بەتۆمەتی 'پێدانی زانیاری بە چین' ئێف بی ئای سێ سەربازی ئەمریکی دەستگیر دەکات

07-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سێ سەربازی ئەمریکییان دەستگیر کردووە، کە گومانیان لێدەکرێت، یەکێکیان زانیاریی نهێنی بە کەسێکی چینی فرۆشتبێت و دووانەکەی دیکەش هاوکارییان کردبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2025، پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا ناسراو بە ئێف بی ئای لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سەربازێکی ئەمریکییان بەناوی جیان ژاو لە بنکەیەکی سەربازی لە واشنتن دەستگیر کردووە.
 
ئێف بی ئای تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ سەربازە دەستگیرکراوەکە کە "زانیاریی نهێنی نێو کۆمپیوتەرەکانی حکومەتی بە ژمارەیەک کەسی نەناسراو لە چین فرۆشتووە".
 
بەگوتەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا، سەربازە ئەمریکییەکە لە تەممووزی رابردووەوە، زانیارییە نهێنییەکانی کۆکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 15 هەزار دۆلاری لە رێگەی فرۆشتنی زانیارییەکان وەرگرتووە. 
 
دادگە، سەربازە ئەمریکییەکەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە گومانی لێدەکرێت 'پلانی بۆ بەدەستهێنان و گواستنەوەی زانیاریی بەرگریی نیشتیمانی بۆ کەسانی نابەرپرس' دانابێت، هەروەها تۆمەتی ئەوەشی داوەتە پاڵ کە 'بەرتیلی وەرگرتووە و موڵکی حکومەتی دزیوە'.
 
هەروەها ئێف بی ئای ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سەربازە ئەمریکییەکە بەتەنیا نەبووە و دوو سەربازی دیکەی سوپای ئەمریکا هاوکارییان کردووە و هەردووکیشیان دەستگیر کراون.
  
پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا گومان دەکات، 'سەربازەکان زانیاریی هەستیاریان لەسەر سیستمی سەربازیی ئەمریکا و سیستمی چەکی ئەمریکا' فرۆشتبێت.
 
پامێلا بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا لەبارەی سەربازە دەستگیرکراوەکان گوتی، "رووبەڕووی دادپەروەرییەکی خێرا، تووند و تەواو دەبنەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە