رووداو دیجیتاڵ
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کەمپیەنێک لەژێر ناوی "ماڵەکانمان زۆر گرانن" لەلایەن سێ هەزار چالاکڤانەوە دەستپێکراوە و بڵاوکراوەیەکەیان بە 14 زمان کە کوردیشی تێدایە، بڵاوکردووەتەوە.
یان کاسیدی ، گەنجێکی دانیشتووی بەرلینە و جگە لە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە، بە کڵاو ملپێچ و جانتاکەی دەستی، گوزارشت لە قەیرانی کرێی زۆر و دەستنەکەوتنی یەکەی نیشتەجێبوون لە بەرلین دەکات. یان 13 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، بۆ شووقەیەکەی 50 مەتر چوارگۆشەیی، مانگانە 650 یۆرۆ دەدات. ئەگەر گرێبەستەکەشی نوێبکاتەوە، نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە.
یان کاسیدی، دانیشتووی بەرلینە و لەبارەی ژیانی کرێجییەتییەوە دەڵێت، "زۆر خەڵک هەن بەشێوەیەک دەژین هەر ماوەیەک لە ژوورێکی کرێ بۆ ماوەیەکی کاتی دەمێننەوە ، لەم ژوور بۆ ئەم ژوور لە بەرلین، یانی دوو مانگ دوو مانگ، ئەمە چەند ساڵێک دەخایێنێت تاوەکو جێگەیەکی هەمیشەیی دەدۆزنەوە، من زۆر بە بەختم کە ئەوکاتەی هاتم بۆ ئێرە شووقەی زیاتر هەبوون بۆ دەستکەوتن".
قەیرانی دەستنەکەوتنی یەکەی نیشتەجێبوون و گرانبوونی کرێ دانیشتووانی بەرلینی نیگەران کردووە. ئەوەی لە کۆنەوە گرێبەستێکی هەیە ناوێرێ بیر لە گۆڕینی بکاتەوە، چونکە لە گرێبەستی نوێ نرخەکان بوونە بە ئاگر.
هەندێک لە خاوەن موڵکەکان، کرێچییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت کرێی زیاتر بدەن، هۆکاری ئەم قەیرانەش بۆ زیادبوونی ژمارەی پەنابەران و کۆچبەران دەگەڕێنرێتەوە.
بێنیت سانتیلمان, دانیشتووی بەرلینە و لەبارەی کرێکەیەوە دەڵێت، "من نزیکەی هەزار یۆرۆ کرێ دەدەم، کە نرخێکی باشە بۆ ئەوەی کە من هەمە، بەڵام من بەختم هەبوو کە ئەم شووقەیەم زۆر لە کۆنەوە دەستکەوتووە، هەموو کەسێک ئەم بەختەی نییە و دەبێت کرێی زۆر زیاتر بدەن."
ماری ماریت، یەکێکی دیکەیە لە دانیشووانی بەرلین و لەبارەی دۆزینەوەی شووقەی نوێوە دەڵێت، "زۆر سەختە شتێکی نوێ بدۆزیتەوە بەتایبەت لە بەرلین، چونکە زۆر گرانن و دەبێت واستەت هەبێت، من ئەو شووقەیەی خۆم لە رێگەی هاوڕێیەکم دەستکەوتووە. ئەگەر خەڵک نەناسی زۆر سەختە شتێکت دەستبکەوێت."
حکومەتەکەی ئۆلاف شۆڵتز پلانی هەبوو ساڵانە 400 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکات، بەڵام ساڵی رابردوو 215 هەزار و 900 یەکە دروستکراون، هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەڵمانیا لەم قۆناخە پێویستی بە 600 بۆ 800 هەزار یەکەی نوێیە تاوەکو لەم دۆخە دەرباز ببێت.
لە بەرلین ناوەندێک هەیە تایبەتە بە راوێژدان بەو کرێچیانەی گرفتیان هەیە. د. ئۆریلکە هامان، بەرپرسی ناوەندی راوێژی کرێنشینانە و لەبارەی دۆزینەوەی شووقە لە شارەکە ئاماژە بەوە دەدات، "ئەگەر بێیت بۆ بەرلین و بەدوای شوقەیەک بگەڕێیت، سەرەتا هیچ نادۆزیتەوە، چونکە شووقە نییە، ئەگەر یەکێکیش بدۆزیتەوە بە تێکڕا کرێیان واتە هەمان شووقەی کۆن تەنیا بە گرێبەستی تازە نزیکەی 17،60 یۆرۆ بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەکە، واتە 17 هەزار و 69 یۆرۆ بۆ 100 مەتر چوارگۆشە."
بە گوێرەی داتایەکی (OECD) زۆربەی خەڵکی ئەڵمانیا 40٪ـی داهاتیان دەدەن بە کرێ و ئەڵمانیا بە وڵاتی کرێچییەکان ناودەهێنرێت، چونکە دوایین داتا دەڵێ 37 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا کرێچین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ