رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا تۆڕی (فۆکسترۆت)ـی "تاوانکاری و مافیایی" خستە لیستی سزاکانیەوە. لەندەن دەڵێت، ئێران ئەو تۆڕەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە ئەورووپا هێرش بکەن. سەرۆکی تۆڕەکە کوردێکی باشووری کوردستانە و ناوی رەوا مەجیدە.
تۆڕەکە لەلایەن رەواوە سەرپەرشتی دەکرێت و بە گەورەترین مافیای سوێد و داواکراوی ئەو وڵاتە ناسراوە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سلێمانییە.
رۆژی دووشەممە، 14-04-2025، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، سزاکان بەهۆی رۆڵی تۆڕەکەوە بووە لە هێرشەکانی سەرتاسەری ئەورووپا. سزاکان قەدەخەی گەشتکردن و سڕکردنی سامان دەگرێتەوە.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەریتانیا سزای بەسەر تۆڕی تاوانکاریی بەدناوی فۆکسترۆت و سەرکردایەتییەکەی راگەیاند."
لامی سەرکۆنەی ئێرانی کرد بەوەی "تۆڕە تاوانکارییەکان بۆ هەڕەشەکردن لە خەڵک بەکاردەهێنێت."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی، ئەو تۆڕە دەستیان لە "تووندوتیژی لە دژی جووەکان و ئامانجە ئیسرائیلییەکانی نێو ئەورووپا، بە نوێنەرایەتیی ئێران، هەبووە."
رەوا مەجید تەمەنی 37 ساڵە و لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناودەبرێت و هەموو پۆلیسی سوێد بەدوایەوە بوو. رەوا و تۆڕەکەی، بە شەڕە تەقە و تەقینەوەی خوێناوی، سوێدیان بەگیر هێنابوو.
بەگوێرەی میدیای سوێد، رەوا مەجید لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2023 لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە.
لامی گوتی، ئەو سزایانە بەشێکن لە وەڵامی بەریتانیا بۆ "کردە دووژمنکارییەکانی ئێران لە ئەورووپا."
پێشتر ئەمریکاش ئەو گرووپەی سزا دا. رۆژی چوارشەممە، 12-03-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە، تۆڕێکی مافیایی سوێدیمان خستە نێو لیستی سزاکان، بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان لە چەندین تاوانی کوشتن و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و چەکەوە هەبووە." ئەمە جگە لەوەی تۆمەتبارکراون بەوەی ئێران ئەو تۆڕەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی دیپلۆماسیی ئیسرائیلی و جووەکانی ئەورووپا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ