دانیشتووانی خەرتووم لەژێر دووکەڵی شەڕدا پێشوازییان لە جەژن کرد

22-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنێکی شاری خەرتووم لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان. وێنە: AA
دیمەنێکی شاری خەرتووم لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان. وێنە: AA
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وێڕای ئاگربەستێکی سێ رۆژە، شەڕ و دووکەڵی بۆردوومان سیمای ئەم جەژنەی خەرتوومی پایتەختی سوودانیان تێکدا. دەنگی تەقە لە نێوەڕاستی خەرتووم نەوەستاوە و خەڵکەکە نەیانتوانی بە ئازادی جەژنە پیرۆزە لە یەکدی بکەن. لە شاری ئومدورمان، خەڵک خۆی بە زیانمەندی سەرەکیی شەڕە نێوخۆییەکە دادەنێت. 
 
عوسمان مەرغانی، دانیشتووی ئومدەرمان، لە سوودان دەڵێت، "سوێند بەخوا هیچ براوەیەک لەم جەنگەدا نییە. تەنیا وێرانکاری، تاڵانکاری و دزیی بەدوادێت. هیچ چێژمان لەم جەژنە نەبینی."
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە 15ـی ئەم مانگەوە، لانیکەم 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 551 برینداربوون. ئەمریکا کوژرانی هاووڵاتیێکی خۆی پشتڕاستکردەوە. وەزیری بەرگرییەکەی دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ گەڕاندنەوەی ستافی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتووم کردووە. 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "ئێمە هەندێ هێزمان لە گۆڕەپانەکە جێگیرکردوون بۆ ئەوەی زۆرترین بژاردەمان لەبەردەستدابێت، ئەگەر بێتو داوامان لێ بکرێت شتێک بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا داوای هیچمان لێ نەکراوە."
 
ئیسپانیا بۆ هەمان مەبەست فڕۆکەکانی ئامادەکردووە، بەڵام رووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە. خۆزێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا باسی لەوە کرد، "لەم ساتەدا بارودۆخ گونجاونییە بۆ نیشتنەوەی فڕۆکەکان."
 
وێنەی مانگە دەستکردەکان پێشانیدەدەن ناوچەکانی شەڕ، زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە. لە ناوچە رەشانەی شاری ئومدەرمانی ناوەندی ویلایەتی کوردوفانی باکوور، قەبارەی زیانەکان زۆر زیاترن لە هەندێک شوێن. 
 
سەرکردەکانی ناوچەکە و جیهان لە پەیوەندیکردن بە فەرماندەی سوپای سوودان و فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا بەردەوامن، بۆ ئەوەی هانیان بدەن کۆتایی بە شەڕەکەیان بێنن، شەڕێک کە بەهۆی رێکنەکەوتنیان لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانیان، دوو هاوپەیمانی پێشووی کردووەتە دوو دوژمنی سەرسەخت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە