عەلی دۆڵەمەڕی: بەبێ کورد هیچ کێشەیەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر ناکرێت

14-04-2025
پەیمان محەممەد
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەڵێت، فەرەنسا هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''هەرێمی کوردستان بووەتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێشوازی لێکرا. 
 
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دۆخی سووریا و ناوچەکە بەگشتی، بەشێک لەو بابەتانە دەبن کە دەخرێنە بەر باس.
 
عەلی دۆڵەمەڕی لەبارەی گرنگیی بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس گوتی: ''ئێستا هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چونکە هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ هەرێمی کوردستان ناکرێت.''
 
دیدارەکە لەکاتێکدایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی: ''فەرەنسا دەیەوێت تێڕوانینی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان وەربگرێت؛ گفتوگۆ لەسەر چۆنێتیی پەرەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و وڵاتانی ئەورووپاش دەکرێت.''
 
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی، فەرەنسا هەموو کات پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دەکات و رایگەیاند: ''دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بچنە قۆناخێکی دیکەوە و هەردوولا پێکەوە وڵات بەڕێوەببەن''.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: ''ئەگەر بەغدا و هەولێر نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی، ناتوانرێت سەقامگیری لە بوارەکانی پێشکەوتن، ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.''
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا:
 
رووداو: ئەو بابەتانە چین لە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بارزانین؟

 

عەلی دۆڵەمەڕی: بەڵێ، بێگومان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری فەرەنسا ئێستا لە پاریسە و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ کۆدەبێتەوە؛ چەندین بابەت و گفتوگۆ و تەوەر هەن لە دانیشتنەکەدا؛ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس زۆر گرنگن کە باس دەکرێن، چونکە پەیوەندیی مێژوویین و لە ئاستێکی باڵادان، دەیانەوێت ئەو پەیوەندییانە بچنە بوارەکانی دیکە، نەوەک تەنیا لە بوارەکانی دیپلۆماسی و سیاسی، بەڵکو لە بواری ئابووری، ئەکادیمی، زانستی و کولتووریش؛ هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش زۆر گرنگن، چونکە خۆتان دەزانن فەرەنسا سیاسەتێکی تایبەتی هەیە، بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان؛ هەموو کاتیش ئەوەی گوتووە کە پشتگیری لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دەکات، کە ئەمە زۆر گرنگە؛ دواتر دۆخی ناوچەکە بەتایبەتی سووریا باس دەکرێت کە ئێستا لەو وڵاتە دەسەڵاتێکی کاتی هەیە. ئێستا دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکییە، سەرەتا وەک تەماشاکەرێک بوو، ئێستا وەکو یاریکەری گۆڕەپانەکە، چونکە هیچ گۆڕانکارییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێ هەرێمی کوردستان ناکرێت. ئەمانە گفتوگۆ دەکرێن، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەموو دۆخەکە پێکەوە گرێدراون؛ فەرەنسا وڵاتێکی زلهێزە، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و دەیەوێت تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بزانێت لەو هەموو بوارەدا. هەرێـمی کوردستان لە رابردوودا ئەوەی پیشانداوە کە دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەم بابەتانە و بابەتی دیکەش باس دەکرێن، چۆنیەتی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپاش، چونکە فەرەنسا راستە وڵاتێکی زلهێزە، بەڵام لە یەکێتیی ئەورووپاشدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
 
رووداو: بابەتەکە تەنیا وەرگرتنی تێڕوانینە یان بە قسەی هەرێمی کوردستانیش دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر؟
 
عەلی دۆڵەمەڕی: بێگومان وەک باسم کرد، هەرێمی کوردستان پێشتر تەماشاکەر بوو لەو گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویاندەدا، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە ئەکتەرێکی سەرەکییە، بێگومان گوێ لە بۆچوونی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد دەگیرێت، چونکە لە رابردوودا پیشانمان داوە کە ئێمە دەتوانین ببینە فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، توانیومانە ئەو هاوسەنگییە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەوروبەر رابگرین. دەزانن ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکارییەکی تەواو روویداوە، چ لە سووریا بێت یان لە لوبنان، عێراق و تورکیا. پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەگەر رۆڵی هەرێمی کوردستان نەبێت، ناتوانێت سەرکەوتوو بێت؛ هەورەها لە سووریادا؛ لە هەموواندا ئەگەر هەرێمی کوردستان نەبێت، بێگومان ناتوانرێت ئەو سەقامگیرییەی هەیە بەرەوپێش ببرێت، چونکە ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپاش زیاتر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدەن. دەبینین کە لە شەڕی داعش ئەوە هەرێمی کوردستان بوو، کە توانی هاوکارێکی تەواوی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت؛ لەم دۆخەشدا کورد دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە هیچ کێشەیەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەبێ کورد چارەسەر نابێت.
 
رووداو: فەرەنسا بۆ ئەوەندە  لە خەمی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدایە؟
 
عەلی دۆڵەمەڕی: ئەگەر پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا باش نەبێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و فەرەنساش باش نابێت و سەقامگیری و ئاشتی ناگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، ناگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە ئێستا عێراق عێراقی پێشوو نییە و پێی دەڵێن عێراقی فیدراڵ، لەسەر سیستمی فیدراڵی دامەزراوە؛ دەبێت لە عێراقدا مافی هەموو پێکهاتەکان بدرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ دەبینین لە ساڵی 2017 دوای رووداوە نەخوازراوەکان ئەوە فەرەنسا بوو توانی ناخۆشییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر کەم بکاتەوە و هەردووکیان جارێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و ئێستا پەیوەندییەکان روو لە باشتر بوون. دوو رۆژ لەمەوپێش سەرۆکوەزیران سوودانی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت، کاک مەسروور کۆبوونەوەی هەبوو، ئەوانە دەیانەوێت ئەو کۆبوونەوانە بچنە قۆناخێک کە هەردووکیان پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن. چونکە ئەگەر بەغدا و هەولێر نەگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی، مەحاڵە بتوانن سەقامگیریی بەتایبەتی بۆ عێراق لەڕووی پێشکەوتن، ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی عێراق دابین بکرێت، و فەرەنساش دەیەوێت یارمەتیی هەردوو لا بدات. بەبێ هەردوولا فەرەنساش ناتوانێت شوێن پێی خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکاتەوە. 
 
رووداو: بڕیارە پارکێک لە پاریس دروست بکرێت و سەرۆک بارزانی بیکاتەوە، ئەو بابەتە کەی جێبەجێ دەکرێت؟
 
عەلی دۆڵەمەڕی: بەڵێ، بەخۆشییەوە دەتوانم بڵێم ئەم بڕیارە دراوە لە ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس کە شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە بکرێت و تەنیا رێکەوتەکە ماوە، شەقامێکە لەنێو پارکێکدا کە بە ناوی پێشمەرگە دەکرێت، لە شوێنێکی ستراتیژییە، پارکێکی زۆر گەورەی بەناوبانگی پاریسە، نزیکە لە تاوەری ئیفێل، نزیکیشە لە شوێنی نوێنەرایەتی. بیرۆکەکە لەلایەن بەڕێز کاک سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگە بۆ ئێمە نێردرا، ئێمەش وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆر جددیمان دا چونکە لەنێو ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس چەندین لایەنی سیاسی هەن بۆ ئەوەی کۆدەنگی بکرێت بۆ بەناوکردنی ئەو شەقامە، بەخۆشحاڵییەوە توانیمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی نێو ئەنجوومەنی شارەوانی گفتوگۆ بکەین و بە کۆی دەنگ بڕیار لەسەر ئەم ناوە درا کە بۆ ئێمەش جێگەی دڵخۆشییە وەکو رێزلێنانێک لە خەباتی پێشمەرگەکاندا. هەروەها سەرۆکی شارەوانیی پاریس بە فەرمی سەرۆک بارزانی بانگهێشت کردووە، وەک سەرۆک، رێبەر، لێڤەگەڕی کورد و پێشمەرگەیەک، چونکە سەرۆک بارزانی هەمووکات لە هەموو چاوپێکەوتنێکدا باسی ئەوەی کردووە کە پێشمەرگایەتی بۆ من شانازییە و بەرزترین پلەیە، بۆیە هەم وەکو سەرۆک، رێبەر و لێڤەگەڕ، هەم وەکو پێشمەرگەیەک بەشداری تێدا دەکات. تاوەکو ئێستا رێکەوتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم پارکە بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لێرەش لایەنی فەرەنسی بەشدار دەبن، دەکرێتەوە، ئەمە جێگەی شانازییە بۆ گەلی کورد، بەتایبەتی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندانی ئەمریکییەکان لە دژی ترەمپ لە واشنتن، "رژێمی فاشیستی ترەمپ دەبێت ئێستا بڕوات." وێنە: AFP

لە ئەمریکا بە درووشمی 'نا بۆ پاشایەتی' خۆپێشاندان لە دژی ترەمپ کرا

هەزاران ئەمریکی لە واشنتنی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئەمریکا دژی سیاسەت و رێکارە نوێیەکانی حکومەتی ئەمریکا، هەروەها سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززە خۆپێشاندانیان کرد.