رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، لانیکەم 18 کەس بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانێکی وڵاتەکەیان گیانیان لەدەستداوە. ئاگرەکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە و هەزاران کەس لە هێزەکانی بەرگریی شارستانی و سوپای کۆریای باشوور لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئاداری 2025 ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، ئاگری دارستانەکەی باشووری رۆژهەڵاتی کۆریای باشوور 6 رۆژە بەردەوامە، بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم 18 کەس گیان لەدەستبدەن و 20 کەسی دیکەش بریندار بن.
پۆلیسی دارستانی کۆریای باشوور دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە لە پێنج لاوە بەردەوامە و تیمەکان لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی کۆریای باشوور، زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بە 146 هێلیکۆپتەرەوە بەشداری لە هەوڵەکانی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن.
ئاگرەکە لە 21ـی ئەم مانگەوە بەردەوامە و بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، 17 هەزار هێکتار رووبەری دارستان سووتاوە.
حکومەتی کۆریای باشوور داوای لە دانیشتووانی نزیک لە دارستانەکە کردووە ناوچەکانیان بەجێبهێڵن و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 27 هەزار کەس شوێنی خۆیان بەجێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ