رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکی نوێدا هێرشی تووند دەکاتە سەر رووسیا و دەڵێت، نابێت داهاتووی ئەورووپا و ئاسایشەکەی، لە مۆسکۆ و واشنتن دیاریی بکرێت. ئەمەش رەخنەیەکی ناڕاستەوخۆیە لە گفتوگۆ دوو قۆڵییەکەی ئەمریکا و رووسیا لەبارەی کۆتاییهێنانی جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا.
رۆژی چوار شەممە، 05ی ئاداری 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا، باسی هەڕەشەکانی سەر وڵاتانی ئەورووپای کرد و داوای هاوکاریی درێژخایەنی بۆ ئۆکراینا کرد، کە رەنگە یەکێک لە هاوکارییەکان بریتی بێت "لەناردنی هێزی ئەورووپی بۆ ئۆکراینا"، ئەمەش وەکو رێکارێک بۆ راگرتنی "ئاگربەستێکی ناسک."
چەند کاژێرێک لەدوای بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ راگرتنی هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگریی لەگەڵ ئۆکراینا، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "دەمەوێت ئەو بڕوایە بەخۆم بهێنم، کە ئەمریکا لەگەڵمان دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە ئامادەبین، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت."
سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی، "هەر شتێک رووبدات، دەبێت ئێمە خۆمان پڕچەک بکەین. ئێمە پابەندی ناتۆین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرنجمان لەسەر سەربەخۆیی و ئاسایش و بەرگریی خۆمان بێت. فەرەنسا هەنگاوی یەکلاکەرەوانە لە لووتکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەورووپا دەگرێتەبەر."
هەروەها ماکرۆن، رایگەیاند، ئەگەر ئەورووپا تەنیا وەکو تەماشاکار لەم "ململانێ جیهانییەدا"، بمێنێتەوە، "گەمژەییە،" ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتانی ئەورووپا لەو لووتکەی سبەی، رایدەگەیێنن خەرجییەکانیان لە بواری بەرگریدا زیاد دەکەن.
ماکرۆن باسی لەوەش کرد کە لە پلانیدایە هەفتەی داهاتوو سەرجەم، سوپاسالارەکانی وڵاتانی ئەورووپا لە پاریس کۆبکاتەوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئاسایشی ئەورووپا و پاراستنی ئۆکراینا لە داهاتوو دا.
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری دا لە بەهێزبوونەوەی رووسیا و گوتی: "رووسیا بەردەوامە لە پڕچەککردنی سوپاکەی و زیاتر لە 40٪ی بودجەکەی بۆ ئەو مەبەستەیە. تاوەکو ساڵی 2030، رووسیا لە پلانیدایە 300 هەزار سەربازی دیکە بۆ سوپاکەی زیاد بکات، لەگەڵ سێ هەزار فرۆکەی جەنگی، کێ هەیە بڕوا بکات کە رووسیا لە ئۆکراینا دەوەستێت؟ رووسیا لە داهاتوودا هەڕەشەیە بۆ سەر فەرەنسا و تەواوی ئەورووپاش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ