رووداو دیجیتاڵ
پزیشکی تایبەتی کۆشکی سپی لەبارەی تەندروستیی سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تەندروستی زۆرباشە و توانیویەتی بەرزیی چەوریی خوێنی (کۆلیستڕۆڵ)، بەباشی کۆنترۆڵ بکات، ئەمە لەدوای ئەوەی رۆژی هەینی سەرۆکی ئەمریکا پشکنینی گشتی بۆ کرابوو.
رۆژی یەکشەممە، شۆن باربێلا، پزیشکی تایبەتی کۆشکی سپی، راپۆرتی نوێترین پشکنینی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوپێش ترەمپ پشکنینی گشتی کردبوو.
راپۆرتەکە، وردەکاری تەواوی لەسەر تەندروستی ترەمپی تەمەن 78 ساڵ تێدایە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە "سەرۆک ترەمپ هۆشیارییەکی زۆرباشی تەندروستی و جەستەیی هەیە و بە تەواوی شیاوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەکو فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دەوڵەت."
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ترەمپ پێشینەی بەرزی کۆلیستڕۆڵی "بە باشی کۆنترۆڵکردووە" و دوو دەرمان بۆ چارەسەرکردنی بەکاردەهێنێت لەگەڵ بەکارهێنانی کرێمی مۆمیتاسۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی حاڵەتێکی کە دەبێتە هۆی سووربوونەوەی دەموچاو، لەگەڵ بەکارهێنانی حەبی ئەسپرین.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ترەمپ پەڵە لەسەر گوێی راستی هەیە، کە لە ئەنجامی برینەکەی ساڵی رابردووی بوو، کاتێک کەسێک لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا تەقەی لێکرد و برینداری کرد، بەڵام پزیشکەکەی کۆشکی سپی دەڵێت "ئاستی بیستنی ئاساییە."
ترەمپ رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پشکنینی هۆشیاریی کردووە، چونکە دەیەوێت "کەمێک جیاواز بێت" لە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆ بایدنی تەمەنی 82 ساڵە و بەگوێرەی راپۆرتەکەی پزیشکی تایبەتی کۆشکی سپی؛ ترەمپ لە پشکنینەکەدا 30 لەسەر 30ی نمرەی بەدەستهێناوە.
لە کۆتایی راپۆرتی پزیشکەکەیدا هاتووە؛ چالاکیی رۆژانەی ترەمپ وایکردووە، سەرۆکی ئەمریکا لە دۆخێکی باشی تەندروستیدا بێت بەتایبەتی ئەنجامدانی "کۆبوونەوەی رۆژانە و ئیڤێنت و هەروەها بەردەوامبوونیشی لە یاریی گۆڵف."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ