رووداو دیجیتاڵ
دادگەییکردنی کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک دەستیپێکرد؛ لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە تۆمەتبارکراوە بەوەی هێز و باڵادەستیی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر وەتسئەپ و ئینستاگرامدا بگرێت تاوەکو دوو ئەپەکە نەتوانن ببنە رکابەری فەیسبووک.
دادگەییکردنی کۆمپانیاکە لە دادگەیەکی فیدڕاڵیی واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەستیپێکرد.
مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیاکە رۆژی دووشەممە لە دادگە ئامادە بوو.
زوکەربێرگ هیوای بەوە هەڵچنیبوو، گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ببێتە هاندەرێک کە حکومەت یەخەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا بەربدات و چیدیکە یاسای بێمتمانەییان بەسەردا نەچەسپێنێت، بەڵام ئەم دادگاییکردنە، ئەو هیوایانە ناهێڵێت.
سکاڵاکە لەلایەن لیژنەی فیدڕالیی بازرگانی (FTC)یەوە لە دژی مێتا کراوەتەوە. ئەگەر دادگە پەسندی بکات، دەکرێت لە کۆتاییدا کۆمپانیای خاوەنی فەیسبووک ناچاربێت دەستبەرداری ئینستاگرام و وەتسئەپ بێت، کە ئێستا بوونەتە دوو سەکۆی گەورە و بەهێزی جیهان.
رۆژی دووشەممە، ئیمەیڵێکی ساڵی 2011ی نێوان کارمەند و بەڕێوەبەرانی فەیسبووک، وەک بەڵگە پێشانی زوکەربێرگ درایەوە. لە ئیمەیڵەکەدا هۆشداری دراوە کە ئینستاگرام بە بەرفراوانی لەسەر موبایلە زیرەکەکان بڵاوبووەتەوە و دەکرێت بە ئاسانی لاسایی فەیسبووک بکاتەوە و بەکارهێنەرانی بۆ خۆی ببات.
ئیمەیڵێکی دیکەی ساڵی 2012 لە بارەی کڕینی ئینستاگرام لە لایەن فەیسبووکەوە، ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی نەتوانێت شان لە شانی فەیسبووک بدات، بەڕێوەبەرایەتیی فەیسبووک پێیان باش بووە، ئەپەکە دانەخەن، بەڵام بەرەو پێشیشی نەبەن، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان لە تووڕەکردنی بەکارهێنەرانی ئینستاگرام بەدووربگرن.
زوکەربێرگ لە بایەخی ئەو ئیمەیڵانەی کەمکردەوە و گوتی، ئەوانە قسەی سەرەتایین پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هیچ پلانێک بۆ ئینستاگرام بدرێت.
دادوەرێکی دیاری ئەمریکا بە ناوی جەیمس بۆسبێرگ سەرپەرشتی دادگاییکردنەکە دەکات، کە دۆسیەیەکی دیکەی هەستیاری بەدەستەوەیە پەیوەست بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی کۆشکی سپی بۆ دیپۆرتکردنەوەی ڤەنزوێلییەکان لە رێگەی کاراکردنی یاسایەکی سەردەمی جەنگ.
تۆمارکردنی ئەم سکاڵایە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2020، لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، کاتێک هەموو چاوەکان لەسەر ئەوە بوون ئایا ترەمپ فەرمان بە FTC دەکات وازبێنێت یان نا.
زوکەربێرگ، سێیەم دەوڵەمەندترین مرۆڤی ئێستای جیهان، چەندین جار سەردانی کۆشکی سپی کردووە و هەوڵیداوە سەرۆکی ئەمریکا رازیبکات بە رێککەوتن ئەم پرسە ببڕێننەوە نەک دادگە، بەڵام لەم کاتەدا، ئەوە ئەگەرێکە چاوەڕێی راستوەرگەڕانی ناکرێت.
ئەندرو فێرگەسن، سەرۆکی FTC دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم گرێیە بە دەستی رێککەوتن ناکرێتەوە، بەڵکو دەبێت بخرێتە بەر ددانی دادگە.
وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی دڵی ترەمپ، زوکەربێرگ پارەیەکی گەورەی بە کۆشکی سپی دا بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی ترەمپدا بەکاربهێنرێت. هەر لە پێناو ئەوەدا، دەستکاری سیاسەتی چاودێریکردن و لابردنی بابەتەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامی کرد، کە پێشتر ترەمپ لێیان رازی نەبوو.
زوکەربێرگ هەروەها کۆشکێکی بایی 23 ملیۆن دۆلار لە واشنتن کڕی، تاوەکو زیاتر لە چەقی دەسەڵات و بڕیارەکانی وڵاتەکەوە نزیک بێت.
جۆناسان کانتەر لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، بەرپرسی چەسپاندنی یاسای بێمتمانەیی بوو. ئەو بە کەناڵی CNBCی ئەمریکیی گوت: "ئەگەر زوکەربێرگ بچێتە کۆشکی سپی و شتەکە بە رێککەوتن بپێچێتەوە، ئابڕووچوون دەبێت."
ئەمە یەکێکە لەو پێنج دۆسیایانەی، کە حکومەتی ئەمریکا بە تۆمەتی شکاندنی متمانە لە دژی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کردوونییەتەوە.
گووگڵ دوو سکاڵای لەسەرە. لە مانگی ئابی پار، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، تاوانی خۆسەپاندن بەسەر گەڕانی ئینتەرنێتدا بەسەریدا ساخکرایەوە. کۆمپانیاکانی ئەپڵ و ئەمازۆنیش بە هەمان شێوە لە دادگە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە.
چاوەڕواندەکرێت دادگاییکردنی مێتا لانیکەم هەشت هەفتە بخایەنێت.
زوکەربێرگ و یەکێک لە یاریدەدەرەکانی بە ناوی شێریل ساندبێرگ لە دادگە ئامادە دەبن بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی دادوەر و سکاڵاکارەکان و گەواهیدەرەکان بدەنەوە.
گەواهیدەرەکان پێکدێن لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ژمارەیەک کۆمپانیای رکابەری مێتا.
فەیسبووک لە ساڵی 2012 ئەپی ئینستاگرامی بە یەک ملیار دۆلار کڕی، کە ئەوکات، ئەپێکی بچووکی بڵاوکردنەوەی وێنە بوو، بەڵام ئێستا دوو ملیار بەکارهێنەری کارای هەیە.
FTC ئیمەیڵێکی زوکەربێرگ وەک بەڵگە لە دژی مێتا بەکاردێنێت، کە تێیدا گوتوویەتی، پێشکەوتنی ئینستاگرام و بەنێوبانگبوونی "زۆر مەترسیدارە" و "بۆیە رەنگە پێویست بکات پارەیەکی زۆری پێ بدەین و بیکڕین".
ئاژانسە حکومییەکە هەروەها دەڵێت، کڕینی وەتسئەپیش بە 19 ملیار دۆلار لە ساڵی 2014، بە هەمان بیرکردنەوە و شێوە بووە. گوایە زوکەربێرگ ترسی لەوە هەبووە وەتسئەپ لە ئەپی نامەناردنەوە بگۆڕێت بۆ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و رکابەرایەتی فەیسبووک بکات، یان لە لایەن رکابەرێکی دیکەوە بکڕدرێتەوە.
پارێزەرانی مێتا دەڵێن، کڕینیان لە بەرژەوەندیی دوو ئەپەکەدا بووە و هەر ئەوەیە کە وایکردووە ببنە دوو لە سەکۆیە هەرە زەبەلاحەکانی ئەمڕۆ.
هەروەها دەیانەوێت بڵێن، ئەپەکانی سەر بە مێتا بۆ خەڵک بێبەرامبەرن و لە لایەن ئەپەکانی دیکەشەوە رکابەرایەتیی تووندیان دەکرێت.
بەڵام FTC دەڵێت، قۆرخکاریی مێتا وایکردووە بەکارهێنەر بەشێوەیەکی گەورە چێژی ئەپەکان لەدەستبدات، چونکە ریکلامی زۆریان تێدا دەکرێت و زوو زوو گۆڕانکاریی وایان تێدا دەکرێت، کە بەکارهێنەر جگە لە خۆگونجاندن لەگەڵیاندا، هیچ بژارەیەکی دیکەی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ