رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا دەڵێت، فریدریک مێرتز دەبێتە راوێژکاری داهاتووی وڵاتەکە.
یەنس شپان، جێگری سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە رووداوی گوت: "راسپاردەیەکی روونمان هەیە و دەنگدەران خوازیاری گۆڕانکارین لە سیاسەتی وڵاتدا."
فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە بە رێژەی 29% دەنگی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هێنا، دەڵێت: لە سبەینێوە دەست دەکەم بە دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەو گوتی، "ئەمشەو نا، ئەمشەو کاتی ئاهەنگگێڕانە، سبەی دەست پێدەکەین".
فریدریک مێرتز بەهێزترین بەربژێرە و سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە (CDU)، پارتەکەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆشیاڵ کریستیانەکان هەیە، دەنگی یەکەمیان هێناوە. بەوپێیە، مێرتز لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە بۆ بوونە راوێژکاری ئەڵمانیا.
شپان دووپاتی کردەوە کە "شتێک روونە، فریدریک مێرتز دەبێتە راوێژکار" و ئەمەش وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی ئەڵمانیا دەبینرێت. ئاماژەی بە بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسیی ئەڵمانیا کرد: "ناڕەزایەتییەکی زۆر لە وڵاتدا هەیە کە دوو هێندە بووە".
هەروەها باسی لە سەرکەوتنی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) کرد و پەیوەندی ئەم سەرکەوتنەی بە کێشەی کۆچی نایاسایی و شکستی پرۆسەی یەکگرتنەوە بەستەوە.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسی وڵات، شپان جەختی لەسەر پێویستیی بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان هێزە دیموکراتییەکان کردەوە: "پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لە ناوەندی دیموکراتیدا تێگەیشتنێکی هاوبەشمان هەیە لەوەی چی بۆ ئەڵمانیا پێویستە؟"
ئەو هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی کۆتایی هێنان بە کۆچی نایاسایی و پشتیوانی زیاتر لە سوپای فیدراڵی وڵات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. زیاتر لە 59 ملیۆن کەس چوونە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگیان بۆ 630 کورسیی پەرلەمانی فیدراڵی دا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، ژمارەی کورسیی لایەنەکان بەمجۆرەیە: کریستیان دیموکراتەکان: 210 کورسی؛ جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا: 145 کورسی؛ سۆسیال دیموکرات: 118 کورسی؛ سەوزەکان: 94 کورسی؛ چەپەکان: 62 کورسی.
630 کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەن؛ بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کورسیی لایەنەکان بەمجۆرەیە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 23, 2025
دوایین زانیارییەکان لێرەوە بزانە: https://t.co/Yk072M2yIN pic.twitter.com/Wz5ndkA0Pp
هەرچی پارتی دیموکراتی ئازادە، تاوەکو ئێستا بەربەستی 5٪ـی تێنەپەڕاندووە، ئەگەر ئەو بەربەستە تێپەڕنەکات و ئەو رێژەیەی دەنگەکان بەدەستنەهێنێت، ناتوانێت بچێتە پەرلەمان.
بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەڵمانیا 12 کورد لەسەر لیستە جیاجیاکان بەربژێر بوون. ئەوە لەکاتێکدایە، وا مەزەندە دەکرێت نزیکەی دوو ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا هەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ