رووداو دیجیتاڵ
به‌رپرسێكی حیزبوڵڵا رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاند، تاوەکو ئیسرائیل بە تەواوی لە خاکی لوبنان نەکشێتەوە، بزووتنەوەکەی ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چەکدانان بکات.
تشرینی دووەمی پار، ئاگربه‌ست له نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا چووە واری جێبەجێکردنەوە و كۆتایی به زیاتر له ساڵێك له شەڕ و پێکدادانی نێوانیان هات کە به‌هۆی جه‌نگی غه‌ززه‌وه دەستی پێ‌کردبوو، له‌نێویاندا دوو مانگ لە جەنگی فراوان كه تێیدا ئیسرائیل زۆربەی سەرکردە باڵاکانی حیزبوڵڵای کوشت.
وه‌فیق سه‌فا، بەرپرسی دیاری حیزبوڵڵا بە میدیای لوبنانی راگەیاند: "بابەتەکە پەیوەندی بە چەکدانانەوە نییە. ئەوەی سه‌رۆك [جۆزێف عه‌ون] له گوتاری ده‌ستبه‌كاربوونیدا باسیكرد، ستراتیجییه‌كی به‌رگرییه."
وه‌فیق سه‌فا كه شاره‌زایان ده‌ڵێن سه‌ر به تووندترین باڵی بزووتنەوەکەیە، گوتی حیزبوڵڵا هه‌ڵوێستی خۆی به عه‌ون راگه‌یاندووه.
عەون رۆژی سێشه‌ممه رایگه‌یاند، هه‌وڵده‌دات "ساڵی 2025 بكاته ساڵی کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە".
وه‌فیق سه‌فا دەپرسێت: "ئایا شتێکی ژیرانە نابێت ئەگەر ئیسرائیل سەرەتا بكشێته‌وه، پاشان زیندانییه‌كان ئازاد بكات، پاشان ده‌ست له ده‌ستدرێژییه‌كانی هه‌ڵبگرێت و دواتر ئێمه باسی ستراتیجییه‌كی به‌رگری بكه‌ین؟"
بەرپرسەکە دەشڵێت: "ستراتیجیی به‌رگری بریتییه له بیركردنه‌وه له چۆنیه‌تیی پاراستنی لوبنان، نەوەک ئاماده‌كاری بۆ ئه‌وه‌ی حیزبوڵڵا ده‌ستبه‌رداری چه‌كه‌كانی بێت."
به‌پێی ئاگربه‌سته‌كه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م، ده‌بوو ئیسرائیل هه‌موو هێزه‌كانی له باشووری لوبنان بكشێنێته‌وه.
به‌ڵام، هێزه‌كانی ئیسرائیل له پێنج شوێنی باشووری لوبنان ماونه.
هه‌روه‌ها ئیسرائیل به‌رده‌وامه لە هێرشی ئاسمانی بۆ نێو قووڵایی لوبنان، کە دوایینیان ئەمڕۆ هەینی بوو.
به‌پێی ئاگربه‌سته‌كه، ده‌بوو حیزبوڵڵا چەکدارەکانی بۆ باكووری رووباری لیتانی لوبنان بكشێنێته‌وه و هیچ چەک یان ژێرخانێکی سەربازی لە باشووری لوبنان نەهێڵێت.
سوپای لوبنان له زۆربەی شوێنەکانی سەر سنوور جێگریکرا، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئیسرائیل كشانەوە.
حیزبوڵڵا ده‌ڵێت، ئاگربه‌سته‌كه جگە لە باشوور، شوێنەکانی دیکەی لوبنان ناگرێتەوە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری 1701ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داڕێژراوە؛ ئەو بڕیارەی داوای چه‌كداماڵینی هەموو گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان دەکات.
حیزبوڵڵا تاکە گرووپ بوو کە دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی نێوخۆی 15 ساڵه‌ی لوبنان لە ساڵی 1990، دەستبەرداری چەکەکەی نەبوو، بەڵکو گوتی ئه‌و چه‌كانه بۆ "به‌رخودان"ی دژی ئیسرائیلن.
مۆرگن ئۆرتاگوس، جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست، كه ئه‌م مانگه سه‌ردانی به‌یرووتی كرد، رایگه‌یاند، واشنتن به‌رده‌وامه له گوشارخستنە سه‌ر حكومه‌تی لوبنان "بۆ ئه‌وه‌ی به تەواوی کۆتایی بە گرژییەکان بێنێت، ئه‌وه‌ش چه‌كداماڵینی حیزبوڵڵا و هه‌موو میلیشیاكان ده‌گرێته‌وه".
سه‌فا رۆژی هه‌ینی گوتی، حیزبوڵڵا و سوپای لوبنان رێز له مه‌رجه‌كانی ئاگربه‌سته‌كه ده‌گرن.
گوتیشی: "كێشه‌كه ئیسرائیله كه تاوەکو ئێستا وای نەکردووە."
شه‌ممه‌ئ ئەم هەفتەیە سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له حیزبوڵڵاوه به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، بزووتنەوەکە نزیكه‌ی 190 لەو 265 پێگه‌یەی له باشووری رووباری لیتانی هەبوون، راده‌ستی سوپای لوبنان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ