رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانییەکان ئەمڕۆ دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، بەگوێرەی دوایین راپرسیش پێشبینیکراوە پارتە پارێزگار و راستڕۆکان زۆرترین دەنگ بهێنن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 59 ملیۆن ئەڵمانی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 23ـی شوبات هەیە بۆ هەڵبژاردنی 630 کورسی پەرلەمان. زیاتر لە 30 ملیۆن لە دەنگدەران ئافرەتن و 28.6 ملیۆنیش دەنگدەری پیاون، هەروەها 2.3 ملیۆن ئەڵمانی یەکەمجاریانە دەنگ دەدەن.
دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی ئەڵمانیا (10:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر) دەکرێتەوە و تاوەکو کاژێر 20:00 بەکاتی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی دوایین راپرسی، نزیکەی 30٪ـی دەنگدەران هێشتا خۆیان یەکلایینەکردووەتەوە دەنگ بە چی لایەنێک دەدەن.
فرێدریک مێرتز، بەربژێری سەرەکی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) کە پارتێکی پارێزگارە، بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، لە دوایین هەڵمەتیدا بەڵێنی دا رێکاری تووند بگرێتەبەر بەرامبەر راستڕۆکان، ئەمەش لەکاتێکدایە راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەر پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (ئەی ئێف دی)، دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت و بەڵێنی تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران داوە.
مێرتز، رایگەیاندووە لە ئەگەری بردنەوەی پارتەکەی، ئەوا ئەڵمانیا دەنگێکی بەهێزتری لە ئەورووپا دەبێت و راشیگەیاندووە "دەبێت لەمەودوا ئاسایشی ئەورووپا بەدەست ئەورووپییەکان بێت، چونکە چیدیکە پشتگیرییەکانی ئەمریکا گەرەنتی نین."
هەروەها ئەو سەرکردەیەی پارتی CDU، بەڵێنی دا، سنوورەکانی ئەڵمانیا بەڕووی کۆچبەراندا تووندتر بکات و ئابووری وڵاتەکەشی زیندوو بکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە بۆ ئەڵمانیا کە خاوەنی گەورەترین ئابووری ئەورووپایە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کیشوەرە و ئەمریکا لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بەرەو لاوازیی دەچێت، بەتایبەتی لەبارەی ستراتیژییەتی رۆژئاوا لە جەنگی ئۆکراینا و کۆتاییهێنان بەو جەنگە سێ ساڵییە.
لە سەرانسەری ئەورووپا، نیگەرانی بەرامبەر بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا، بەبێ بەشداریپێکردنی وڵاتانی ئەورووپی و ئۆکراینا هەیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، ستایشی سیاسەتە تووندەکانی ئیدارەی ترەمپی کردووە، بەتایبەت ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا لە ئیدارەی ترەمپ، کە چەند جارێک لە هەڵمەتەکانی ئەی ئێفی دی لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری کردووە و پشتیگریی لەو پارتە راستڕۆیە کردووە. لە یەکێک لە هەڵمەتەکانیشدا رایگەیاند: "ئەو پارتە، تاکە پارتە بتوانێت ئەڵمانیا بپارێزێت."
راپرسییەکان پێشبینی دەکەن، پارتی کریستیان دیموکرات بە بەدەستهێنانی 30٪ـی دەنگەکان براوەی هەڵبژاردنەکان بێت و فرێدریک مێرتز ببێتە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا و شوێنی ئۆلاف شوڵتز بگرێتەوە.
لەدوای ئەو پارتەش، پێشبینی دەکرێت 20٪ـی دەنگەکان بۆ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بێت و ببێتە هێزی دووەم لە پرۆسەی سیاسیی ئەڵمانیادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ