رووداو دیجیتاڵ
پارتی سۆشیاڵ دیموکراتەکان (SPD) بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا، بە بەدەستهێنانی 16%ـی دەنگەکان، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا. سەرۆکی پارتەکە بە رووداوی گوت ئەوان دوو ساڵ پێش ئێستا متمانەی دەنگدەرانیان لەدەستداوە، دەشڵێ "لەنێو پارتەکەماندا دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە کردووە."
لارس کلینگبایڵ، سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیموکراتەکان دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە، بە رووداوی گوت هەتاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی پێ نەگەیشتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتەکانی دیکە دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەن.
چوارەم جارە لە مێژووی ئەڵمانیادا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت لەدوای ساڵانی 1972، 1983 و 2005. لەم هەڵبژاردنەدا کۆچبەران، پرسێکی سەرەکیی بانگەشە بوو.
سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیموکراتەکان دەڵێ پارتەکەی دەیەوێت دیدگە بەرامبەر کۆچبەران بگۆڕدرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە "لەبەرژەوەندیی ئەڵمانیایە ئەگەر ئێمە دیدگەیەکی ئەرێنیمان لەسەر کۆچبەران هەبێت."
ئۆلاف شۆڵتز، کە لە 2021ـەوە راوێژکاری ئەڵمانیایە، سەر بە پارتی سۆشیاڵ دیموکراتەکانە، حکومەتەکەی هەر لە سەرەتاوە بەهێز نەبوو. شیکەرەوان دەڵێن، بەشێکی بەهۆی هێرشی رووسیاوە بوو بۆ سەر ئۆکراینا و لێکەوتەکانی لەسەر ئەورووپا و ئەڵمانیا بەتایبەتی.
هەڵبژاردنی خولی 21ـی پەرلەمانی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە (23-2-2025) بەڕێوەچوو، زیاتر لە 59 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی 630 ئەندامی پەرلەمانەکە.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی لارس کلینگبایڵ، سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیموکراتەکان:
رووداو: زۆر سوپاس کە کاتی خۆت بە ئێمە بەخشتی؛ دەمەوێت بپرسم ئایە فاکتەرە سەرەکییەکانی پشت ئەو ئەنجامە چین و پێشبینی ئەو ئەنجامەتان دەکرد؟ ستراتیژیی نوێتان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک چییە؟
لارس کلینگبایڵ: ئێمە بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن جەنگاین بۆ ئەوەی متمانەی دەنگدەران بگێڕینەوە، بەڵام لە راستیدا، دوو ساڵ پێش ئێستا ئێمە متمانەی دەنگدەرانمان لەدەستدا، خەڵک حکومەتێکی دیکەیان دەویست و ئەوەش هۆکارەکەیە کە بۆچی پارتی سۆسیال دیموکرات هەڵبژاردنەکەی نەبردەوە. ئێستا ئێمە لەنێو پارتەکەمان دا پرۆسەیەکمان رێکخستووە بۆ ئەوەی خۆمان رێکبخەینەوە، خۆمان نوێ بکەینەوە، پارتەکە بکەینە پارتێکی مۆدێرن، کێشەکان چارەسەر بکەین و کەسێک دیاریبکەین کە ببێتە بەرپرسی گرووپی پەرلەمانتارانی پارتەکە. هەروەها باس لە پرسی دووبارە رێکخستنەوە دەکەین.
رووداو: ئایا ئێوە دەبنە بەشێک لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە بە هاوپەیمانی پێکبهێندرێت؟
لارس کلینگبایڵ: هێشتا کەس ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. براوەی هەڵبژاردنەکە کریستیان دیموکراتەکانن، ئێستا ئەگەر هەیە ئەوان حکومەتی نوێ پێکبهێنن، ئەوانی دیکە کۆبکەنەوە و بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا من پەیوەندییەکم پێنەگەیشتووە.
رووداو: دەزانین کە پرسی کۆچبەران پرسێکی گەورەی هەڵبژاردنەکە بوو، هەروەها پارتی سۆسیال دیموکرات بەهێزەوە پاڵپشتیی لە کۆچبەران دەکرد، پێت وایە ئەمە هۆکاری بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە بێت؟
لارس کلینگبایڵ: پرسی کۆچبەران پرسێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکە بوو، بەڵام لە راستیدا ئێمە بەردەوام دیبەتمان لەبارەی کۆچبەرانەوە کردووە. ئێمە پێویستیمان بە خەڵکە بێنە ئێرە [ئەڵمانیا]، پێویستیمان بە خەڵکە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەهێزتر بکەن، پێویستیمان بەو کەسانە هەیە کە بانکگراوندی کۆچبەرییان هەیە و لێرە کار دەکەن و باج دەدەن، بەڵام زۆر جار بە شێوەیەکی نەرێنی باس لەو پرسە دەکرێت، پارتەکەی من دەیەوێت ئەو دیدگەیە بگۆڕێت. هەروەها پێشموایە کە لەبەرژەوەندیی ئەڵمانیایە ئەگەر ئێمە دیدگەیەکی ئەرێنیمان لەسەر کۆچبەران هەبێت.
رووداو: کۆبوونەوەکەتان باش بوو؟
لارس کلینگبایڵ: ببورە...؟
رووداو: کۆبوونەوەیەکتان ئەنجامدا.
لارس کلینگبایڵ: بەڵێ، ئەندامانی پارتەکە دەیانویست کۆبوونەوە بکەن، پێموایە کۆبوونەوە زۆر باش بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ