییەکان جێبەجێ دەکەن، وەک حکومەتی ئەڵمانیا عێراق ئاگاداردەکەینە بۆ ئێمە چەند گرنگە بەرپرسیاریێتیی خۆی لە شنگال بگرێتە ئەستۆ".
 
لە رووی سەربازیشەوە، ئەڵمانیا نزیکەی 500 راوێژکاری سەربازیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، کە مەشق و راهێنان و راوێژ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەدەن. 
 
لوکس دەڵێت "دەزانین لە هەرێمی کوردستان-عێراق دۆستێکی زۆرمان هەن و ئەوان دەتوانن دڵنیابن و پشتڕاست بن ئێمە ئامادەین، کە ئێمە پاڵپشتی سەربازییان دەکەین و پشتگیری لە پێشمەرگە دەکەین، هەروەها لە رووی ئابووری و داراییەوە پاڵپشتیان دەکەین و پێکەوە هاوئاهەنگیێکی بەهێز بۆ نەوەکانی داهاتوو بونیاد دەنێین".

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماکس لوکس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا: 
 
رووداو: وەک بەرێزتان ئاگادارن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە. بە بۆچوونی تۆ، ئەو کۆبونەوەیە چەند گرنگە؟
 
ماکس لوکس: ئەو دیدارە لەڕادەبەدەر گرنگە و دەریدەخات کە هەرێمی کوردستانی-عێراق بۆ ئەڵمانیا یەکێکە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ناوچەکە، چ لەڕووی پەیوەندیە ئابوورییەکانەوە و لە رووی بەها هاوبەشەکانمانەوە. 
 
رووداو: باشە، ماکس، وەک ئاگاداریت دۆخی ئابووریی هەرێمی کورستان خراپە. بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراقەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە. ئێستا عێراق داوا لە تورکیا دەکات رێگە بدات نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا سکاڵایەکی تازەی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر تورکیا تۆمارکردووە. بە بۆچوونی ئێوە، ئەوە مامەڵەیەکی دروستە لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان؟
 
ماکس لوکس: ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە دەبێت ئەو گەمارۆ نەوتییە لە رێگەی  حکومەتی عێراقەوە کۆتایی بێت. ئەمە کارێکە لە هەمانکاتیشدا زیان بە حکومەتی عێراق دەگەیێنێت. ئەوەی عێراق دەیکات بناخەیەکە بۆ  سیاسەتی یەک عێراقی؛ ئەوە مەترسییە ئەگەر سیاسەتێکی لەو شێوەیە پەیڕەو بکات. هەربۆیە داوا لە عێراق دەکەین دەستبەرداری ئەو گەمارۆیە بێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی کوردستان-عێراق. 
 
رووداو: ماکس، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارتەکەی تۆ کە پارتی سەوزەکانە چۆنە؛ هەروەها دەمەوێت بزانم چەند گرنگە ئەو پەیوەندییە بەهێزبێت؟ 
 
ماکس: ئێمە پەیوەندییەکی زۆر نزیکمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان-عێراق هەیە؛ خەڵکی زۆر لە بازنەی هەڵبژاردنی من لە شاری بۆخوم  خەڵکی هەرێمی کوردستانن و سەردانم دەکەن؛ هەربۆیە وەک پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی، ئەرکی منە لێرە نوێنەرایەتی ئەوان بکەم. پێویستە داوای ئەوان لێرە و لە هەرێمی کوردستان بگەیێنم. ماوەیەک لەمەوبەر ئێزیدییەک لە بازنەی هەڵبژاردنەکەم هات بۆ لام و داوای لێکردم کاری بۆ بکەین. ئێمە وەک سەوزەکان هەرچەندە زۆر شت بۆ ئێزییدییەکان دەکەین، بەڵام پێویستە زیاتر کاریان بۆ بکەین. بۆیە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم گرنگە. ئێمە دەمانەوێت بزانین هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ دۆخی شنگال دەدۆزێتەوە؟ داوا دەکەین هەرێمی کوردستان هاوکاری زیاتر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بکات. لەهەمانکاتدا دەمانەوێت بەهیچ جۆرێک دەوڵەتی ئیسلامی - داعش هەرگیز بە بەهێزی بۆ ناوچەکە نەگەڕێتەوە؛ بۆیە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردن و راهێنان بە پێشمەرگە؛ هەروەها سەربازەکانمان لەوێ دەمێننەوە؛ بەڵام ئەگەر سەربازەکانمان بمێننەوە ئەوا دەبێت سیاسەتی مافی مرۆڤ باشتر بێت و هیوادارم گۆڕانکاری سیاسەتی مافی مرۆڤ ببینین.
 
رووداو: ماکس، دوایین پرسیارم؛ ئەڵمانیا وڵاتێکی فیدراڵییە. عێراق فیدراڵییەکی تەمەن 20 ساڵە، بەڵام هێشتا سیستمێکی فیدراڵیی جێگیری نییە. هەرێمی کوردستان ئێستا هەست دەکات بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتەکانی کەم بکاتەوە. ئایا هەرێمی بەهێز بۆ وڵاتە فیدراڵییەکان گرنگە؟ 
 
ماکس: سیستمی فیدراڵی بۆ دیموکراسی باشە، چونکە دەسەڵات دابەش دەکات و لە دۆخی عێراقدا تەنانەت فیدراڵیزم بەو مانایەیە کە هەرێمی کوردستان-عێراق تەنیا هەرێمێک نییە لە هەرێمەکان، بەڵکو وەک بڕبڕەی پشتی ئابووری و سیاسی و کولتووریی هەموو عێراقە؛ هەروەها مۆدێرنترین ناوچەیە لە وڵاتەکەدا؛ هەرێمی کوردستانی عێراق بەراورد بە ناوەندیی عێراق باشترین ناوچەیە کە تێیدا مافی مرۆڤی پارێزراوە. هەر بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەم فیدراڵییە وەک شتێکی  بەرز بنرخێنێت، چونکە سەرانسەری وڵات سوودمەند دەبێت. 
 
بێگومان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان-عێراقیش چڕتر دەکەینەوە، جیاواز لە عێراق بەگشتی، چونکە دەزانین لە هەرێمی کوردستان-عێراق دۆستێکی زۆرمان هەیە و  ئەوان دەتوانن دڵنیا بن و  پشتڕاست بن  کەئێمە ئامادەین؛ ئێمە پاڵپشتی سەربازییان دەکەین؛ ئێمە پشتگیری لە پێشمەرگە دەکەین؛ لە ڕووی  ئابووری و داراییەوە پاڵپشتییان دەکەین و پێکەوە  هاوئاهەنگییەکی بەهێز بنیات دەنێنین بۆ نەوەی داهاتوو.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.