رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو دێت ناکۆکییەکانی نێوان زانکۆی هارڤارد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زیاتر دەبن.
بەهۆی ئەوەی خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆکە خۆپێشاندان دەکەن و داوا دەکەن هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێندرێن، ترەمپ ئەو بودجەیەی بڕی کە حکومەتی فیدڕالیی ئەمریکا بە زانکۆکەی دەدا، هەروەها هەڕەشەی کردووە سەرپەرشتیاری سیاسیی دەرەکیی بەسەر زانکۆکەدا بسەپێنێت.
ترەمپ هەوڵیداوە چەندین زانکۆی بەناوبانگی ئاستبەرز ملکەچ بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆپێشاندانەکانی لایەنگری فەلەستین بێنن، ئەوەش لە رێگەی هەڕەشەی بڕینی بودجە، لێخۆشنەبوون لە باج و رێگری لە وەرگرتنی خوێندکارانی بیانی، بەڵام هارڤارد رەتیکردووەتەوە خۆی بۆ داواکارییەکانی بچەمێنێت.
زانکۆکە لە سکاڵاکەیدا کە پێشکێش بە دادگەی فیدڕالیی ماساچووسێتس کراوە، دەڵێت: "دۆسیەکە بریتییە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ سڕکردنی بودجەی فیدڕالی وەک کارتێکی گوشار بۆ دەستەمۆکردنی بڕیارەکانی زانکۆی هارڤارد."
هەروەها لە سکاڵاکەدا هاتووە: "کارەکانی حکومەت نەک تەنیا هەمواری یەکەمی دەستوور، بەڵکو یاسا و رێکارە فیدڕالییەکانیش پێشێڵدەکات."
کارەکانی ترەمپ، لە سکاڵەکەدا بە "هەڕەمەکی و چاوەڕواننەکراو" وەسفکراون.
ئەوەی وایکردووە ترەمپ لە هارڤارد تووڕە بێت، ئەوەیە کە زانکۆکە رەتیدەکاتەوە حکومەت سەرپەرشتیی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران بکات.
هەفتەی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سڕکردنی ئەو 2.2 ملیار دۆلارەی دا کە وەک خەرجی فیدڕالی بە زانکۆکە دەدرا.
سکاڵاکە داوا لە دادگە دەکات، سڕکردن و بڕیارەکانی ترەمپ بە نایاسایی دابنێت و ئیدارەکەی ناچار بکات تێچووەکانی هارڤارد بداتەوە.
ترەمپ و کۆشکی سپی هۆکاری دژایەتیکردنی زانکۆکان دەگەڕێننەوە بۆ ئەو شتەی پێی دەڵێن "دژایەتیکردنی سامییەکان".
ئیدارەکە پێوایە، ئەو خۆپێشاندانانەی پار لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تەواوی زانکۆکانی ئەمریکایان گرتنەوە، پڕبوون لە دژایەتیکردنی جووەکان.
بە گوتەی رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان، ژمارەیەکی زۆری زانکۆکان، لە نێویاندا هارڤارد، چاودێریان لەسەر خۆپێشاندەران تووندکرد. لەسەر ئەو تۆمەتانە، هارڤارد بڕیاری دا 12 خوێندکار لە وەرگرتنی بڕوانامە بێبەش بکات.
هەفتەی رابردوو، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا نووسی: "چیدیکە ناکرێت هارڤارد بە شوێنێکی شکۆمەندی فێربوون سەیربکرێت و نابێت لە هیچ لیستێکی زانکۆ و کۆلێژە مەزنەکانی جیهاندا بێت. هارڤارد گاڵتەجاڕییە، خەڵک فێری رقوکینە و گەمژەیی دەکات و نابێت چی دیکە بودجەی فیدڕالی وەربگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ