ترەمپ بۆ حەماس: بەگوێم نەکەن دۆزەختان پێشان دەدەم

06-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەیەکی تووند لە بزووتنەوەی حەماس دەکات و دەڵێت، ئەگەر سەرجەم بارمتەکان بەزووترین کات ئازاد نەکەن، هەموویان لەنێو دەبات و "پێویستیشە" ئەو بزووتنەوەیە کەرتەکە بەجێبهێڵن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 06ی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (سۆشاڵ تروس)، پەیامێکی ئاراستەی سەرکردایەتیی حەماس و خەڵکی غەززە کردووە و داوایان لێدەکات غەززە بەجێبهێڵن و بارمتەکانیش ئازاد بکەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە لە پۆستەکەیدا نووسیوویەتی، "شەلۆم حەماس، بەواتای سڵاو و ماڵئاوا دێت، ئێوە دەتوانن بڕیار بدەن. هەرئێستا سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەن، نەک دواتر، راستەوخۆش سەرجەم تەرمی بارمتەکان رادەست بکەنەوە کە ئێوە کوشتانن، یانیش کۆتاییتانە. تەنیا خەڵکی نەخۆش و ناتەواو تەرم لای خۆی دەهێڵێتەوە و ئێوەش نەخۆش و ناتەواون."
 
لەدرێژەی پۆستەکەیدا، ترەمپ نووسیوویەتی، "من هەموو شت بۆ ئیسرائیل دەنێرم کە پێویستی پێیەتی بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەی. یەک ئەندامی حەماسیش سەلامەت نابێت، ئەگەر ئەوە نەکەن کە دەیڵێم. کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ یەکێک لەو بارمتانە بووم کە لای ئێوە بوو، و ژیانتان تێکدا، ئەمە دوا هۆشدارییە! بۆ سەرکردایەتییەکەتان، ئێستا کاتی ئەوەیە غەززە بەجێبهێڵن تاوەکو ئەو دەرفەتەتان لەپێشە، هەروەها بۆ خەڵکی غەززە؛ داهاتوویەکی جوان چاوەڕێتان دەکات، بەڵام ئەگەر بارمتەکانتان لا نەمێنێتەوە. ئەگەر وا نەکەن، ئێوە مردوون. بڕیارێکی زیرەکانە بدەن، هەرئێستا بارمتەکان ئازاد بکەن، ئەگینا دواتر دۆزەختان پێ پێشان دەدەم." 
 
ئەم هۆشدارییەی سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، 05ی ئاداری 2025، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کردووە و باسی رادەستکردنی بارمتە ئەمریکییەکانیان کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا حەماسی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لەدوای ئەو لێدوانەی کۆشکی سپیش، حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ حەماس بکات، راوێژیان پێکردوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە