رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی ناسراوی سوێد لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا، لەدوای سەردانی بۆ باکووری کوردستان، پشتگریی لە پرسی کورد دەکات و رایدەگەیێنێت، دەبێت مافەکانی کورد لە تورکیا لە دەستووری ئەو وڵاتەدا بچەسپێت. داواش دەکات، هێرشەکانی دژ بە کورد لە تورکیا کۆتاییان بێت.
گرێتا تونبێرگ، هەفتەی رابردوو سەردانی باکووری کوردستانی کرد و دواتریش لە پۆستێکدا لە پێگە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی گەشتەکەی کرد و رایگەیاند: "لەمدواییەدا گەشتم بۆ باکووری کوردستان کرد و چاوم بە ژمارەیەکی زۆر کورد کەوت کە سەرجەمیان لە ناوچەی جیاواز بوون. ئەوان چەندین چیرۆکیان هەیە لەبارەی ئەو ستەم و سەرکوتکارییە سیستماتیکییەی ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هەروەها مێژووییەکی پڕ لە کۆمەڵکوژی."
ئەو چالاکڤانە سوێدییە کە تەمەنی تەنیا 21 ساڵە، لەبارەی لەنێوبردنی سروشتی ناوچەکانی باکووری کوردستان دەڵێ: "تێکدان و قۆستنەوەی سرووشتەکەی، هەروەکو بڕینەوەی دارستانەکان بەشێوەیەکی نایاسایی، لەنێوبردنی ناوچەی سەوزایی بۆ کۆمپاینای کانزاکاری و ئاگرکەوتنەوە، بەشێکن لەو رێگەیانەی بەکاردەهێنرێت لە هێرشە بەردەوامەکان لەدژی کورد. ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە و سرووشتەکەشی لەگەڵ ئاوارەبوون."
ئاماژە بەوە دەکات: "لەنێوبردنی کولتوور و ناسنامە، تووندوتیژیی لە رێگەی دەوڵەتەوە، زیندانی سیاسی، دەربەدەرکردن و بێسەروشوێنکردن، تەنیا چەند نموونەیەکە لەو تووندوتیژییانەی رووبەڕووی خەڵکی ناوچەکە بەشێوەیەکی رۆژانە دەبێتەوە، ئەمە جگە لە بێبەشکردنیان لە مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی."
گرێتا کە لەرابردوودا پاڵێورابووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ. لە گەشتەکەیدا سەردانی شاری ئامەدی کردووە و بە تووندی رەخنە لە سیاسەتەکانی تورکیا لەپرسی ژینگە گرت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکان و نووسیوویەتی: "بۆ بونیاتنانی پردێکی راستەقینە و هاودەنگی لە تورکیا، ئۆتۆنۆمی و حوکمی زاتی بۆ ناوچە کوردییەکان گرنگن. گەلی کورد شیاوی ئەوەن داهاتووی خۆیان لەبارەی ژیان و گوزەران، کولتوور و ناوچەکانیان دیاری بکەن."
دوای بڵاوبوونەوەی پۆستەکەی، زۆر لە میدیای تورکیا، رەخنەیان لە گرێتا گرت و بە پشتگیریکردنی پەکەکە تۆمەتباریان کرد.
بەڵام ئەو لەدرێژەی نووسینەکەیدا دەڵێ: "دەبێت تورکیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کورد و کەمینەکانی دیکە روون بکاتەوە، لەرێگە چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووردا. حکومەت بەردەوامە لەوەی "تیرۆریزم" بەکاربهێنیت وەکو ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی رکابەرە سیاسییەکانی. بە دەیان هەزار کەسی سیاسیی لەنێو زیندانن بەبێ ئەوەی دادگەییکردنێکی دادپەروەرانە بکرێن."
دەشڵێت: "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو؛ دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەرکۆنەی ئەو کارەیان کردووە و داوای ئازادکردنی کردوون."
گرێتا تونبێرگ، نووسیویەتی "بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و داهاتوویەکی دادپەروەرانە، دەبێت رێز لە مافەکانی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئۆتۆنۆمی بگیرێت و، دەشبێت هێرشەکانی دژی کورد کۆتاییان پێ بێت. کەس ئازاد نییە تاوەکو هەمووان ئازاد دەبن. بژی کوردستان."
گرێتا تونبێرگ، بەیەکێک لە چالاکڤانە ناسراوەکانی بواری گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێت و هەمیشە بەشداری چالاکی و خۆپێشاندانەکانی چالاکڤانان لەسەرانسەری جیهان دەکات و پێیوایە جیهان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە کە گۆڕانی کەشوهەوایە.
ئەو بەردەوام رەخنە لە وڵاتان و سەرکردەکانی جیهان دەگرێت بەوەی هەنگاوی جیدیان نەناوە بۆ پاراستنی جیهان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
لەساڵی 2018، گرێتا، "بزووتنەوەی نەچوون بۆ قوتابخانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا" دروستکرد، کاتێک بڕیاریدا هەموو رۆژانی هەینییەک، نەچێتە قوتابخانە و لەجیاتی ئەوە بچیتە بەردەم پەرلەمانی سوێد و داوای کرد حکومەتی وڵاتەکەی هەنگاوی جیدی بنێت لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو هەڵوێستەی گرێتاش بە ملیۆنان خوێندکاری لە جیهاندا جووڵاند هەمان هەڵوێستیان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ