رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم کاردانەوەیدا لەبارەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و رووسیا، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، مەرجەکانی پووتین دەریدەخەن کە مۆسکۆ ئامادە نییە کۆتایی بە جەنگ بێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پشتگیری لە ئاگربەستی سنووردار بۆ سەر ناوەندەکانی وزە و ژێرخان دەکات، بەڵام پێویستییان بە وردەکاریی زیاترە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە سەبارەت بەو ئاگربەستە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کیێڤی پایتەختەوە سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پووتین گوتی: "ئامانجی پووتین لاوازکردنی ئۆکراینایە".
سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی مەرجەکانی سەرۆکی رووسیا بۆ راگرتنی ئەو جەنگە سێ ساڵییە، دەڵێت: "مەرجەکانی پووتین بۆ ئاگربەست ئەوە دەردەخەن کە رووسیا ئامادە نییە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ."
زیلینسکی دەشڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پشتگیری بیرۆکەی ئەو ئاگربەستە سنووردارەی نێوان ترەمپ و پووتین دەکات کە رێککەوتنی لەسەر کراوە تاوەکو رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندەکانی وزە و ژێرخانەکان بۆ 30 رۆژ رابگرێت، بەڵام گوتیشی: "پێویستمان بە وردەکاریی زیاترە لە لایەن ئەمریکاوە."
سەرۆکی ئۆکراینا رەتیکردەوە، هێرشەکانیان لە هەرێمی کورسکی رووسیا رابگرن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای قسەکردن لەبارەی ئاگربەست، رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشێکی بەرفراوان لە هەرێمەکانی زاپرۆژیژیا، سوومی و خارکێڤ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
سەرۆکی ئۆکراینا جارێکی دیکەش نەیشاردەوە کە هەر گفتوگۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتەکەی، سەرکەوتوو نابێت.
رۆژی سێشەممە ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کرد و کریملین دەڵێت، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە ئەمانە بوون:
- پووتین سوپاسی هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان.
- پووتین رایگەیاند کە پێویستە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانەکە لاببرێن و بەرژەوەندییە رەواکانی رووسیا لە بواری ئاسایشدا لەبەرچاو بگیرێن.
- بۆ دەستپێکردنی ئاگربەستێکی 30 رۆژی، پووتین چەند خاڵێکی گرنگی دەستنیشان کرد: هەبوونی ئاگربەست لە سەرانسەری هێڵی پێشەوە، راگرتنی سەربازی زۆرەملێ لە ئۆکرانیا
- راگرتنی تەواوی هاوکارییە سەربازییەکانی دەرەوە و پێدانی زانیاریی هەواڵگری بۆ کیێڤ.
- پووتین ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر خۆیان بەدەستەوە بدەن، ئەوا گەرەنتی ژیانی سەربازانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و مامەڵەی شیاو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات.
- ترەمپ پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەردوولا بۆ 30 رۆژ دەست لە هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی ژێرخانی وزە هەڵبگرن. پووتین دەستبەجێ فەرمانی بە سوپای رووسیا کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو داوایە.
- ترەمپ پێشنیازی پاراستنی هەر جووڵەیەکی لە دەریای رەش کرد؛ پووتین ئەم پێشنیازەی پەسند کرد.
- پووتین رایگەیاند کە لە 19ی ئادارەوە ئاڵوگۆڕی زیندانییان لەنێوان لایەنەکانی رووسیا و ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێت - 175 کەس بە 175 زیندانی و 23 سەربازی ئۆکراینی کە بە سەختی بریندار بوون، دەگوازرێنەوە بۆ لایەنی ئۆکراینی.
- پووتین و و ترەمپ جەختیان لەسەر نیازی خۆیان کردەوە بۆ پێکهێنانی گرووپە پسپۆڕییەکانی رووسیا و ئەمریکا.
- پووتین و ترەمپ باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای سوور کرد؛ هەروەها هەوڵە هاوبەشەکانیان لە بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و ئاسایشی جیهانی دووپات کردەوە؛ جەختیان کردەوە کە ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا.
- هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاری لە بواری ئابووری و وزە لە داهاتوودا.
- ترەمپ پشتگیری لە بیرۆکەی پووتین کرد بۆ رێکخستنی یارییەکانی هۆکی لە ئەمریکا و رووسیا لە نێوان یاریزانانی رووسی و ئەمریکیدا.
- هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە لەسەر هەموو ئەو پرسانەی کە خراونەتەڕوو لە پەیوەندیدا بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ