رووداو - ئەڵمانیا
ئەڵمانیا لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدایە، شەقام و کۆڵانەکان بە درووشمی پارتەکان و وێنەی بەربژێرەکان داپۆشراون، ئەمجارە پرسی کۆچ و پەنابەران، باڵی بەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردندا کێشاوە و بووەتە بابەتێکی گەرم.
هەموو پرسەکانی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە لە دوای هێرشە کوشندەکەی پەنابەرێکی رەتکراوەی ئەفغانی لە شاری ئاشافنبورگ، زەق بوونەوە و بوونە بابەتی گەرم کاتێک بە چەقۆ منداڵێک و پیاوێکی کوشت و چەند کەسێکی دیکەی بریندار کرد.
پرسی کۆچبەران هەرگیز هێندەی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی ئەڵمانیا نەبووەتە بابەتی گەرمی بانگەشە؛ دەنگی ناڕەزایی بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە بەرزبووەتەوە و باسی کەرتبوونی کۆمەڵگە دەکرێت.
پارتی راستڕۆی تووندڕۆ (AFD) داوای تووندکردنەوەی رێکارەکان دەکات، پارتی کریستیان دیموکراتەکان هەمان پرسی وەک پڕۆژەیاسا بردە پەرلەمان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، کێشەکە ئاڵۆزترە لەوەی پارتەکان باسی دەکەن. رووداو لە پەرلەمانی ئەڵمانیاوە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتەکان کردووە بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەتوانن خۆیان لەم پرسەدا رزگار بکەن، کە بەرۆکی گرتوون.
ژمارەی کۆچبەران ریکۆردی شکاندووە و پارتەکان هاواریان لێ هەڵساوە
3.48 ملیۆن کۆچبەر لە ئەڵمانیا دەژین، یەک ملیۆن و 18 هەزاریان خەڵکی ئۆکراینان، ئەوانی دیکە زۆرینەیان خەڵکی سووریا و ئەفغانستانن، ژمارەکە ریکۆردی شکاندووە و لە ساڵی 1950ـەوە ئەڵمانیا ئەمەی بە خۆیەوە نەبینیوە.
لەسەر ئەجێندای هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەموو پارتەکان لە چەپەوە تاوەکو راست، ناکۆکی لەسەر رێڕەوی دروست لە سیاسەتی کۆچبەریدا کە ساڵانێکە لە گەرماوگەرمدایە، ئێستا پەرەی سەندووە. پارتەکان هاواریان لێ هەستاوە و دەڵێن، هەرێمەکان، شارەوانییەکان، قوتابخانەکان و کەرتی خانووبەرە بەرگەی ئەو ژمارەیە ناگرن. پارتەکان داوای چارەسەرێک بۆ سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران بەتایبەتی کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن. هەریەکە و پێشنیازێکی بۆ ئەم پرسە هەیە.
فراکسیۆنی پارتی AFDـی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە خاوەنی 76 کورسییە. لە سێ هەرێمی ئەڵمانیا بوونەتە یەکەم و دووەم بەهێزترین هێز، ئێستاش بەپێی راپرسییەکان 21%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، ئەمەش دەگوترێت بەهۆی سیاسەتی تووندی دژەکۆچبەرانیانەوەیە.
مارتن هێس، گوتەبێژی سیاسەتی نێوخۆی فراکسیۆنی AFD بە رووداوی گوت "ئەوەی ئێمە دژی دەوەستینەوە، کۆچی بەکۆمەڵی نایاساییە کە ئەنجامی وێرانکەری بۆ ئەڵمانیا هەیە، لەنێو ئەم ملیۆنان کەسەدا، ژمارەیەکی بەرچاوی ئیسلامییەکان هەن کە لێرە هێرشی تیرۆریستی ئەنجام دەکەن؛ ژمارەیەکی بەرچاوی تووندئاژۆکان هەن، بیر لە زیادبوونی تاوانەکانی چەقۆ بکەنەوە، بیر لە زیادبوونی تاوانە سێکسییەکان بکەنەوە. ئێمە هیچ کام لەمانەمان ناوێت."
هەروەها دەڵێ "هەر کەسێک سنوورەکانی خۆی بەجێبهێڵێت، ئاسایشی خۆی بەجێدەهێڵێت و ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بەمە بهێنین. نامانەوێت کەسانێک لێرە بن کە نایانەوێت لەگەڵ ئێمە دا بژین، بەڵکو دژی ئێمە دەژین و بیرۆکەی ئیسلامییان هەیە و دەیانەوێت لە خەلافەتدا بژین. هەر کەسێک شتی وای بیوێت، لە ئەڵمانیا جێی نابێتەوە."
گوتەبێژەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوان کۆمەڵگەی تەریب قبووڵ ناکەن و دەڵێ "دەمانەوێت لێرە لە ئەڵمانیا، کولتووری ئێمە پەیڕەو بکرێت و سیستمی یاسایی ئێمە جێبەجێ بکرێت، لەمەدا هیچ سازشێک ناکەین، هەرکەسێک بیەوێت لە خەلافەتدا بژی، با بڕوات بۆ ئەو شوێنەی ئەو جۆرە سیستمی دەوڵەتەی تێدایە، ئەڵمانیا بە دڵنیاییەوە شوێنی هەڵە دەبێت بۆی."
"کۆچبەران بۆ سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دێن و ئەڵمانیا دەبەنە لێواری داڕمانی داراییەوە"
لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی AFD درووشمی دژەکۆچبەری بەرزدەکاتەوە و داوای گۆڕانکارییەکی 180 پلەیی دەکات لە سیاسەتی کۆچبەراندا، چونکە ئەوان پێیان وایە بە شێوەیەکی دیکە، ناتوانرێت ئاسایش لە ئەڵمانیا بێتەدی.
بۆیە پارتەکە داوای کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەڵمانیا دەکات. رەتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی هەر لەسەر سنوور، دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی تاوانیان ئەنجام داوە، هەروەها گەڕانەوەی ئەو سوورییانەی لە دەستی رژێمی ئەسەد هەڵاتوون و لە ئەڵمانیا مافی پەنابەرییان وەرگرتووە، لە داواکارییەکانیانن.
مارتن هێس، گوتەبێژی سیاسەتی ناوخۆی فراکسیۆنی پارتی AFD گوتیشی "بەڕاستی چاوەڕوان دەکەین ئەو سوورییانەی لەبەر ئەسەد هەڵاتوون و ئێستاش ئەسەد لە دەسەڵاتدا نەماوە، بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان و بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن. مافی ژیانێکی بێ کێشە نییە، چونکە زۆر پارتی دیکە دیسان دەڵێن دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین دۆخی سووریا چۆن پەرەدەسێنێت. نەخێر، وا نییە، هۆکاری هەڵاتن نەماوە. کەواتە مافی مانەوە لە ئەڵمانیاش نامێنێت، بۆیە چاوەڕوانی ئێمە زۆر روونە، ئەو کەسانە دەبێت بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان و لەوێ ژیانێکی گونجاو دروست بکەن. هەروەها، وەک دەشزانن، ژمارەیەکی زۆری ئەم کەسانە نەوەک بۆ دروستکردنی ژیانی خۆیان، بەڵکو بۆ سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دێن، ئەمەش ئەڵمانیا دەباتە لێواری داڕمانی داراییەوە."
تەنیا پارتی AFD داوای تووندکردنەوەی رێکارەکانی دژی کۆچبەران ناکات، بەڵکو پارتی کریستیان دیموکراتەکان و پارتی ئازادیی دیموکراتیش بە هەمان شێوە، بەشێوەیەک پارتی AFD بە بەردەوامی پارتی کریستیان دیموکراتەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی "پرۆگرامی تووندکردنی رێکارەکانی دژی کۆچبەرانی ئێمەیان بە تەواوی کۆپی کردووە و تەنانەت گۆڕانکارییەکیشیان تێدا نەکردووە."
ئەو پڕۆژە بڕیارە پارتی کریستیان دیموکراتەکان لە دوایین دانیشتنەکانی پەرلەمانی فیدڕال بردیانە نێو پەرلەمان، لە یەکەم دانیشتن دا پارتی جێگرەوە، پارتی لیبراڵەکان دەنگیان پێدا و بووە پڕۆژەیاسا، ئەمەش بوومەلەرزەی سیاسیی لە ئەڵمانیا دروست کرد، چونکە یەکەم جارە لە مێژووی ئەڵمانیا دا تابلۆیەکی لەم شێوەیە بشکێنرێت، پارتی کریستیان دیموکراتەکان رووبەڕووی رەخنەی تووند بوونەوە، بەڵام پارتی کریستیان دیموکراتەکان و سەرۆکی پارتەکەش، فریدریش مێرتس سوورن لەسەر پڕۆژەیاساکەیان کە لە دوایین دانیشتندا دەنگی زۆری بەدەست نەهێنا.
یەنس شپان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کریستیان دیموکراتەکان دەڵێ "سەرەتا لەو 5 خاڵەدا باس لەوە دەکرێت، ئێستا پێویستە زۆر بەخێرایی لە سنووری ئەڵمانیا بگەڕێندرێنەوە و بگوترێت تاوەکو ئێرە و تەواو. زۆر بەخێرایی سەیری ئەوە بکرێت، بەتایبەت لە کوێ کۆچبەرە تاوانبارەکان هەن، کە چەندین جار بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتیان لەسەرە، کەچی بە ئازادی لە ئەڵمانیا دەسووڕێنەوە، تۆ ناتوانیت ئەمە بۆ دایک و باوکی منداڵێکی دوو ساڵان روون بکەیتەوە، کەسێک بۆی نییە لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە، کە منداڵەکەتی بەر چەقۆ داوە، کەواتە ئەمە ناکرێت روونبکرێتەوە و ئێمە دەمانەوێت کۆتایی پێبهێنین."
گوتیشی "زۆرینەی ئەڵمانەکان، پێموایە نەوەک تەنیا ئەڵمانەکان، بەڵکو زۆرینەی خەڵک لە وڵات، ئەوانەی ژیرن، ئەوانەی داهاتوویەکی باش بۆ ئەڵمانیا دەخوازن و بەتایبەت ئاسایش بۆ منداڵەکانیان، ئەم زۆرینە گەورەیە دەیانەوێت کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بێت."
سێ پارت داوای جێگیریکردنی کۆنترۆڵی هەمیشەیی سنوورەکانی ئەڵمانیا دەکەن
درووشمی زۆرینەی پارتەکانی ئەڵمانیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە "کۆتایی بە کۆچی نایاسایی و گەڕانەوەی ئاسایشە بۆ ئەڵمانیا" بەڵام پارتەکانی CDU ،FDP و AFD هەرسێکیان داوای جێگیریکردنی کۆنترۆڵی هەمیشەیی سنوورەکانی ئەڵمانیا دەکەن. لەکاتێکدا ئێستا کۆنترۆڵی کاتی لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا هەیە، کە لەلایەن نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئێستای ئەڵمانیا فەرمانی پێکراوە. دەبێت هەر 6 مانگ جارێک، لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپاوە رەزامەندی لەسەر بدرێت.
سۆسیال دیموکراتەکان دەڵێن: پۆلیسی فیدڕالی ناتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی هەموو ناوچەکان بکات، لەبەرئەوەی ئەڵمانیا هەزاران کیلۆمەتر "سنووری سەوز"ـی هەیە، بەڵام پارتی AFD تەنانەت باسی "دروستکردنی پەرژینی سنووری" دەکات، ئەمە لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکراتەکانەوە رەتکراوەتەوە و دەڵێن دەبێت ناوچەی شینگن بپارێزین و دووبارە دانانی کۆنترۆڵی کاتیی سنووری ناوخۆیی، دەبێت "دوا رێگەچارە بێت."
پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتەکان داوای "قەدەخەکردنی کردەیی هاتنەناوەوە" لەسەر سنوور دەکات بۆ ئەو کەسانەی بەڵگەنامەی هاتنەناوەوەی دروستیان نییە، پارتی جێگرەوە، هەمان داواکارییان هەیە، ئەوان داوادەکەن هەر لەسەر سنوور بێ گوێدان بەوەی ئەو کۆچبەرانە مافی داواکردنی پاراستنیان هەیە، واتا مافی پەنابەری، رێگەیان پێنەدرێت.
پارتی سۆسیال دیموکراتەکان، سەوزەکان و پارتی چەپەکان داوا دەکەن کۆچبەران رێگەیان پێبدرێت بێنە نێو ئەڵمانیا و بمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی مافی پەنابەریێتیان یەکلادەکرێتەوە، پاشان بڕیاری ناردنەوەیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا بدرێت، پارتی سۆسیال دیموکراتەکان کە ماوەی 3 ساڵە نیوەی دەسەڵاتن، دەڵێن ئەوەی ئێمە کردوومانە، تائێستا هیچ پارتێک نەیکردووە.
رێم ئالابالی رادۆڤان، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆچبەران سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دەڵێ "ئێمە بە روونی پشتیوانی لە مرۆڤایەتی و رێکخستن دەکەین. لە سێ ساڵ و نیوی رابردوودا لە حکومەتدا نیشانمان داوە کە چی دەکەین. لە لایەکەوە، ئێمە لە سەرەتاوە لایەنگری تێکەڵبوونین. من بە تایبەتی خەباتم کردووە بۆ نموونە بۆ کەمکردنەوەی قەدەخەکردنی کارکردن. چونکە پێموایە نابێت خەڵک ناچار بکەین بە بێکاری دابنیشن. ئێمە خوولەکانی تێکەڵبوونمان بۆ هەمووان کردووەتەوە، بەبێ گوێدانە باری مانەوەیان."
دەشڵێ "هەروەها زیاتر وەبەرهێنانمان کردووە، بۆ نموونە لە قوتابخانەکان. پێم وایە ئەمە بوارێکی زۆر گرنگە کاتێک باسی تێکەڵبوون دەکەین. لە هەمان کاتدا بەشی رێکخستنیشمان هەیە. مەبەست لێی رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی کۆچ و کۆچی پەنابەرییە بۆ ئەڵمانیا. بۆیە سیستمی هاوبەشی پەنابەریی ئەورووپیمان خستووەتەڕێ. مەسەلەکە پەیوەندیی بە دابەشکردنی یەکسانەوە هەیە لە ئەورووپا. ئەنجامەکان دیارن؛ ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەری 30% کەمیان کردووە. لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی گەورەشمان هەبووە، بۆ نموونە لەگەڵ یاسای هاوڵاتیبوونمان. یاسایەکی مۆدێرنی هاوڵاتیبوونمان خستووەتەڕێ کە رێگە بە هاوڵاتیبوونی دووانە دەدات بۆ هەر کەسێک، کە بیەوێت. ئەمەیە ئەوەی پارتی سۆسیال دیموکرات پشتیوانیی لێ دەکات؛ تێکەڵبوون لە سەرەتاوە بۆ هەمووان، هەمان دەرفەت بۆ هەمووان. بەڵام لە هەمان کاتدا رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی کۆچ."
بابەتێکی دیکە کە ئێستا لە بانگەشەی هەڵبژاردن و لە دیبەیتەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای پارتەکاندا خاڵێکی گرنگە، پرسی دیپۆرتکردنەوەیە، نزیکەی 261 هەزار و 925 کەس لە ئەڵمانیان کە دەبێت ئەڵمانیا جێبهێڵن، بەڵام لە ساڵی 2024 تەنیا توانراوە 16 هەزار و 430 کەس دیپۆرت بکرێنەوە، لە 140 رۆژی رابردوودا 22 هەزار و 243 کەس لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا هەوڵیان داوە سنوور ببەزێنن، لە کۆی ئەو ژمارەیە 13 هەزار و 786 پاسپۆرتیان پێنەبووە و لە رێگەی کۆنترۆڵی پۆلیسەوە توانراوە بگەڕێندرێنەوە، هەروەها نزیکەی 518 قاچاخچی دەستگیرکراون، لە ساڵی 2024ـدا، 229 هەزار و 751 کەس داوای مافی پەنابەریان کردووە.
فێلیکس باناچێک، سەرۆکی پارتی سەوزەکان بە رووداوی گوت "ئێمە لە هەموو روویەکەوە واقیعیین، دەزانین زۆربەی ئەو کەسانەی بەرەو ئەورووپا دێن، ئەمە بۆ خۆشی و کەیف ناکەن، بەڵکو لەبەرئەوەیە چەوسێنراونەتەوە، هەڕەشەیان لێ کراوە، چونکە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا قەیران و جەنگ و ململانێ هەن. بۆیە گرنگە بۆ من و ئێمە کە ئەڵمانیا وەک وڵاتێکی کراوە بەڕووی جیهاندا بمێنێتەوە، وڵاتێک کە ئاگاداری بەرپرسیاریێتی خۆیەتی، وڵاتێک کە لە مێژووی خۆیەوە فێربووە، ئێمە پشتیوانی لەمە دەکەین."
سەرۆکی پارتی سەوزەکان باسی لەوە کرد کە ئەوان "لە هەمان کاتدا واقیعبینین و دەزانین شارەوانییەکان بۆ نموونە پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، چونکە بێگومان ئەمە ئەرک و ئاڵنگارییەکە، کاتێک لە ماوەی ساڵانی رابردوودا خەڵکی زۆر هاتوونەتە ئەڵمانیا، هەموویان پێویستیان بە شوێنی باخچەی ساوایان و شوێنی نیشتەجێبوون و هەموو شتێک هەیە. بۆیە زۆر باشە کە شارەوانی زۆر هەن، لەوانە لە کۆڵن، کە دەڵێن ئێمە جێگەمان هەیە بۆ خەڵک، بەڵام پێویستمان بە پشتیوانیی دارایی لە هەرێمەکە و لە حکومەتی فیدراڵ هەیە و ئێمە پشتیوانیی لەمە دەکەین."
کۆتاییهێنان بە هێنانی خێزانی پەنابەران و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن و بڕینی مووچە، واتا لەبری پارە تەنیا وەرگرتنی شتوومەک، داواکارییەکانی دژی کۆچبەران و پرسی سیاسەتی کۆچبەران بوونەتە پرسی یەکلاکەرەوە لەم هەڵبژاردنەدا.
پرۆفیسۆر د. هێفرید موینکلەر، پرۆفیسۆری زانستی سیاسی دەڵێ ئەم دژایەتی و بڵاوکردنەوەی رق و کینەیە لە لایەن AFDـەوە دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگە و ئابووریی ئەڵمانیاش لاوازدەکات.
پرۆفیسۆر موینکلەر بە رووداوی گوت "بێگومان ئەم بانگەشانە کۆمەڵگەی ئەڵمانی دابەش دەکەن و کۆمەڵێک کێشە دروست دەکەن، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کۆچبەران بە باشی تێکەڵ بوون و پۆستی گرنگیشیان لە ژیانی کاردا وەرگرتووە، دەکرێت وێنای ئەوە بکەین؛ لە هەرێمی تورینگن حکومەتێکی کەمینەی پارتی AFD لە دەسەڵاتدا بێت، وا نییە؟ ئەو کەسانەی لە بواری چاودێری و نەخۆشخانەکان و زۆر شوێنی دیکەدا کار دەکەن، تورینگیا بەجێ دەهێڵن، نەک ئەڵمانیا، بەڵکو دەچنە هەرێمێکی دیکەی ئەڵمانیا. تەنیا وەک تاقیکردنەوەیەکی بیرکردنەوە روونی دەکاتەوە، کە AFD بە چ شێوەیەک زیان لە خۆشگوزەرانیی ئەڵمانیا دەدات، لەگەڵ لێدوانە گێلانەکانی خاتوو ڤایدل سەبارەت بە لەناوبردنی توربینە باییەکان و زۆر شتی دیکەش."
"بەڵام توانایەک لە دانیشتوواندا هەیە کە هەڵبژاردن بەکاردەهێنن بۆ ساردکردنەوەی تووڕەییان، دەرخستنی هەستەکانیان، تووڕەیی و رقیان." پرۆفیسۆر د. هێفرید موینکلەر دەشڵێ "دەکرێت ئەوەش ببینرێت چۆن AFD لە بانگەشەی هەڵبژاردنیدا باسی ئەمە دەکات، وا نییە؟ بەرگری لە خۆتان بکەن! بەڵێ، کردەی هەڵبژاردن بەرگری لەخۆکردن نییە، بەڵکو لە دیموکراسیدا بەشداریکردنە لە بەشداریی سیاسی. بەرگری لە خۆتان بکەن! کەواتە لە بنەڕەتدا هەستی نەرێنی کە لێرەدا جووڵێنراوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا لاوازتر بێت لەوەی دەکرێت هەبێت."
ململانێیەکان بەهێزن لەم هەڵبژاردنەدا و بەهۆی ترسی بەهێزبوونی پارتێکی راستۆی تووندڕۆ هەروەها دژایەتیی راستڕۆ دژی سیاسەتی کۆچبەرانی پارتی کریستیان دیموکراتەکان لە سەرانسەری ئەڵمانیا، بە هەزاران کەس چوونەتە سەر شەقام، چونکە نزیکەی 30%ـی دانیشتووی ئەڵمانیا پێشینەی کۆچیان هەیە و پارتی چەپەکان و چەپەکانی ناوەڕاست، درووشمی فرەڕەنگی بەرزدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ