رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، سەربازێکی دیکەی سوپای فەرەنسا کە بە بۆ مەشق و راهێنانی سەربازانی عێراقی لەوێ بووە، گیانی لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە 21ـی ئابی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن. سەرۆکی فەرەنسا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی یەکێک لە سەربازەکانیان کە بە ئەرکی فەرمی لە عێراق بووە و مەشقی بە هێزەکانی عێراق کردووە، گیانی لەدەستداوە.
ماکرۆن دەڵێت "چەند رۆژێک دوای (گیانلەدەستدانی) باپتیست گۆشۆت، ئەفسەر نیکۆلا لاتۆرت لەکاتی بەجێهێنانی ئۆپەراسیۆنێکدا گیانی لەدەستدا."
هەر لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە فەرەنسییە، سێباستیان لوکۆرنۆ، وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، سەربازەکەیان گیانی لەدەستداوە و ئاشکراشی کردووە، ئەو سەربازە لە عێراق مەشقی بە هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە "بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەیان لە دژی تیرۆر"، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی گیانلەدەستدانی سەربازەکە نەداوە.
گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە فەرەنسییە، لە دوای ئەوەی دێت کە رۆژی هەینی 18ـی ئاب، سەربازێکی فەرەنسا لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەرێمی کوردستان برینداربوو و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەک لە هەولێر، گیانی لەدەستدا.
هەمان شەو، ماکرۆن، بڵاویکردەوە کە سەربازێکی فەرەنسی لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لەگەڵ هێزەکانی عێراق تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و گیانی لەدەستداوە. سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "بە پەژارەیەکی قووڵەوە مردنی باپتیست گۆشۆت لە عێراق بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە پێ راگەیاندم".
وەزارەتی بەرگریی فەرەنساش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەربازەکە ناوی باپتیست گۆشۆت بووە و بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆنترۆڵ دەرچووە بە سەختی بریندار بووە. دواتر گەیێندراوەتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر و دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق بووە.
فەرەنسا 600 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە کە ئەرکی سەرەکییان مەشق و راهێنانە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی، تائێستا مەشقیان بە 10 هەزار پێشمەرگە و سەربازی عێراقی کردووە، لەدوای تێکشکاندنی داعشیش، پاریس 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ