رووداو دیجیتاڵ
جاسیندا ئاردێرن ئەو سەرۆکوەزیرانەی کە دووجار "سەرکەوتن"ـی بەسەر کۆرۆنا راگەیاند، جارێکی دیکە بە سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا هەڵبژێردرایەوە و لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا سوێندی یاسایی خوارد.
ئاردێرن سەر بە پارتی کرێکارانی نیوزلەندایە و لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیراندا توانی رێژەی 49٪ـی دەنگەکان مسۆگەر بکات لە بەرامبەردا رکابەرەکەی تەنیا 20٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەوەش بە سەرکەوتنێکی "مێژوویی" دادەنرێت، بەو پێیەی لە ساڵی 1996ـەوە هیچ سەرۆکوەزیرانێک بەو رێژەیە بەسەر رکابەرەکەیدا سەرنەکەوتووە.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی نیوزلەندا پێیانوایە کە سەرکەوتنی جاسیندا بەسەر کۆرۆنا هۆکاری سەرەکیی بردنەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حکومەتە. جاسیندا لە گوتاری سوێندخواردنی یاسایی رایگەیاند، "باشتر لەپێش قەیرانی کۆرۆنا وڵات دروستدەکەینەوە".
جێنیفەر کێرتن، بەڕێوەبەری پەیمانگای سیاسی لە زانکۆی ئۆکلاند لەبارەی سەرکەوتن و بەڵێنەکانی جاسیندا دەڵێت، "ئەو لەڕووی سیاسییەوە متمانەیەکی گەورەی هەیە، و دەتوانێت بەڵێنەکانی بە زیادەوە جێبەجێبکات".
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 124 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 25 کەسیان لە نیوزلەندا بوون، لە بەرامبەردا لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا زیاتر لە 240 هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
ئەگەرچی ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا لە نیوزلەندا زۆرترە، بەڵام ئەگەر بە رێژەی تووشبووان لە بەرامبەر گیانلەدەستدان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، رێژەی مردن لە ئەمریکا نزیکەی 4٪ـە، بەڵام لە نیوزلەندا 0.012%ـەیە.
پەتای کۆرۆنا جگە لە لایەنی تەندروستی، کاریگەریی لەسەر کایە سیاسییەکانیش هەیە. تاوەکو ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگی لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان زیاتر هێناوە.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی ئەمریکا هۆکاری جیاوازیی دەنگەکانی نێوان دوو بەربژێرەکە بۆ چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێننەوە. ئالان لیکمان، پرۆفیسۆر لە مێژووی ئەمریکا کە ماوەی 36 ساڵە پێشبینییەکانی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا راست بوون، پێشبینی ئەوەی کردبوو کە دۆناڵد ترەمپ بەهۆی "خراپیی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و خراپیی دۆخی ئابووریی ئەمریکا" لە بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتیی سەرکەوتوو نابێت.
جگە لە کۆرۆنا، ئاردرێن لەماوەی سەرۆکوەزیرانیدا رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەکی دیکە بووەتەوە، وەکو کێشەی موسڵمانەکانی وڵاتەکە دوای هێرشێکی "تیرۆریستی" بۆ سەر دوو مزگەوت کە بووە هۆی کوشتنی 51 کەس. بە فەرمانی ئاردرێن راستەوخۆ دوای ئەو رووداوە بەکارهێنانی چەک قەدەخەکرا، و تاوانبارەکەش سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
هەروەها بوورکانی دوورگەکانی نیوزلەندا کە بووە هۆی کوشتنی پێنج کەس و بێسەروشوێنبوونی هەشت کەسی دیکە یەکێکی دیکە بوو لە "کارەساتەکانی" کە بەسەر وڵاتەکەدا هات. دوای ئەو رووداوەش ئاردرێن بڕیاری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و چاککردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ