جیهان

ئیلۆن مەسک، منداڵێکی لەسەر شانی هەڵگرتووە و لە تەنیشتییەوە دۆناڵد ترەمپ، لەسەر کورسییەکەی لە نووسینگەکەی لە کۆشکی سپی دانیشتووە، وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرجەم کارمەندانی فیدراڵیی ئەمریکا تاوەکو رۆژی دووشەممەیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بە ئیمەیڵ لیستی کار و دەستکەوتەکانی هەفتەی رابردوویان بنووسن، ئەگەر ئەو کارەش نەکەن، لە کارەکەیان دەردەکرێن.
رۆژی شەممە (22ـی شوباتی 2025) ئیدارەی ترەمپ، ئیمەیڵێکی بۆ کارمەندانی فیدراڵیی ئەمریکا رەوانە کردووە، تێیدا داوای دەکات دەستکەوتەکانی هەفتەی رابردوویان بنووسن و بە ئیمەیڵێک بۆیان رەوانە بکەنەوە.
هەروەها ئیلۆن مەسک، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس، داوای لە فەرمانبەرانی ئەمریکا کرد دەستکەوتەکانی هەفتەی رابردوویان بە راپۆرت بنووسن ئەگەر نا، "نەناردنی ئیمەیڵەکە، بە واتای دەستلەکارکێشانەوە هەژمار دەکرێت."
ئەو پەیامەی مەسک چەند کاژێرێک دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات کە رایگەیاندبوو "فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا رێکارەکان تووندتر دەکات." ئەمەش وەکو هەوڵێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی حکومی، کە ژمارەیان دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس دەبێت.
ئەم رێکارە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ لەدوای بڕیارەکەی مانگی رابردووی دۆناڵد ترەمپ دێت، کە دەستەوارەیەکی پێشکێشی سەرجەم فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا کرد و تێیدا رایگەیاند، "هەرکەسێک دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە، 8 مووچە وەردەگرێت"، ئەمەش وەکو هەوڵێکی ئیدارەی ترەمپە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و بارسووککردنی بودجە.
لەدوای ئەو بڕیارەوە، نزیکەی 75 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی دەستەوارەکەی ترەمپیان قبوڵکردووە و دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، کە دەکاتە لەسەدا 3.75٪ـی ژمارەی فەرمانبەرانی فیدراڵیی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ