رووداو دیجیتاڵ
کریستین لامبرخت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، دەستی لەکارکێشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەرامبەر بە هەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی ئۆکراینادا، هەروەها هەندێک "هەڵە" کە پەیوەندیی بە ژیانی کەسی و خێزانییەوە هەیە.
رۆژی دووشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2023، لە راگەیێندراوێکدا کریستین لامبرخت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەو پۆستە راگەیاند و ئاشکرای کرد، گوشاری میدیای ئەڵمانیا لەسەر ئەرکە خێزانییەکەی، وایکردووە کاری خۆی نەکات.
ئەو بڕیارەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەپێش جەند رۆژێک لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی هاوپەیمانانی ئۆکراینا دێت، لەوکاتەی بەرلین لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ دابینکردنی تانک بۆ سوپای ئۆکراینا.
گوتەبێژی راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری رایگەیاند لە داهاتوویەکی نزیکدا، جێگرەوەی کریستین لامبرخت دیاریی دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا، وەزیری بەرگری دەستلەکارکێشراوە رایگەیاند، داوای لە ئۆڵف شوڵتز کردووە، رەزامەندی لەسەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بدات.
لامبرختی تەمەن 57 ساڵ، گوتی، "بڵاوکردنەوەی چەندین بابەتی میدیایی لەسەر ژیانی تایبەتیم بۆ ماوەی چەندین مانگ، هیچ هاوکار نەبوو لەوەی کار لەسەر دۆخی سەربازانمان بکەین یان بڕیاری ئەمنی بدەین کە لە بەرژەوەندیی گەلی ئەڵمانیا بێت."
ئەو سیاسەتمەدارە کە سەر بە هەمان پارتەکەی شوڵتزە کە پارتی "سۆسیال دیموکرات"ە، چەندین مانگە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە لەسەر مامەڵەی سەربازی ئەڵمانیا لە بەرامبەر هێرشەکانی رووسیا لە دژی ئۆکراینا.
ئەو گوشارانە بوونە هۆی ئەوەی لە شەوی سەری ساڵدا، دۆخەکە بە رووی وەزیرەکە بتەقێتەوە، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئەو وەزیرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و تێیدا لەبەردەم یارییە ئاگرینەکان، باسی لە "ئەزموونێکی تایبەت و خۆشی" کردووە وەکو وەزیری بەرگری لە ساڵی رابردوودا، ئەمەش لە کاتێکدا کە جەنگی ئۆکراینا بووە.
لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێت، جەنگی ئۆکراینا ئەزموونێکی تایبەت بووە بۆ ئەو، هەلیشی بۆ رەخساندووە کە هەندێک خەڵکی سەرنجڕاکێش ببینێت.
بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە، رەخنەیەکی زۆر ئاراستەی ئەو وەزیرە کرا و هەندێک لە رەخنەگرانی ئەو وەزیرەش راستەوخۆ داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کرد.
تانک بۆ ئۆکراینییەکان
بڕیارەکەی لامبرخت چەند رۆژێک پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی هاوپەیمانیی ئۆکراینا دێت کە تایبەتە بە دابینکردنی هاوکاری سەربازی زیاتر بۆ کیێڤ و بڕیارە کۆبوونەوەکەش لە بنکەی ئاسمانی رامستاین لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
لامبرخت لە کانوونی دووەمی 2021 ئەو پۆستەی وەرگرت چاوەڕێ دەکرا ئەو کێشانە چارەسەر بکات، کە چەند ساڵێکە رووبەڕووی بەرهەمە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بووەتەوە.
جەنگی ئۆکراینا، ئەرکەکەی ئەوەندەی دیکە قورستر کرد و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی 100 ملیار یۆرۆی خرایە بەردەست بۆ پێشخستنی بەرهەمە سەربازییەکانی ئەڵمانیا.
هەتا پێش جەنگی ئۆکرایناش، رەخنەگرانی لامبرخت لەو بڕوایەدانەبوون ئەو وەزیرە بتوانێت لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت و لە سەرەتای هێرشەکانی رووسیا، میدیای ئەڵمانیا زۆر رەخنەیان لەو وەزیرە گرت دوای ئەوەی رایگەیاندبوو، کە ئەڵمانیا 5 هەزار کڵاوی سەربازی بۆ حکومەتی ئۆکراینا دەنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆکراینا رایگەیاندبوو، ئەوان پێویستیان بە چەکی قورس هەیە نەک کڵاو.
هەڵەیەکی دیکەی وەزیری دەستلەکارکێشاوەی ئەڵمانیا لە مانگی ئاداری رابردوو بوو، کاتێک ئاشکرابوو لەکاتی گەشتێکی خێزانیدا خۆی و کوڕەکەی هێلیکۆپتەرێکی حکومیان بەکارهێناوە، بەڵام دواتر وەزیر رایگەیاندبوو لە گیرفانی خۆی پارەی بەنزینی هێلیکۆپتەرەکەی داوە.
کێ شوێنی لامبرخت دەگرێتەوە
ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارەکانی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا ناویان لەنێو میدیای ئەڵمانیا بڵاوکراوەتەوە وەکو جێگرەوەی لامبرخت لەوانەش ئێڤا هۆگیڵ، سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا.
هەروەها بە دەستلەکارکێشانەوەی لامبرخت، رەنگە چەند وەزیرێکی دیکەش ئاڵوگۆڕییان پێ بکرێت لەنێو حکومەتی ئەڵمانیا و هەروەها چەند سیاسەتمەدارێکی نێو پارتی سۆسیال دیموکرات، لە کۆبوونەوەکانی نێوخۆی پارتەکەدا رەخنەیان لە وەزیری بەرگری گرتووە و رایانگەیاندووە، دەبێت ئەمجارە کەسێک ئەو پۆستە وەربگرێت، کە ئەزموون و باکگراوەندی لەبواری بەرگریدا دەوڵەمەند بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ