رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت، ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا ناچار دەکەن کێشەکانی وڵاتەکەیان چارەسەر بکات.
رۆژی دووشەممە، لە هەڤپەیڤینێکدا تینۆ کوپالا، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان تەنیا بۆ خەڵکی ئەڵمانیا نا بەڵکو بۆ کۆچبەرانیش سیاسەت دەکەن و "زۆر کەس لە ناو پارتەکەماندا هەست بە نائارامی دەکەن لە ئەڵمانیا. من پێموایە بەڕاستی کێشەیە بۆ ئەم کۆچبەرانە کە بە شێوەیەکی سرووشتی بەرپرسیار بکرێن."
ئەو سەرکردە ئەڵمانییە باس لەوەشدەکات، هەر کۆچبەرێک ئەگەر زمانەکەیان فێر بن و کاریان هەبێت بەشداری لە سیستمی کۆمەڵایەتییان بکەن و پارەی تێدا دابنێن، "بە گەرمی" پێشوازییان لێدەکەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تینۆ کوپالا، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD):
رووداو: بەڕێز کوپالا، سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. پرسیاری من لە بەڕێزتان ئەوەیە، ئێوە دەنگەکانتان دوو هێندە زیادی کردووە، دەنگدەرانتان چاوەڕێن ئەو بابەتانەی کە بەڵێنتان پێداون جێبەجێ بکەن، ئەمە چۆن دەکەن؟
تینۆ کوپالا: ئێمە لە کامپەینی هەڵبژاردنەکاندا بەم بابەتانە سەرکەوتنمان بەدەست هێنا. ئێمە لە پەرلەمانی فیدڕاڵیشدا وەک بەهێزترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام دەبین لە پێشخستنی ئەم پرسانە. ئێمە حکومەت ناچار دەکەین کێشەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر بکات. بۆ ئێمە هەمیشە وڵات لە پلەی یەکەم دێت و دواتر پارت، پاشان کەس. ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆنیش بەم متمانەی دەنگدەران و بەم دەنگە بەهێزەوە بەرەو پێش دەڕۆین. بۆ ئەمەش پێویست ناکات حوکمڕانی بکەین؛ هەرچەندە ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا حوکمڕانی دەکەین، بەڵام پێموایە زیاتر لەسەر ئاستی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەبێت.
رووداو: بەڕێزتان باس لە گۆڕانکاری لە سیاسەتدا دەکەن، مەبەستتان چییە لەو گۆڕانکارییە؟
تینۆ کوپالا: ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی تەواوە. من بەڕاستی دەمەوێت ئەم وشەیەی ئۆلاف شۆڵتز بەکاربهێنم لە سیاسەتی کۆچبەریدا "دەبێت ئەو کۆچبەرانەی تاوانیان ئەنجام داوە دەربکرێن، هەروەها ئەوانەش کە مافی مانەوەیان نییە. ئێمە لە سیاسەتی ئابووریدا پێویستمان بە گۆڕانکارییە" گەڕانەوە بۆ وزەی رووسی، لە ئەڵمانیا پێویستیمان بە وزەی ناوەکی هەیە، کرانەوە بۆ تەکنەلۆژیا، تاوەکو نرخی کارەبا و گاز دابەزێت، تاوەکو پاشەکشەی پیشەسازی لەم وڵاتەدا ڕابگیرێت، باجی CO2 و هەموو ئەو بابەتانەی کە بەڕاستی زیانیان بە ئابووری گەیاندووە. هەروەها بیرۆکراسییەکەش. ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت ئەمانە بە تووندی بیسڕینەوە و کەمیان بکەینەوە. پێموایە ئەمانە یەکەم هەنگاو دەبن ئەگەر ئێمە لە حکومەتدا بین.
رووداو: بەپێی ئامارەکانیش بێت، کۆچبەریش دەنگی داوە بە پارتەکەی بەڕێزتان، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
تینۆ کوپالا: ئێمە بۆ کۆچبەرانیش سیاسەت دەکەین. زۆر کەس لە ناو پارتەکەماندا هەست بە نائارامی دەکەن لە ئەڵمانیا. من پێموایە بەڕاستی کێشەیە بۆ ئەم کۆچبەرانە کە بە شێوەیەکی سرووشتی بەرپرسیار بکرێن لە هێرشە ترسناکەکانی کۆچبەرانی دیکە. ئەم خەڵکەش ئەمەیان ناوێت. کەواتە ئێمە بۆ ئەوانیش سیاسەت دەکەین. دووبارەی دەکەمەوە، کەسانی پیشەیی باش راهێنراو، ئەگەر بەڕاستی هەبن لە ئەڵمانیا و ئەگەر زمانەکە فێر بن و کاریان هەبێت و بەشداری لە سیستمی کۆمەڵایەتیمان بکەن و پارەی تێدا دابنێن، بە گەرمی بەخێر بێن. ئێمە بۆ ئەوانیش هەر بەهەمان شێوە سیاسەت دەکەین.
رووداو: پارتەکانی دیکە نایانەوێت هاوپەیمانی پێکبێنن، ئێوەش دەڵێن ئەگەر وا بکەن خۆیان لە پشتی ئەو دیوارە دەسووتێن، خۆتان لە کوێ دەبینن لە چوار ساڵی داهاتوودا؟
تینۆ کوپالا: لەوانەیە تەنانەت لە دوو ساڵدا بێت. ئێستا کەس نازانێت پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ چەند دەخایێنێت. لەڕووی پەرلەمانییەوە نادیموکراتییە، بەتایبەت بەم ئەنجامانەوە، کە زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگدەر پەراوێز بخرێن. پێموایە دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت. ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و لەگەڵ هەموو لایەک قسە دەکەین، ئەمەشمان بەردەوام روون کردووەتەوە و بەمەش نیشانی دەدەین چ بەرپرسیارێتییەکمان لە دەنگدەران وەرگرتووە. بۆیە ئەرکی فریدریش مێرتزە کۆتایی بەم دیوارە ئاگرینە نادیموکراتییە بهێنێت. ئەگەر نا خۆی لە پشت دیواری ئەم ئاگرەوە دەسووتێت.
رووداو: لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەنگێکی زۆرتان بە دەستهێنا، ئەمە هۆکارەکەی چییە؟
تینۆ کوپالا: بەڵێ، چونکە لەوێ دەبینرێت خەڵک چۆن سەیری دیوارە ئاگرینەکە دەکەن. ئێمە لە رۆژهەڵات راهاتووین لەسەر رووخاندنی دیوارەکان، هەروەها راهاتووین لەسەر خەباتکردن بۆ خۆمان لە ناوچە گوندنشینەکان. لە رۆژهەڵاتیش بە روونی دەبینرێت کە خەڵک هەست دەکەن ژیانیان لە مەترسیدایە. دوای یەکگرتنەوە، ئەوان زۆر شتیان دروست کردووە، نەک تەنیا لە ئازادی رادەربڕین، بەڵکو لە ئازادی ئابووریشدا. ئەوان خانووەکانیان تەواو کردووە. خەڵک دەیانەوێت ئەمانە بپارێزن، دەبێت ئەمانە بەردەوام بن. ئێمەش بۆ ئەمە خەباتمان کردووە. ئێمە لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەردەوام دەبین. من هەمیشە گوتوومە، ئەگەر بەشداریمان پێنەکرێت، ئەوا رۆژێک لە رۆژان زۆرینەی رەها بەدەستدەهێنین. ئێمە تاڕادەیەک لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا ئەمەمان بەدەست هێناوە. ئیتر پێویستمان بە هاوپەیمان نابێت، ئەو کاتەش CDU تاڕادەیەک خۆی زیادە دەبێت.
رووداو: بەرنامەی پارتەکەتان بۆ کابینەی داهاتوو چییە؟
تینۆ کوپالا: بەڵێ، سەرەتا دەست دەکەین بە دامەزراندنی فراکسیۆنی نوێ و بنیاتنانی لەوێ. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر خۆمان و ئەوەش زۆر روونە کە بەرنامەکانمان زیاتر پتەو دەکەین، باشتر دەبین، بۆ ئەوەی جاری داهاتوو دەنگدەری زیاتر بۆ لای خۆمان رابکێشین.
رووداو: بەڕێز کوپالا سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ