رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئۆریبرۆی نێوەڕاستی سوێد، خەڵک بە گوڵ و مۆم رێزیان لە قوربانییانی هێرشەکەی ئەم هەفتەیە گرت کە بەهۆیەوە 11 کەس کوژران.
ئەوە بە خوێناوترین رووداوی تەقەکردن لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت.
لارس ڤێرن، بەرپرسی پۆلیسی ئۆبیبرۆ دەڵێت، "هێزەکانی پۆلیس هەر زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئەفسەرەکان دیمەنی شوێنەکەیان وەکو دۆزەخ وەسفکرد کە مەرگ و تەرم و هاواری بریندارەکان تێکەڵ بە دووکەڵ و بۆنی بارووت ببوو."
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لەو هێرشەدا کە رۆژی سێشەممە روویدا، جگە لە گیانلەدەستدانی 10 کەس، 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
بێجگە لە سوێدی، خەڵکی وڵاتانی دیکەش لەنێو قوربانییەکان بوون. باڵیۆزخانەی سووریا لە ستۆکهۆڵم رایگەیاندووە ژمارەیەک لەوانەی بوونەتە قوربانی سووریایین.
میدیای سوێدی ناسنامەی هێرشکارەکە بڵاوكردەوە کە کەسێکی سپیپێستی سوێدییە بەناوی ریکارد ئاندەرسن و تەمەنی 35 ساڵە، پێشتر خوێندکاری ئەو قوتابخانەیە بووە کە هێرشی کردووەتەسەر.
میدیای سوێدی تەقەکەرەکەی بە کەسێکی تەنیا و دوورەپەرێز ناساندووە کە حەزی بە تێکەڵبوون نییە و کێشەی دەروونیشی هەبووە.
بەگوێرەی ڤیدیۆی نوێی رووداوەکە، ئاندەرسن لەکاتی هێرشەکە و تەقەکردندا هاوار دەکات و دەڵێت، "دەبێت ئێوە لە ئەورووپا نەمێنن." ئێستا پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە راستی و دروستیی ڤیدیۆکە.
شا کارل گوستاڤی شانزهیەم، شای سوێد رایگەیاند، "هەموو سوێد تووشی شۆک بووە بەهۆی ئەو کارەساتەی روویدا. ئێستاش دەبێت بگەینە هۆکاری راستەقینەی ئەو رووداوە، تاوەکو بتوانین بڕوانینە داهاتوو و ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە بوونە هۆی دروستبوونی ئەو رووداوە."
پۆلیس رایگەیاندووە، تەقەکارەکە چوار تفەنگی لە بۆکسی گیتاردا شاردووەتەوە و دواتر چووەتە نێو توالێتی قوتابخانەکە، لەوێ جلوبەرگەکانی گۆڕیوە و جلوبەرگی سەربازیی پۆشیوە، دواتر هێرشەکەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ