بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی جیهان، سەرکردەکان ئومێدیان لەسەر ترەمپ هەڵچنیوە

06-11-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان، هەرزوو پەیامی پیرۆزباییان ئاراستە کرد و رایانگەیاند چاویان لەوەیە چوار ساڵی داهاتوو، لەنزیکەوە کاری لەگەڵ دا بکەن لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی جیهان.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2024) بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆمارییەکان، بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 77 ملیۆن دەنگ کە دەکاتە لەسەدا 51ـی دەنگەکان، بۆ جاری دووەم بووەوە سەرۆکی ئەمریکا، ئەمە جگە لەوەی دەنگی پێنج ویلایەت هێشتا ماوە یەکلاببێتەوە، بەڵام ترەمپ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی مسۆگەر کردووە.
 
لەدوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بەسەر کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان، سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان پیرۆزباییان لە ترەمپ کرد و ئامادەیی خۆیان نیشان دا کار لەگەڵ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دا بکەن.
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ دەرچوونی ترەمپ، رایگەیاند "چاوم لەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ چەندین ساڵی دیکە و هەروەکو دوو هاوپەیمانی نزیک، پێکەوە شان بە شانی یەکتر دەوەستین لەسەر بنەما هاوبەشەکانمان وەکو ئازادی، دیموکراسی و دەستپێشخەری." 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە ئێکس لەبارەی سەرکەوتنی ترەمپەوە نووسیوویەتی "پیرۆزبایی لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم، ئامادەم پێکەوە کار بکەین، هەروەکو  پێشتر کردمان، لەگەڵ بڕوابەخۆبوونی تۆ و من لەگەڵ رێز و ئامانجەکانت، لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەزانی." 
 
هەرچی مارک رووتە، سکرتێری گشتیی نوێی هاوپەیمانی ناتۆیە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند، "سەرکردایەتیی ئەو، کلیل دەبێت بۆ هێشتنەوەی هاوپەیمانیێتییەکەمان وەکو هاوپەیمانیێتییەکی بەهێز، چاوم لەوەیە پێکەوە کار بۆ پێشخستنی ئاشتی بکەین." 
 
کاردانەوەکانی سەرکەوتنەکەی ترەمپ بەردەوام بوو، ڤۆڵۆدمێیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە ئێکس پەیامێکی بەبۆنەی سەرکەوتنی ترەمپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ستایشی پابەندبوونی سەرۆک ترەمپ دەکەین لەپێناو بەدەستهێنانی ئاشتی بۆ پرسە جیهانییەکان، ئەمەش ئەو پرەنسیپەیە کە ئۆکراینا لە ئاشتی نزیک دەکاتەوە." 
 
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەش لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام، رایگەیاند "ترەمپ خەسڵەتێکی گونجاوی بۆ ئێمە هەیە، ئەو وەکو بازرگان، دژی خەرجکردنی پارەیە بۆ کەسان و هاوپەیمانیی گەمژە." 
 
بنیامین نەتنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەر زوو خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بردنەوەی بەربژێری کۆمارییەکان راگەیاند و لە ئێکس نووسی "گەڕانەوە مێژووییەکەت بۆ کۆشکی سپی، دەرفەتی دەستپێکێکی نوێیە بۆ ئەمریکا و پابەندبوونە پتەوەکەی بۆ ئەو هاوپەیمانیێتییە گەورەیەی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هاوڕێیەکی راستەقینە." 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند "لەم سەردەمە نوێیەدا، هیوادارم پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا پتەو بن لەپێناو چارەسەرکردنی قەیران و جەنگەکانی ناوچەکە و جیهانیش، بەتایبەتی لە پرسی فەلەستین و جەنگی رووسیا و ئۆکراینا." 
 
هەروەها ناریندا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، لە پەیامێکدا لە ئێکس، رایگەیاند "لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە هاوڕێکەم دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنە مێژووییەکەی، هەروەها بۆ بونیاتنانی زیاتر لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتیت، چاوم لەوەیە، هاوئاهەنگییەکانمان نوێ بکەینەوە و پەیوەندییەکانی هیندستان و ئەمریکا پتەوتر بکەین." 
 
شا سەلمان، شای سعودیە و محەمەمد بن سەلمان، جێنیشینی سعودیە، لە دوو پەیامی جیاوازدا پیرۆزباییان لە ترەمپ کرد و ستایشی "پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان سعودیە و ئەمریکایان کرد"، کە هەردوولا لە هەوڵدان بۆ پتەوکردنی.
 
شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، لە پەیامێکدا رایگەیاند چاوم لەوەیە پێکەوە جارێکی دیکە کار بکەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی ئوردن و ئەمریکا لەپێناو خزمەتکردنی ناوچەکە و ئاشتیی نێودەوڵەتی." 
 
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، لە کۆی 538 نوێنەر، 277 نوێنەری بردەوە و بەسەر کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان سەرکەوت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆ بایدن و هەنتەر بایدنی کوڕی لە مانگی نۆڤێمبەری ئەم ساڵ. وێنە: AFP

بایدن بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کوڕەکەی دەردەکات پێش ئەوەی دادگە سزای بدات

ئەم ساڵ دادگە هەنتەر بایدنی بە تاوانبار ناساند لە بەرامبەر ئەوەی زانیاریی ناڕاستی داوە لەبارەی بەکاربردنی مادەی هۆشبەر لە کاتی کڕینی چەکدا، کە لە ئەمریکا ئەوە بە تاوانێکی گەورە هەژمار دەکرێت. هەروەها دانی بە تاوانێکی دیکەی خۆدزینەوە لە باجدا نا.