رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI، کە خاوەنی ChatGPTیە، دەڵێت، بەکارهێنانی وشەی "تکایە" و "سوپاس" لەکاتی پرسیارکردن و قسەکردن لەگەڵ ChatGPTـدا، ملیۆنان دۆلار زیانی پێگەیاندوون.
قسەکردن بە رێزەوە، یەکێکە لەو ئاکارە جوانانەی هەموو کەسێک حەزدەکات لە بەرامبەرەکەیدا هەبێت؛ بەڵام خاوەنی ChatGPT پێی باشترە بەکارهێنەرانی ئەپەکە زیاد لە پێویست جوامێر نەبن.
سێرڤەرەکانی ژیریی دەستکرد بۆ لێکدانەوە، تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی هەر وشەیەکی پرسیار و داواکارییەکان، پێویستی بە بڕێک وزەی کارەبایە.
سام ئەڵتمان، ملیاردێر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI، کە خاوەنی ChatGPT ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپاسکردن و دەربڕینی رێز لەلایەن ملیۆنان بەکارهێنەری رۆژانەی چات بۆتەکەیان، وا دەکات سێرڤەرەکانیان پێویستیان بە کارەبای زیاتر بێت بۆ لێکدانەوەی ئەو وشانە، سەرەنجام پارەی کارەباکەی زیاتر دەبێت.
وشەکانی "تکایە" و "سوپاس" بە هەر زمانێک بێت، بە گوتەی ئەڵتمان، دەیان ملیۆن دۆلار زیانیان بە کۆمپانیاکەیان گەیاندووە.
بابەتەکە ئەو کات هاتە بەرباس، کاتێک یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە پۆستێکدا نووسی، "بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت کۆمپانیای OpenAI چەند پارەی تێچووی کارەبای لەدەستدابێت بەهۆی گوتنی (تکایە) و (سوپاس) بە چاتبۆتەکانی لەلایەن خەڵکەوە."
ئەڵتمان لە وەڵامدا بۆی نووسیوە، "دەیان ملیۆن دۆلاری تێچووە. ئێوە هەرگیز نازانن چۆنە."
ئەگەرچی رەنگە وا هەستبکەین سوپاسکردن و رێزگرتن لە چاتبۆتێکی بێ گیان شتێکی ناپێویست بێت، هەندێک ئەندازیاری ژیریی دەستکرد دەڵێن، گرنگە هەبێت.
کورتیس ڤیڤەرز، ئەندازیاری مایکرۆسۆفت دەڵێت، قسەکردنی جوان و رێزدار، یارمەتیدەرە بۆئەوەی چاتبۆتەکان وەڵامی جوان و سوودبەخشمان پێ بدەن.
راپرسییەکی کۆتایی ساڵی 2024 دەریدەخات، 67%ی بەکارهێنەرانی ژیریی دەستکرد لە ئەمریکا بە رێزەوە قسە لەگەڵ چاتبۆتەکان دەکەن. 55%ی ئەو کەسانە دەڵێن لەبەر ئەوە دەیکەن "چونکە ئەوە کارە راستەکەیە،" لە کاتێکدا 12%ی دیکەیان دەڵێن، بۆ ئەوەیە تاوەکو دڵی ژیریی دەستکرد لە خۆیان رازیبکەن بۆ ئەوەی ئەگەر سبەی تەکنەلۆجیاکە لە دەست دەرچوو، ئەویش بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بکات.
وەکو زانایانی بوارەکە دەڵێن، جارێ وادیارە سەرهەڵدان و یاخیبوونی ژیریی دەستکرد لە دژی مرۆڤ زۆر دوورە، ئەویش ئەگەر رووبدات.
زۆر لە لێکۆڵەرانی بواری ژیریی دەستکرد پێیانوایە، مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت سیستمێکی "ژیر" دروستبکات، کە بایی ئەوە هۆش و ئاگای هەبێت لە مرۆڤ هەڵبگەڕێتەوە. بۆیە دەڵێن، بەکارهێنانی وشەی "تکایە" و "سوپاس" تەنیا بەفیڕۆدانی پارە و کارەبایە.
لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی واشنتن پۆست کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کالیفۆرنیا کردوویەتی، دەریخستووە، ئەگەر ئیمەیڵێکی 100 وشەیی بە ژیریی دەستکرد بنووسی، ئەوا پێویستی بە 0.14 کیلۆوات کارەبا لە هەر کاژێرێکدا هەیە، کە بەشی یەک کاژێر کارپێکردنی 14 گڵۆپی LED دەکات. ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، هەفتەی جارێک ئیمەیڵێک بە ژیریی دەستکرد بنووسی، ئەوا 7.5 کیلۆ واتی لە کاژێرێکدا پێویستە، کە یەکسانە بەو کارەبایەی 9 ماڵی واشنتن دی سی لە یەک کاژێردا بەکاریدەبەن.
ئێستا بیهێنە پێش چاوت، ئەگەر رۆژانە دەیان هەزار بەکارهێنەر، ئەگەر ملیۆنان نەبن، پرسیار و داوکاریی درێژ و ئاڵۆز لە ChatGPT و ئامرازەکانی دیکەی ژیریی دەستکرد بکەن، دەبێت رۆژانە چەند کارەبا و چەند پارەی تێبچێت.
رەنگە سوپاسکردن و بەکارهێنانی ئاکاری جوان لەگەڵ چاتبۆتەکان بە لای بەشێکمانەوە هێندە جێگەی بایەخ نەبێت، بەڵام دەبێت بزانین کە هەر داواکاری و پرسیارێکمان، لێکەوتەی بۆ ژینگەش هەیە.
بنکەی شیکردنەوەی داتاکانی ژیری دەستکرد کە هەزاران سێرڤەریان تێدایە، لە ئێستاوە بەرپرسن لە بەکاربردنی 2٪ی کۆی وزەی کارەبای جیهان. چاوەڕێ دەکرێت ئەو رێژەیە تا بەرپەڕی ئاسمان بەرزبێتەوە لە کاتێکدا تاوەکو دێت، ژیریی دەستکرد زیاتر لە هەموو هەنگاوێکی ژیانماندا بەکاردەهێنین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ