رووداو دیجیتاڵ
ئاوارە فەلەستینییەکان لە خێوەتگەی شاری دێر بەلح، لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە تووڕەن لە بیرۆکە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چۆڵکردنی غەززە.
سەمیحە زاهیر، ئاوارەی غەززەیە و دەڵێت: "ترەمپ دەتوانێت خەون بەوە ببینێت لێرە دەرمان بکات، نە ئەو و نە هیچ کەسی دیکە لەسەروو ئەوەوە، ناتوانێت ئەو کارەمان بەسەر بهێنێت."
ئەحمەد عەبدوڵڵا، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت: "بە ترەمپ دەڵێین یەک ئینج غەززە بەجێناهێڵین و خاکەکەمان نافرۆشین، سوورین لەسەر مانەوە لە نیشتمانمان، سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و نەهامەتییە."
رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند بیرۆکەی ئەو بۆ غەززە ئەوەیە، وڵاتانی ناوچەکە غەززەییەکان وەرگرن و ئەمریکا دەست بەسەر ئەو کەرتەدا بگرێت و بیکاتە ناوەندێکی نێودەوڵەتی بازرگانی.
ئەو بیرۆکەیەش شەپۆلی ناڕەزایەتی لە جیهانی عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوای بەدوای خۆیدا هێنا.
هەرچەندە پێشنیازەکەی ترەمپ بەگشتی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە، بەڵام دانیشتووانی تەلئەڤیڤی ئیسرائیل هێشتا دوودڵن لەو بیرۆکەیە.
نایم واینبێرگ، دانیشتووی شاری تەلئەڤیڤە و دەڵێت: "زۆر خەممە ئەم پێشنیازە حەماس و وڵاتانی عەرەبی زیاتر تووڕە بکات وەکو قەتەر و میسر کە لایەنی دانوستاندنکارن و ئەمەش ببێتە هۆی پاشگەزبوونەوەیان لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئازادکردنی 79 بارمتە لە غەززە."
ئیلیاو لیزۆرکین، دانیشتووی شاری تەلئەڤیڤ دەڵێت: "پلانەکەی بۆ غەززە لە بیرۆکەیەکی شێتانە دەچێت، بەڵام هەموو شتێک کە یەکەمجار ترەمپ دەیڵێت شێتانەیە، کەچی لە کۆتاییدا راست دەردەچێت."
بەهۆی جەنگە 15 مانگییەکەی غەززەوە، زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار لە دانیشتووی ئەو کەرتە، کە دەکاتە 83٪ دانیشتووانەکەی، ئاوارەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ