لە کشمیر هێرش کرایە سەر گەشتیاران؛ لانیکەم 24 کەس کوژراون

22-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کشمیری هیندستان رایدەگەیێنن، چەند چەکدارێک تەقەیان لە ژمارەیەک گەشتیار کردووە و لانیکەم 24 کەسیان کوشتووە. 
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، بەرپرسانی کشمیر رایانگەیاند، چەند چەکدارێک لە ناوچەی پاهالگام کە 90 کیلۆمەتر لە شاری سریناگار دوورە، تەقەیان لە ژمارەیەک گەشتیار کردووە. 
 
دوو بەرپرسی ئەمنی رایانگەیاندووە، تەقەکەرەکان چوار کەس بوون و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردووە. بە گوتەی پۆلیسی هیندستان، جگە لە کوژرانی 24 کەس، لانیکەم 36 کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی زۆربەیان سەختە.
 
تاوەکو ئێستا پۆلیس دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی رانەگەیاندووە. 
 
پۆلیسی هیندستان هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و ئەو چەکدارانەی تۆمەتبار کرد کە دژی هیندستان شەڕ دەکەن. 
 
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی یەکێتیی خاکی جاموو و کشمیر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم هێرشە لە هەموو ئەو شتانە گەورەترە کە ساڵانی رابردوو بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیل کراوە."
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رووداوەکەی بە "قێزەون" ناوبرد و بەڵێنیدا کە هێرشکارەکان بە سزای خۆیان بگەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشەڵ نووسی، "هەواڵێکی زۆر ناخۆشم لە کشمیرەوە بیست. ئەمریکا لەگەڵ هیندستان دژی تیرۆر دەوەستێتەوە."
 
کشمیر لە ساڵی 1947ـوە لەنێوان هیندستان و پاکستانەوە دابەشکراوە. لەو کاتەوە کشمیرییەکانی هیندستان تێدەکۆشن بۆ جیابوونەوە لە هیندستان و یەکگرتنەوە لەگەڵ کشمیرییەکانی پاکستان.
 
لە ساڵی 1989ـەوە یاخیبووەکانی ناوچەکە کە زۆربەیان موسڵمانن دژی دەسەڵاتی هیندستان شەڕیان هەڵگیرساندووە.
 
لەوکاتەشەوە هیندستان زۆربەی ئەو تووندووتیژییانەی کە لە هەرێمی کشمیری ئەو وڵاتە روودەدەن دەخاتە ئەستۆی پاکستان، تۆمەتێک کە پاکستان بەردەوام رەتیدەکاتەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە