لیبیا رێگەیەکی نوێی کۆچبەری بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ "مەترسیدارترین رێگەیە"

12-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکە گەنجانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی باندە قاچاخچییەکانەوە دەچنە لیبیا، بۆئەوەی لەوێوە خۆیان بگەیێننە ئەورووپا. بەرپرسی رێکخراوێکی کۆچبەران دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 300 هاونیشتمانی لەو وڵاتەوە چوونەتە ئەورووپا. ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش مەترسییەکانی رێگەکە دەخاتەڕوو.
 
بەگوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بۆ رووداو نێردراون، ژمارەیەک هاونیشتمانی لەکاتی گەیشتنیان بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بە دەنگی بەرز ستایشی قاچاخچییەکەیان دەکەن و دەڵێن، "کارەکانی لە وشکانی و ئاوییدا ڤی ئای پین."
 
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان بێت، ئەو بەلەمە رۆژی 10ی ئەم مانگە گەیشتووەتە ئیتاڵیا؛ سەرنشینەکانی زۆرینەیان خەڵکی باشووری کوردستانن.
 
گەنجەکان لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا ناوی قاچاخچییەکان دەهێنن، کە لەلایەن (ح . خ)ەوە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی لیبیا کراون و لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیا.
 
قاچاخچی (ح - خ) کێیە؟
 
کەسێکی ئاگادار لەو قاچاخچییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "(ح. خ) پێشتر لە فەرەنسا کاری دەکرد؛ یەکێک بوو لەو کەسانەی بۆ یەکەم جار کوردی بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیاندە بەریتانیا. ئێستا کارەکەی گواستووەتەوە بۆ رێگەی لیبیا."
 
بە گوتەی ئەو کەسە، (ح . خ) کە کوردە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، پێشتر لە فەرەنسا دەژیا، بەڵام ئێستا لە ئیتاڵیا دەژی و کارەکانی لە رێگەی چەند گرووپێکەوە دەکات.
 
لە بەلەمەکەدا کەسێکیش بە زمانی عەرەبی قسە دەکات و ستایشی زۆری هەمان قاچاخچی دەکات، کە گەیاندوویەتییە ئەورووپا.
 
پەنابەرە گەڕاوەکان: زیاتر لە 300 کەس لە لیبیاوە چوونەتە ئیتاڵیا
 
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "ئەو کەسانەی لە لیبیا و هەندێکیش لە تونسەوە دەیانەوێت بچنە ئەورووپا، بۆ هەریەکەیان قاچاخچییەکان 10 بۆ 15 هەزار دۆلاریان لێ وەردەگرن، لە بەرامبەردا تێچووی مانەوەیان تاوەکو گەیشتن لە ئەستۆ دەگرن."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەڵێت، "رێگەکە زۆر مەترسیدارە. ئەم ساڵ تاوەکو رەمەزان رێگەکان بە تووندی کۆنترۆڵ کرابوون. راستە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەک هاونیشتمانی گەیشتوون، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە رێگەکە ئاسانە."
 
بە گوتەی بەکر عەلی بێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 300 بۆ 350 کورد توانیویانە لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا.
 
لەبارەی هۆکاری ئەوەی بۆچی کورد ئەو رێگەیە دەگرێتەبەر، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی، "رێگەی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا هەیە، بەڵام تێچووی زۆرترە و تورکیاش کۆنترۆڵی سنووری زۆر بەهێز کردووە."
 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق: لیبیا بۆ کورد مەترسیدارە
 
هەر ئەمڕۆ د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێگەی لیبیا زۆر مەترسیدارە و نابێت گەنجانی کورد بکەونە نێو داوی قاچاخچییەکانەوە."
 
ئەو ئەندامەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق باسی لە مەترسییەکانی رێگەی لیبیا کرد و گوتی، "لیبیا هەر شارێکی بەدەست گرووپێکی میلیشیاوەیە و حکومەت دەسەڵاتی بەسەر هەموویاندا نییە. کورد هەبووە لە ماوەی رابردوودا کەوتووەتە دەست گرووپە مافیاکانی لیبیا. بۆیە زۆر مەترسیدارە و نابێت کەس ئەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا تاقیبکاتەوە."
 
د. موسەننا ئەمین لە رابردوودا چەند جارێک بەدواداچوونی بۆ ئەو هاونیشتمانییانە کردووە لە لیبیا دەستگیر کراون و کاری بۆ گەڕانەوەیان کردووە و دەڵێت، "نزیک سێ هەفتە لەمەوبەر 7 کەس کە لە لیبیا دەستگیر کرابوون و خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان؛ هاوکات گەنجێکی لەوێ گیانی لەدەستدابوو تەرمەکەی گەڕێندرایەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لیبیا بە فەرمی ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات، "پێدەچێت بەگوێرەی رێککەوتنیان، قاچاخچییەکان توانیبێتیان وەرگرتنی ڤیزە بۆ نەفەرەکانیان ئاسانتر بکەن."
 
د. موسەننا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد "ئەو قاچاخچیانە و تۆڕەکانیان ئاشکرا بکەن، بۆئەوەی چی دیکە خەڵک ماڵوێران و سەرگەردان نەبێت."
 
لیبیا بە خاڵێکی سەرەکیی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ ئەورووپا دادەندرێت و کۆچبەران لەوێوە بە دەریای نێوەڕاست خۆیان دەگەیێننە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی رابردوو 34 هەزار و 349 کۆچبەر لە لیبیاوە چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا و زۆربەیان خەڵکی ئەریتریا، سۆماڵ، نایجیریا، بەنگلادیش، سووریا و غانا بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە