گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی میانمارەوە بۆ 2739 کەس بەرزبووەوە

01-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانمار دەڵێت، هیچ هاوکارییەکیان لەلایەن وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی بەسەر لێقەوماوانی میانماریدا دابەشی بکەن. بە گوێرەی دوایین ئاماریش، مردن لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە بۆ 2739 کەس بەرزبووەتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 1ی نیسانی 2025، مارکۆلویجی کۆرسی، سەرپەرشتیاری کاروباری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانمار بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە هاوکاریکردنی خەڵکی میانمار بەردەوامین، بە سوودوەرگرتن لەو پێداویستییانەی هەمانە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی نوێمان [لەلایەن وڵاتانەوە] بەدەست نەگەیشتووە". 
 
رۆژی هەینی 28-3-2025 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 پلە و 6.4 پلە بە پێوەری رێختەر لە میانماریان دا. 
 
بە گوێرەی حکومەتی وڵاتەکە کە دوایین ئاماری دوانیوەڕۆی ئەمرۆ بڵاوکردەوە، دوو هەزار و 719 کەس گیانیان لەدەستداوە، 4 هەزار و 500 کەس بریندار بوون و 270 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
 
 بوومەلەرزەکان کاریگەریان لەسەر تایلەندیش هەبوو و لەوێش 20 کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
حکومەتی میانمار پێشبینی دەکات ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت، چونکە هێشتا گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان بەردەوامە. 
 
دۆخی ئاسایشی میانمار باش نییە. تۆم ئەندروس، ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانمار دەڵێت، بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوپا و ئەو گرووپانەی دژی سوپان، رێگری بۆ تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستبووە. 
 
کۆرسی دەڵێت، ئەو گرژیانە کاریگەرییان هەبووە، بەڵام هەوڵ دەدەن بەردەوام بن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە. 
 
رۆژێک دوای بوومەلەرزەکە نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان OCHA لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی میانمار رایگەیاند: "هاوکاری مرۆیی بەپەلە پێویستە بۆ پشتیوانیکردنی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە،" ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی دەرمان، تێکچوونی رێگەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن ناتوانن بەباشی بەهانای لێقەوماوانەوە بچن. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی میانمار، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نزیکەی 3.5 ملیۆن هاووڵاتی بێ ماڵ و حاڵ بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە