هەڕەشەکانی ترەمپ خەونی گرینلاندییەکان بۆ سەربەخۆیی زیندوو دەکاتەوە

08-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
دیمەنێکی شاری نووکی پایتەختی گرینلاند. وێنە: AFP
دیمەنێکی شاری نووکی پایتەختی گرینلاند. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زۆربەی کات لە شاری نووکی پایتەختی گرینلاند و تەواوی وڵاتەکە بەفر و سەرمایە. بەڵام هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگەیەی جەمسەری باکوور، دۆخەکەی گەرم کردووە.
 
لیسا ئاردێسترۆپ، دانیشتووی گرینلاند دەڵێت: "گرینلاند، زۆر سەربەخۆیە و بەهاوکاری دانیمارک، راستییەکەی ئێمە سەرچاوەی ژیانمان زۆرە و ئەگەر ببینە بەشێک لە ئەمریکا، ئەو سەرچاوانە کەمدەبنەوە و داهاتیشمان کەمتر دەبن."  
 
یاولا ساندکرین، دانیشتوویەکی دیکەی گرینلاندە و دەڵێت: "دۆناڵد ترەمپ، سوپای هەیە، سەرچاوەی خۆراکی هەیە و هەموو شتێکیان هەیە، ئەو بیر لە گرینلاند دەکاتەوە، ئێمەش پێویستمان بە هاوکاری هەیە، با چیدی دانیمارکی نەبین، ئێمە پێویستمان بە هاوکارییە." 
 
لە سەرەتای دەستبەکاربوونەوەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ چاوی بڕیوەتە ئەو دوورگەیەی سەر بە دانیمارک و رایگەیاندووە، بە هەر جۆرێک بێت گرینلاند دەکاتە بەشێک لە وڵاتەکەی.
 
بەگوێرەی نوێترین راپرسی لەنێو گرینلاندییەکان، 85٪یان لە دژی ئەوەن بچنە سەر ئەمریکا و تەنیا 6٪یان لەگەڵ ئەوەن ببنە بەشێک لە ئەمریکا. ئەمە جگە لەوەی 43٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە هەڕەشەکانی ترەمپ بە دەرفەتێک دەبینن دەستیان لە دانیمارکیش بەربێت و بۆ دواجار ببنە وڵاتێکی سەربەخۆ. 
 
گرینلاند، دوورگەیەکی ئۆتۆنۆمییە و بەشێکە لە خاکی دانیمارک، کەوتووەتە نێوان جەمسەری باکوور و دەریای ئەتڵانتیک. ژمارەی دانیشتووانەکەی 57 هەزار کەسە، سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکانی هەیە.
 
لەساڵی 2009 لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە، ئۆتۆنۆمیان پێدرا و هەروەها ئەو مافەشیان پێدرا لە داهاتوودا و لەرێگەی گشتپرسییەکەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
 
جونۆ بێرتیرلسن، ئەندامی پارتی نیشتمانی نالیکاری گرینلاند دەڵێت: "سەرنجی ئەمریکا، بێگومان دەرفەتێکی باشی داوینەتێ و پێگەی بە‌هێزکردووین لە پرۆسەی گەیشتن بە دەوڵەت، ئەم پێگە بەهێزەش خاڵێکە ئێمە دەتوانین سوودی لێوەرگرین لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ حکومەتی دانیمارک." 
 
ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی لە باکووری رۆژئاوای گرینلاند هەیە و کە بەپێگەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ سیستمی ئاگادارکردنەوەی مووشەکی بالیستی کە ئەو رێگەیە کورترین رێگەیە لە ئەورووپاوە بۆ باکووری ئەمریکا.
 
گرینلاند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە لە جەمسەری باکوور کە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیانی تێدا دەدەن. گرینلاند، گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا، لە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە نزیکترە وەک لە دانیمارک.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە