رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە کوشتنی مێرمنداڵێک لەلایەن پۆلیسی فەرەنسا، خەڵکی وڵاتەکەی هێناوەتە سەر شەقام و ناڕەزایەتییەکی فراوانی لەنێو وڵاتەکەدا لێکەوتووەتەوە، سەرەڕای تووڕەیی شەقامی فەرەنسی، بکوژی مێرمنداڵەکە، لەلایەن بەشێکی خەڵکەوە پشتگیری دەکرێت و تائێستا یەک ملیۆن یۆرۆی بۆ کۆکراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردەوە وێبسایتێک بۆ پشتگیریکردنی بکوژی مێرمنداڵەکەی فەرەنسا دانراوە، تائێستا یەک ملیۆن یۆرۆ لەلایەن 40 هەزار کەسەوە بۆ بکوژەکە کۆکراوەتەوە.
وێبسایتی GoFundMe بەگوتەی میدیای فەرەنسا، لەلایەن راوێژکارێکی پێشووی مارین لوپێن، سیاسەتمەداری راستڕەوی فەرەنسا، دروستکراوە و ئامانج لێی پشتگیریکردنی بکوژەکەیە.
داپیرەی نائیل، مێرمنداڵە کوژراوەکە، بە میدیای فەرەنسای رایگەیاندووە "راگەیاندنی کەمپەینی پارەکۆکردنەوە بۆ بکوژەکە، دڵم ئازار دەدات".
کەمپەینەکە ناڕەزایەتیی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکانی فەرەنسای لێکەوتووەتەوە، ئێرێک بۆسۆرێل، ئەندامی پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە تووتێکدا، رایگەیاند "کەمپەینەکە فووکردنە لە ئاگر و هەڵسوڕێنەری ئاژاوەگێڕییە؛ کۆکرنەوەی پارە بۆ ئەفسەرەکە، ناشایستە و ئابڕووبەرانەیە".
ئۆلیڤیێ فۆغ، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا، وێبسایتەکەی بە "شەرمەزارکەر" ناوبرد و داوایکرد، هەرچی زووە دابخرێت.
داڤید شیرۆد، کە بە سیاسەتمەدارێکی چەپڕەو ناسراوە، بە تووندی رەخنەی لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ بکوژەکە گرت و گوتی "پەیامی ئەو وێبساتەیە ئەوەیە؛ عەرەبێک بکوژە و ببە بە ملیۆنێر".
نزیکەی هەفتەیەکە شەوانە تووندوتیژی و تاڵان بەشێک لە شارەکانی فەرەنسای گرتووەتەوە، ئەوەش دوای کوژرانی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیری بە ناوی نائیل لەلایەن پۆلیسەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، کە بووەتە هۆی نوێبوونەوەی تۆمەتی نەژادپەرستی و جیاکاری دژی هێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا.
نادیە، داپیرەی نائیل، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرەنسا، دوای ئەوەی کە داوای لە خۆپێشاندەران کرد کۆتایی بە تاڵانی و تووندوتیژی بێنن و کوشتنی نەوەکەی نەکەنە "پاساوێک" بۆ پشێوی نانەوە، لە بارەی پۆلیسە بکوژەکەوە گوتی "پێویستە ئەم پیاوە وەک هەر کەسێکی دیکە باجی خۆی بدات. ئەوانەی پشێوی دەنێنەوە و هێرشدەکەنە سەر پۆلیسیش، پێویستە سزابدرێن. من بڕوام بە دادپەروەری هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ