رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ هەینی رایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانیان بۆ لانیکەم 74 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەوە بە خوێناویترین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان دادەنرێت.
15 مانگە، ئەمریکا دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکەی ئێران لە یەمەن کردووە.
سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکانی بۆ سەر بەندەری رەئس عیسا لە پارێزگەی حودەیدە کە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی، لەنێوبردنی سەرچاوەی دارایی حووسییەکانە.
ئەمڕۆ مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەنگاوی یەکلاییکەرەوە دەگرێتەبەر و ئەو سەرچاوە داراییانەی کە حووسییەکان بۆ پارەدارکردنی تیرۆر دژی کەشتییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان بەکاری دێنن، لەنێودەبات."
لە ئەنجامی هێرشەکان، بەشێکی زۆری بەندەرەکە گڕی گرت.
ئهنیس سەبحی، گوتهبێژی وهزارهتی تهندروستیی حوسییهكان رایگهیاند، تیمە فریاگوزارەکان هێشتا لە بەندەرەکە بە دوای بەرکەوتووانی هێرشەکەدا دهگهڕێن.
گوتیشی: "ئاماری سەرەتایی ئەوانەی شەهیدبوون بهرزبووهتهوه بۆ 74 کەس و 171 کەسی دیکەش برینداربوون."
ئەمڕۆ لە سەرانسەری شارەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان، بە درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا! مەرگ بۆ ئیسرائیل!" خۆپێشاندان لە دژی هێرشەکان کرا.
یهحیا سەريع، گوتهبێژی سهربازیی حوسییەکان لە نێو خۆپێشاندەراندا لە له سهنعا گوتی: "جووڵاندنی هێزی سهربازیی ئهمریكا و بهردهوامبوونی دهستدرێژی بۆ سهر وڵاتهكهمان تەنیا دهبێته هۆی زیاتربوونی هێرش و ئۆپهراسیۆنی دژبەر، پێكدادان و رووبهڕووبوونهوه."
ئاماژهیهك بۆ تاران
هێرشەکان لە کاتێکدان کە بڕیارە رۆژی شهممه، ئەمریکا و ئێران له رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکەن.
ئەمریکا نیگەرانە لەوەی ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک بێت.
محهممەد باشا، شرۆڤەکاری دانیشتووی ئەمریکا، دەڵێت: "هەنگاوە سەربازییەکان لە یەمەن، ئاماژەیەکی روون بۆ ئێران دەنێرن."
سوپای ئهمریكا مانگی رابردوو بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە هێرشی کردووەتە سەر حووسییەکان. واشنتن دەڵێت، ئامانج لەو گورزە سەربازییانە، پەکخستنی توانای حووسییەکانە بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عومان.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023، حووسییەکان بە گوتەی خۆیان، وەک هاوسۆزییەک بۆ فەلەستین، لە رێگەی مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، دەستیان بە هێرشەکانیان کرد.
له ماوەی ئاگربەستێکی ئەم دواییانەدا کە دوو مانگ بەردەوام بوو، حووسییەکان هێرشهكانیان وهستاندن.
له راگەیێندراوێکدا، فهرماندهیی ناوهندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: "هێزهكانی ئەمریکا رێکاریان گرتەبەر بۆ لەنێوبردنی سەرچاوەی سووتەمەنیی حووسییە تیرۆریستەکانی لایەنگری ئێران و بێبەشکردنیان لە داهاتی نایاسایی کە هەوڵی حووسیەکانی بۆ تۆقاندنی تەواوی ناوچەکە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، پارەدار کردووە."
هێرشهكانی ئەمریکا سەرەتا له كانوونی دووهمی 2024 دەستیانپێکرد، بهڵام لهژێر سهرۆكایهتی ترهمپدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادکراون.
یەکەمین هێرش لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ، لە 15 ئادار کرایە سەر حووسییەکان کە بووه هۆی كوژرانی 53 كهس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ