رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان دەڵێت، سووتاندنی قورئانی پیرۆز توڕە و پەستی کردووە؛ دەشڵێت، سەرکۆنەی مۆڵەتدان بەو کارە و هەژمارکردنی وەک ئازادیی رادەربڕین دەکات.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئیماراتی کە ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-7-2023) بڵاوکراوەتەوە، پاپا فرانسیس دەڵێت، "هەر پەرتووکێک بە پیرۆز دابنرێت، پێویستە رێز لە پەرتووکەکە و بڕوادارانیشی بگیرێت"، دەشڵێت، ئەو جۆرە کارەی کە کرا "توڕە و پەستم دەکەن".
رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان ئاماژە بەوە دەکات "هەرگیز نابێت ئازادیی رادەربڕین، بکرێتە ئامرازێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک. مۆڵەتدان بەو کارە، شتێکی قبووڵنەکراو و سەرکۆنەکراوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، پەناخوازێکی عێراقیی تەمەن 37 ساڵ بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پۆلیسی سوێد.
سەلوان بە رەچەڵەک عێراقییە و پێشتر بڕواداری ئایینیی کریستیان بووە و لە ماوەی شەڕی دژی داعشیش، ئەندامی هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی بووە، بەڵام ئێستا کە ماوەی چەند ساڵێکە لە سوێد دەژیت، خۆی بە بێباوەڕ دەناسێنێت.
رۆژی 1ـی تەممووز، باڵیۆزخانەی ڤاتیکانیش لە عێراق سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد و رایگەیاند، ئەو کارە "بێڕێزیکردنە بە بەهاکانی ئایینی کریستیان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی مرۆڤایەتی".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "باڵیۆزخانەی ڤاتیکان لە عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارە قێزەون و بێشەرمانە دەکات، کە ئەمدواییە لە ستۆکهۆڵم کرا و هەستی موسڵمانانی عێراق و دەرەوەی بریندارکرد".
"رێوشوێنی پێکەوەیی"
سووتاندنی قورئانی پیرۆز، کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی قوربان و کۆتایی وەرزی حەج، لە سەرانسەری وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکان ناڕەزایی تووندی لێکەوتەوە، بەتایبەتی دژی سوێد کە مۆڵەتی بە پەناخوازەکە دابوو ئەو کارە بکات.
ئەمڕۆ میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوەکە؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە باڵیۆزی سوێدی بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی پێ بگەیێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داوای لە باڵیۆزەکە کردووە، دەبێت سوێد "هەموو ئەو کارانە بووەستێنێت کە پێچەوانەی هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی یەکتر قبووڵکردن، میانڕۆیی و رەتکردنەوەی تووندڕۆیین و زیان بە رێزگرتنی هاوبەش و پەیوەندیی نێوان گەلان و وڵاتان دەگەیێنن".
رۆژی یەکشەممە، لە کۆبوونەوەیەکی کەموێنەدا، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە 57 وڵات پێکدێت داوای کرد رێوشوێنی پێکەوەیی بگیرێتەبەر بۆئەوەی رێگری لە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز بکرێت و رایگەیاند، پێویستە یاسای نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی بڵاوکردنەوەی رقوکینەی دژی ئایینەکان، بەکاربهێنرێت.
هەر هەمان رۆژ، ئێران رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە ناردنی باڵیۆزە نوێیەکەی بۆ سوێد دوادەخات.
لە عێراق دوو رۆژ لەسەریەک، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانیان لەنزیک باڵیۆزخانەی سوێد کرد و داوایان کرد باڵیۆزی ئەو وڵاتە دەربکرێت و باڵیۆزخانەکەیشی دابخرێت.
حکومەتی عێراق داوای لە سوێد کردووە مۆمیکا رادەستبکاتەوە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت، لەکاتێکدا داواکراوەکە هەڕەشە دەکات، هەموو هەفتەیەک کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق دەسووتێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێدی لە عێراق بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی ناڕەزایی حکومەت بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆزی پێی بگەیێنێت.
هاوکات لە پاڵ وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکانی وەکو تورکیا، سعودیە، قەتەر، ئیمارات، فەلەستین، سووریا، یەمەن، کوێت، ئوردن، میسر، ئێران و مەغریب؛ هەریەکە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و ئاژانسی هاوپەیمانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شارستانییەتەکان (UNAOC) سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیان کردووە.
ئۆڵف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رۆژی هەینی لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزەوە گوتی، "ئەوە پرسێکی ئەمنیی جیدییە. هیچ پاساوێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵکی دیکە نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ